رۆژی چوارشەممە 2021-03-11 جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی گرنگی خزمەتگوزاری لە پارێزگای #هەڵەبجە# جێبەجێ دەکرێن کە بەشێکیان پەیوەندییان بە پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە هەیە و پێشتر پەسندکراون.
پرۆژەکانیش بەم شێوەیەن:
- دروستکردنی پردی تووەقوت کە پرۆژەیەکی ستراتیجییە و #گەرمیان# و هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
- 15 پرۆژەی خزمەتگوزاریی قیر و گەیاندنی ئاو لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە.
- نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانە.
- گەیاندنی کارەبا و دانانی بگۆڕ [محاویلە] بۆ 9 شوێنی جیاواز لە سەنتەری شاری هەڵەبجە.
- نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان.
- تەواوکردنی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی هەڵەبجە.
پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە کە برینی هەڵەبجە بە دوو-سێ پرۆژە و بە ملیاران دۆلار ساڕێژ نابێت، بەڵام لەم دۆخە ئابوورییە ناجێگیرەدا هەنگاوێکی زۆرباشە و جێی دەستخۆشییە و هیوادارین بەردەوام بێت.
هەڵەبجە ساڵی 1889 بووەتە قەزا و ڕۆژی 13-03-2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایە پارێزگا.
ئازاد تۆفیق گوتیشی: هەڵەبجە کە لە قەزاوە بووەتە پارێزگا، هەر هەمان میلاکی هەیە. دەبێت حکومەت میلاکی زیاد بکات و خەڵکی بۆ دابمەزرێنێت و زۆر شتی دیکەیشی بۆ بکات. هیوادارین حکومەت 500 کەسمان بۆ بکاتە میلاک بۆ ئەوەی بتوانین لە بوارەکانی شارەوانی، زانکۆ، تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و شەهیداندا ئەو میلاکانەی کەمن پڕیان بکەینەوە. قەزایەک نابێتە پارێزگا ئەگەر میلاکی نوێی بۆ نەهێنیت و فەرمانبەری نوێی بۆ دانەمەزرێنیت.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە 2021-03-10 تیمێکی تەندروستی لە پزیشکانی شارەزای ئێران بە مەبەستی بینینی بریندارانی چەکی کیمیایی چوونە شاری هەڵەبجە.
پارێزگاری هەڵەبجە لەو بارەیەوە گوتی: تیمە تەندروستییەکەی ئێران بۆ بینینی ئەو بریندارانەی چەکی کیمیایی هاتوون کە پێناسی نەخۆشییان هەیە کە چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکەن. تیمەکە دوو ڕۆژ دەمێننەوە و دەتوانن زۆرینەی بریندارەکان ببینن. ئەو دوو ڕۆژە کەمە، چونکە ئێمە برینداری زۆرمان هەیە.
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێگریکردن لە تووشبوونی هاونیشتمانییان بەو ڤایرۆسە هیچ ڕێوڕەسمێک بۆ بۆنەکانی مانگی ئادار سازنەکرێت.
ئازاد تۆفیق ئەوەی خستەڕوو کە ئەمساڵ لە گۆڕستانی شەهیدان یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەنەوە و وردەکاریی شێوازەکەی لە ڕۆژی یەکشەممە 2021-03-14دا باس دەکەن.[1]