هاونیشتیمانانی بەرێز و خۆشەویست
خەلکی بەشەرەف و مافخوازی کوردستان
رۆژی 10ی خاکەلێوە، 73مین سالرۆژی شەهیدکرانی پێشەوای گەورەی کوردان و یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردستان، نەمر و هەمیشە زیندوو پێشەوا قازی مەحەمەد، هاورێ لەگەل شەهیدان حەمەحوسێن خانی سەێفی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازییە. درووست 73سال لەمەو پێش بوو، کە لەبەرەبەیانی10ی خاکەلێوەی ساڵی1326یهەتاویی دا، سەرۆک کۆماری کوردستان قازی مەحەمەد، هاورێ دەگەل حەمەحوسێن خانیسەیفی قازی(ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدریقازی(برای پێشەوا)، لەدوو دادگای ناعادلانە و فەرمایشی سەردەمی ستەم شایی دا، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا و هەر لەچوارچرای شاری#مەهاباد#، واتە هەر له و شوێنەی کە لە 2یرێبەندانی سالی1324 هەتاوییدا، بە بەشداری نەمر مەلا مستەفا بارزانی کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرابوو، بەدەستی چەپەڵی دوژمنانی کورد و کوردستان لەسێدارەدران و شەهید کران. دیارە هەر لەو ڕۆژەشدا بوو کە لەسەر شان و پیلی خەڵکی بەشەڕەف و کوردپەروەری مەهاباد لەگۆرستانی مەلا جامی بەخاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردران.
10ی خاکەلێوە ڕۆژێکی گەورە و مێژووییە، هەر بۆیەشە ئەرەکی سەرشانی هەموو کوردێکی نەتەوەخواز و نیشتیمانپەروەرە، کە یاد و یادمانی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕابگرێ. ڕاستە کە مێژوویی کارەساتەکەی 10ی خاکەلێوە بۆ 73سال لەمە و پێش دەگەرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدان ئەوە ئیبتیکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بوو کە بە ڕێبەرایەتی شەهیدی نەمر و سەرکردەی بە وەجی کورد دوکتۆر عەبدوولرەحمان قاسملوو، لە10یخاکەلێوەی ساڵی1358هەتاویی دا، ئه و ڕۆژەی وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیاند. دیارە ئەگەر پێش ئه و دەم، لەبەر زەخت و زۆری نیزامی تاغووتی و بەکرێگیراوانی شای دیکتاتۆر مەجالی بەڕێوەبردنی ڕێورەسم بۆ بەرزراگرتنی ئەو بۆنەیەوە نەبوو، بەڵام بەدوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتیدا بەتایبەتی دوای ئەوەی کە حیزب ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی شەهیدان ناودێر کرد، وەک دەبینرێ هەموو ساڵێ لەوەها ڕۆژێک دا، ڕێز لەشەهیدان و سەرقافلەی هەموو شەهیدانی کوردستان واتە پێشەوا قازی محەممەد دەگیرێ، لەزۆر شوێن بەتایبەتی لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی حیزبی و ناحیزبی و نەتەوەییدا ڕێورەسمی تایبەتی بۆ بەڕێوەدەچێ و پێشانگەی وێنەی شەهیدانی کوردستان پێک دێ.
راستە پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان وەک بەدیمەنترین و بەرچاوترین کەسایەتیی موکریان دەناسرا، لەهەموو ناوچەکانی کوردستان نێو بەدەرەوە و ناسراو بوو، بەڵام تا چەند ساڵ دوای شەهید کرانیشی بۆ گەلیکورد بەتێکڕا، به و شێوەیە کە دەبێ بناسرێ نەناسرابوو، یا ئەگەر ناسرابووش ئه و ڕێزەی له و سەردەمەی ئێستادا لێیدەگیرێ، لێی نەدەگیرا. بۆیە دەبێ بۆ باشتر ناسین و ناساندنی کەسایەتی بەرزی پێشەوا، پێویستە زۆر لەوە زیاتر لێکۆلینەوه لەسەر تایبەتمەندیەکانی کەسایەتیی ئەو گەورە پێاوەی کورد بکرێ تابەلکوو بەۆ جۆرەی کە شیاویی ئەوە بناسرێ.
بە پێ بەڵگەگەلێکی باوەرپێکراو پێشەوا و هاوڕێیانی ئەوەندەی لەماوەی یازدەمانگی کۆماردا هەوڵیان دابوو، هەر ئەوەندەش له و دادگا فەرمایشییانەی بۆ موحاکەمەکردنیان دانرا بوون، لەخۆبردوویی و ئازایەتییان لەخۆیان نیشان داوە. لەگەڵ هەموو نارەحەتیی دەروونی و ئه و ژیانە تاڵەی کە لە بەندیخانەی پادگانی مەهاباددا بۆیان پێک هاتبوو، نەتەنیا بڕوایان بەکوردایەتی و ڕزگاری کوردستان لاواز نەببوو، بەڵکوو زۆر جیددیتر و بەوورەتر لەسەر ئارمان و ئامانجی نەتەوەیی کورد پێداگریان کردبوو.
گۆڤاریخەباتیقوتابیان ژمارە37 لەم دوایانەدا لەزمان سەروان کیومەرس سالحی هەواڵنێری گۆڤاری ئەرتەش کە لە دادگاکەدا بووه و دوایە لە سەر نووسینی ڕاپۆرتێک له و پێوەندییەدا دەگیرێ و ساڵێک دەبەندیخانەدا دەمێنێتەوە, هێندێک ڕستەی لەووتەکانی پێشەوای بڵاو کردەوە.
سەروان سالحی دەگێرێتەوە کە پێشەوا لەم دادگایەدا فەرموویەتی: من لەزووەوە خۆم بۆ ئەوە ئامادەکردوە و بەباوەشی ئاواڵەوە پێشوازی له و مردنە سەربەرزانەیە دەکەم، کەلەرێگای ئازادیی میللەتەکەم دا دەکوژرێم. ئەوە بەڵێنێکە کەبەنەتەوەکەمم داوە لەگەڵیان بژیم و بۆ ئەوانیش بمرم، تازە چۆن ئامادەم بەڵێنیخۆم بشکێنم.
سەروان کیومەرس هەروەها دەنووسێ : من لەزۆربەی دادگاکانی مەیدانی و سەربازی وەک هەواڵنێر بەشداریم کردوە بەڵام هەرگیز هیچ کەسێکم بەرادەی قازیمحەممەد بەجەرگ و بوێر نەدیوە. ئه و لەکاتیدادگاییکردن دا نەیدەزانی ترس چیە، زۆر بەبێ باکی قسەی دەکرد و وەڵامی پرسیارەکانی دادوەری دەدایەوە.
هەر ئه و بەجەرگی و لەخۆبردوویییەش بوو، کە لە پای سێدارە ئیزنی نەدا، چاویببەستن و فەرمووی: حەز دەکەم لەئاخرین چرکەی ژیانیشم دا بەسەربەرزی و چاوی کراوەوە لەنیشتمانیخۆشەویستم بروانم.
بەشێک لە وڵامی پرسیارەکانی دادوەری دادگای نیزامی شاهەنشاهی لە مەهاباد لە لایەن قازی محەممەدەوە سەبارەت بە کورد و کوردستان و هەورەها ژنراڵ بارزانی.
دادوەر: بۆ بارزانی بێگانەت پەناداوە و هێناوەتە بۆ ئێرە؟
پێشەوا قازی محمد: بارزانی لێرە لە مەهاباد بێگانە نیە و خاوەن ماڵە و کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە و بارزانیش کوردێکی وڵات پارێز و دڵسۆزە.
دادوەر: تۆ ویستووتە ئێران دابەش بکەی و کوردستانی سەربەخۆ بنیات بنێی؟
پێشەوا قازی محەممەد: من سەدان جاری دیکەش لەم دادگایە و لە قوژبنی گرتووخانەدا دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە و ڕوو بە دەوڵەتی تاران هاوار دەکەم کە داگیرکەر ئێوەن و ئێوە وڵاتتان لێ داگیر و دابەش کردووین.
دادوەر: کوردەکان بە ڕێبەرایەتی تۆ ویستیان خیانەت لە ئێران بکەن؟
پێشەوا قازی محەممەد : ئەگەر دەوڵەتی تاران کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە هەڵبگرێ ئەگەر بە نیشتمان پەروەریان دەزانی لێگەڕێ با خۆیان کاروباری خۆیان بەرێوە ببەن و ئیدارەی کوردستان بکەن.
دادوەر: تۆ ئاڵای چەکوش و داسی شۆڕەوی کۆمۆنیستیت لە مەهاباد هەڵداوە؟
پێشەوا قازی محەممەد : من ئاڵای وڵاتی خۆمم هەڵداوە و ئەو ئاڵایەش ئاڵای کوردانە و ئاڵای هیچ وڵاتێکمان هەڵنەداوە و دڵنیا بن قەت دەستتان بەو ئاڵایە ناگات.
ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لەهەر تنوکەخوێنێکی من قازیمحەممەدێک شین دەبێتەوە. داوا لەگەلیکورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگارییکوردستاندا پەک نەخات، باوەڕ بەدەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن بژیکورد و کوردستان.
بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یادی ڕۆژی 10ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەرز ڕادەگرێت و لە بەرامبەر گەورەیی و قوودسییەتی سەرقافلەی شەهیدان پێشەوا قازی محەحمەد و هەموو شەهیدانی کوردستان سەری کرنووش دادەنوێنێ، هەر بەم بۆنەیەشەوە داوا دەکەین لە هاونیشتیمانان کە لەم کاتە هەستیارە دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ماڵەکانیان بمێننەوە تا ڕێگری بکرێت لە تەشەنە سەندنی ئەم ڤایرووسە و خەڵک و وڵاتمان تووشی کارەساتی مرۆیی گەورە نەبێت، کە ئەمەش شۆڕشێکی تەندروستی گەورەیە لە پێناو پاراستنی ژیان و مرۆڤایەتی دا، هەروەها لە کوردستانیانی خۆشەویست دەخوازین کە ڕێگای پێشەوای گەورەی کورد و گشت شەهیدانی سوورخەڵاتی ولات بە هاوکاری کردنی خەڵکی هەژار و کەداهات و بێ سەرپرشت و بنەماڵەی گیراوانی سیاسی و پاک ڕاگرتنی سروشت و جوانی وڵات، بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک، ئەرکی نیشتمانپەرەوانەیان ئەنجام بدەن.
بەرزی و نەمری بۆ شەهیدان و سەربەستی بۆ کوردستان
بزووتنەوەی کۆماریخوازی ڕۆژهەلاتی کوردستان
8/1/2720ی کوردی 1399