ناو: بێهرۆز
ناوی باوک: کورد ئەحمەدی
شوێنی لەدایکبوون: شاری #سنە# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
$ژیاننامە$
لە زاری خۆیەوە:
من ناوم بێهروز کوردئەحمەدی یە. لەدایکبووی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم. لە بنەماڵەیەکی ئاوەدانی 9 کەسی دا پەروەردە کراوم، دوو کچ و پێنج کوڕ لە گەڵ دایک و باوکمان.
باشە کە لێرە لە سەرەتادا باسێکی کورتی پاشناوی بنەماڵە واتە کوردئەحمەدی بکەم. بەو جۆرە کە لە گەورەکانی بنەماڵەی خۆم و بە تایبەتیی پووری باوکم کە دەبێتە خوشکی باپیرم، کە هەمیشە پێمان دەگوت می می، بیستوومە و لەم ساڵانەی دواییشدا هێندێک بەڵگە لە سەر پاشناو و شۆرەتمان پەیدا بوون.
گوایە باپیرە گەورەی ئێمە لە باژێری (#ئامەد#) تەرە بووە و لە سەردەمی شۆڕشی باکووری کوردستان دا بە هۆی سیاسەتی سەرکوت و قەڵاچۆکردنی کورد لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، زێدی خۆی بە جێ دێڵێ و پەنا بۆ ئێران دێنێ و لە دەور و بەری سنە دەگیرسێتەوە. ئەو بە وەستا کوردە دەناسرێ، کە لێی دەپرسن ئەو کێیە، دەڵێ ئەز کوردێ ئامێدیمە. سیاسەتی ڕژیمی ئێران هەر نکولیی کردن لە بوونی کورد بوە، جا چۆن ڕێگا دەدەن بە کوردێکی سیاسی و ئاوارە کە لە شۆڕشی باکوورەوە هەڵوەدا بوە، خۆی بە کوردی ئامێدی بناسێنێ. بۆیە ناسنامەی بۆ دەردەکەن و لە باتی کوردی ئامێدی، بە کوردئەحمەدی، کرداحمدی، ناودێری دەکەن کە زەرەدی کەمتر بێ و (کورد)ەکەی دەهێڵنەوە بەڵام (ئامەد)ەکەی کە بڤە بوە دەکەن بە ئەحمەد کە پاشناوێکی عەرەبی-ئیسلامییە و ئاساییە! بەمجۆرە (کوردی ئامەد) دەبێتە کوردئەحمەدی...!
من دەرسم بە فارسی خوێندوە و لە هیچ قوتابخانەیەک تاقە ڕۆژێک کوردیم نەخوێندوە. لە ئێرانی ئەو دەمەدا زمانی فارسی زمانی خوێندن و نووسین بوو. زمانی کوردی و مەدرەسەی کوردی نەک هەر نەبوو بەڵکوو قەدەغە بوو. دیارە ئێمەی کورد لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بە سێ پارێزگای کوردستان، ئازەربایجانی غەربی و کرمانشاە (#کرماشان#) دابەشکرابوون، بۆمان هەبوو کە بە کوردی قسە بکەین، #گۆران#ی بێژین و گوێی بۆ ڕابگرین. بەڵام لە فێربوون و نووسینی کوردی هیچ باس نەبوو. کتێب و نووسراوە بە کوردی نەبوو. بوونیان لای هەر کەسێک، باسی سەر بوو.
لە مەدرەسەدا تەنانەت لە سەر دیوارەکان و لە پۆلەکاندا بە درشتیی دەنووسرا: فارسی حرف بزنید. واتە بە فارسی قسە بکەن! ئەوەش لە کاتێکدا کە زۆربەی هەرەزۆری بەرپرس و مودیر و مامۆستاکان کورد بوون.
من ئەو دەمانە زۆر کەڕەت گوێم لە ڕادوێی کوردی دەبوو کە لە بەغداوە بڵاو دەکرایەوە. لەوێ بە کوردی دەدوان، گۆرانییەکانی #تاهیر تۆفیق#، #عەلی مەردان#، #حەسەن زیرەک#، #مەزهەری خالقی# و #فەتانەی وەلیدی# بڵاودەکرانەوە. ئەو ڕەوەندە لە ساڵەکانی دواییدا بە شێوەیەکی باش و سەرنجڕاکێش لە ڕۆژهاڵاتیش دا پەرەی گرت و گەیشتە ئەو ڕادەیە کە ڕادیۆی کوردی لە سنە و کرماشان و #مەهاباد# دامەزران و گەشەیان کرد.
ڕادیۆی سنە بە بڵاوکردنەوەی کاروانی شێعر و مۆسیقی بە دەنگی زوڵاڵ و بەرزی شوکروڵڵاخانی بابان و دەنگی دڵڕفێن و ناسکی پەروین خانمی موشیروەزیری ببوو بە ڕووگەیەکی جێی تاسە و دڵخۆشکەر، بەتایبەتیی لەگەڵ نەوای نەرم و نیان و پڕ لە لرفە و پەڕنیانی مەزهەری خالقی، ئەوەندە لایەنگری پەیدا کردبوو کە لە ژمار نەدەهات.
من لە سەردەمی خوێندن دا هەمیشە قوتابییەکی فرە سەرکەوتووی دەرسەکان و بە تایبەت زمان و ئەدەبیاتی فارسی بووم. لە بیرمە پۆلی سێ یان چواری سەرەتایی بووم کە ڕەوانشاد باوکم نامەی پێ دەنووسیم. ئەو دیکتەی دەکرد و من دەمنووسییەوە. چونکە خەتیشم بە لای زۆر کەسانەوە خۆش بوو، ئیتر نامەکانی من کە زیاتر بۆ دەزگادەوڵەتییەکان بەڕێ دەکران، ڕێگایان خۆش دەکرد بۆ ئەوەی زۆر شتم کە داوا دەکرد، بابە نەیدەگوت نا!
بەڵام هەر ئەو کاتانە هەستم دەکرد من کە بەو هەموو تاسە و خۆشییەوە گوێ بۆ شێعر و گۆرانی کوردی ڕادەگرم و چێژی تایبەتیم دەداتێ، بۆ چی فێری نەبم، هەم بخوێنمەوە هەم بنووسم، بەڵام چۆن؟ هێندێک جار شێعرم کە گوێ لێ دەبوو یان گۆرانییەکی خالقیم دەبیست، دادەنیشتم و دەمنووسییەوە کە شێوەی نووسینیان هەر بە فارسی بوو و من پێم وابوو کە ئەشێ وا بێ..... هەتا ڕۆژێک بوو یان شەوێک، بەیارییەک بوو یان خەوێک، کە دوو کتێبی شێعری کوردیم دەسکەوت. شێعری کێ؟ شێعری #گۆران#، گۆران ی گەورە، عەبدوڵڵا گۆران شاعێری دڵ و گیان و باران و پەپوولە و سروشت و جێژوان و جوانی. شاعێری شێعرەکانی گوڵی خوێناوی و جوانی لادێ، کە ئەمەیانم زۆر جار لە ڕادیۆوە بە دەنگی شوکوڵڵا خان گوێ لێ دەبوو:
ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
ڕێی کانی قوبان! مونتەزێری جیلوەیی نازە
بەر دەرگەکەتان قیبلەیی ڕووی ئەهلی نیازە
ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە!
[1]