ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دۆخی گرتن و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ئامارێکی بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا هاتووە کە لە ماوەی مانگی 9ی 2020 ڕابردوودا لانیکەم 30 هاوڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.
هەروەها لەو 30 کەسەی کە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراون 4 کەسیان بە کەفالەت ئازادکراون و بڕیاری دەستگیرکردنی 4 کەسی تریش دراوە.
بەپێی ئامارەکە هەروەها ڕێگا بە زۆربەی کەسە دەستگیرکراوەکان نادرێت کە پەیوەندی بە خانەوادەکانیانەوە بکەن و بۆیەش چارەنووسیان نادیارە.
کەسە دەستگیرکراوەکانیش خەڵکی شارەکانی کامیاران، ورمێ، کرماشان، مەریوان، جوانڕۆ، نەغەدە، شنۆ، بۆکان، پیرانشار و سەردەشتن.
هەروەها باسی ئەوەکراوە کە لەماوەی ئەم مانگەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانی کوردی سیاسی بەناوی شاکر بێهرۆز سەپێنراوە و داواکاری بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنی زیندانیەکی تر بەناوی حەیدەر قوربانی ڕەتکراوەتەوە. لە هەمانکاتدا بڕیاری لەسێدارەدانی هۆشمەند عەلیپوور هەڵوەشێنراوەتەوە.
هەروەها ناوی ئەو کەسانەی کە لەماوەی ئەم مانگەدا دەستگیرکراون ئاشکرا کراوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕای گشتی جیهان ناڕەزایی بەرانبەر سیاسەتی ئێران لەبەرانبەر خەڵکی و دەستگیرکردنی هاوڵاتیان و چالاکوانانی کورد دەردەبڕێت، بەڵام پێشێلکاریەکان لەلایەن ڕژێمی ئێران بەردەوامە.[1]