کورد حەقی خۆیەتی شانازی بە ڕابردووی خۆیەوە بکات
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
کوردستان بەکۆمەڵێک دوژمنی دڕندە و چەوسێنەر دەورەدراوە، لەلایەن ئەوانەوە، هەمیشە کورد وەک گەلێکی نەخوێندەوار و نەزان و دڕندە و پیاوکوژ و تاڵانچی ناسێنراوە، بە درێژایی مێژوو کورد لەژێر باری داگیرکاری ئەواندا ناڵاندویەتی، هەمیشە پەسندی خۆیان و شکستی کورد و بێبایەخ کردنی زمان و کەلتور و مێژوو و ڕابردووی خۆیان لەلای کەم بایەخ کردووه، نووسەری کوردزمانی عەرەبی نووسی وامان هەبووە، قسەی نووسەرە عەرەبەکان ڕادەگوێزێ و لەسەر ئارەزووی هەستی ئەوان دەڵێ ڕیشەی کورد لەجنۆکەیە، ئەو هەموو کوردە زانا و نووسەرە بەرزانە، یەکێک نەهات بە درۆیان بخاتەوە، تەنانەت شەرەفخانی مێژوونووسی گەورەی کوردیش، قسەی ئەوان دووبارە دەکاتەوە، هەرتەنیا بەوەندە وازدێنێ، دەڵێ هەر خوا بۆ خۆی دەزانێ.
دوژمن و نەیارانی بەشێوەیەک بوونی کوردیان لە بەرچاوی خۆی ڕەش کردووە، کورد خۆی ڕقی لە ڕابردووی خۆیەتی و نایەوێت پەسندی هیچ شتێکی ڕابردووی خۆی بدات، بالەوانیش باشتر و بەرزتربێت، کەچی گومانی لە ڕەگەز و بنچینەی خۆیەتی، بۆ نموونە عەرەب لە پێش ئیسلام و سەردەمی جاهیلی لە ناو نیوەدروگەی عەرەبدا بەدەستی خۆیان داروبەردیان دەتاشی و پەیگەریان لێ دروست دەکرد و ناویان دەنا (منات، لات، عوززا...) دەیان پەرست، بەڵام کاتێ عەرەب دێنە سەر باسی دینی کۆنی کورد دەڵێن: کورد مەجوسی بووە، چەندین کەسی کوردم بینیوە بەخراپە ئەمەی دووبارە کردۆتەوە، پێیان وایە ئەوە هێندە شتێکی خراپە تائاستی گومڕابوون، لەڕاستیدا کورد خۆری خۆش ویستووە و ڕێزی لێ گرتووە، پێیوابووە خۆر سەرچاوەی ژیان و ڕووناکی و وزە و مایەی نەشونومای مرۆڤ و ئاژەڵ و گیاو گۆڵ و دانەوێڵە بووە، حەقی خۆیەی ڕێزی لێ بگرێت، هەزاران جار لە بتپەرستی عەرەب باشتربووە، کەچی کورد ملکەچی قسەی دوژمنەکەیەتی و پێی وایە ئه و ڕاست دەکات.
دوژمنانی کورد ئەوەندەیان کاریگەری لەسەر کورد داناوە، وایان کردووە خۆیان لەلای کورد وەک پیرۆز و گەورە سەیربکرێن، وایان پیشانداوە کورد لە چینی ژێرەوەی کۆمەڵگایە و ئاستی لایەنی کۆمەڵایەتی لە چاو ئەواندا زۆرنزمە، لەبەرئەمە هەموو بنەماڵە و خانەدانی کورد بنەچەی خۆیان بردۆتەوە سەر عەرەبان، ئەمەئەوەندە کاریگەری لەسەر کورد داناوە، گەورە مێژوونووسی کورد شەرەفخانی بەدلیسی لەکتێبە بەناوبانگەکەی شەرەفنامەدا ئاماژەی بەوەداوە، زۆربەی پاشا و میر و خانەدانەکانی کورد ڕەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر کەسایەتیەکی ناوداری عەرەب، بەتایبەت بنەماڵەی پێغەمبەر و هاشمی و ئەسحابەکان، هی وایان تێدایە بنەچەی خۆی بردۆتەوە سەر خالیدی کوڕی وەلید، بێ ئاگالەوەی خالید کەسی لەپاش بەجێ نەماوە و بنەماڵەکەی هەموویان بەنەخۆشی تاعون لە ناوچوون، لەناو هەموو بنەماڵەکانی شەرەفنامەدا تەنیا بنەماڵەی شەرەفخان خۆیان نەبردۆتەوە سەرعارەبان، بەڵام ئەویش بنەچەی خۆی بردۆتەوە سەر ئیرانیەکان، کەچی عەرەب شانازی بەبنەماڵەی خۆیانە وە دەکەن و بنەچەی خۆیان نابەنەوە سەر پێغەمبەر و سەحابەکان.
دوژمنان بۆ شکست و چاوشکاندنی زیاتر گەلی کورد ناوی کرمانجی لێناوە، بەسوک و کەم بایەخ سەیر کراوە، یەکێک لەوتارێکدا نووسیبووی: دایکم لەزمانی باوک و باپیرانیەوە دەیگێڕایەوە: تورکەکان کەدەهاتنە #هەولێر# دەیانوت ئێوە ئەسڵزادە نین و کرمانجن، زمانەکەشتان زمانێکی ڕەسەن نییە و نابێ بەزمانی کوردی قسەبکەن، شەوان دەهاتن لەدەرگایان دەدا، ئەگەر خاوەن ماڵ وتبای (کێیە) ئازاریان دەدا و دەیانوت بۆ بەکوردی قسەدەکەی، هەرکەس وتبای (کمدر) دەیانوت ئەوە لەخۆمانە، خەڵاتیان دەکرد و زەوییان پێ دەبەخشی، زمانی کوردییان ئەوەندە لەلا کەم بایەخ کردوون، ئەو هەموو نووسەرە گەورانەی کورد، کەلەئاست شارەزاییان مرۆڤ سەرسام دەبێت، ئەوان خزمەتی گەورەیان بە ئیسلام و زمانی عەرەبی کردووە، بەڵام جورئەتیان نەکردووە بە زمانی شیرنی کوردی بنووسن، بەڵکو لەبابەتە مێژوویی و زانستی و فەلسەفیەکانیاندا نووسینەکانیان بە عەرەبی یا زمانی تر نووسیوە و بەلای کوردی نووسیندا نەچوون، باوەڕیان پێهێناون، زمانی کوردی زمانی نووسین و ڕەسمی نییە، بەڵکو زمانی نەخواندەوار و شوان و لادێ نیشینەکانە.
هەتا ئەم دواییانە و تەنانەت ئێستاش زۆر لەوانەی تازە دەنووسن بەڕوونی لەنووسراوەکانیاندا، زۆر بەئاسایی چەندان نووسراو دەبینیت لەسەر گاڵتەکردن بەزمان و فەرهەنگی کوردی. تەنانەت نووسەری کوردی وا هەیە زۆربەی کات کاری هێرشکردنە بۆ سەر ڕابردووی کورد و فەرهەنگی کوردی، ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک لەهەستی کورددا ڕەگی داکوتاوە لەناو خەڵکی گشتیشدا گۆڕەپانەکە لەبارە بۆ کارکردن لەم بوارەدا، خۆم لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو گوێم لەپیرەپیاوێک بوو بەشێوە زمانی فارسی گۆی دەکرد ودەیوت جاران دەیانوت:
زبانی فارسی شەکەراست
زبانی تورکی هونەراست
عەرەبی زبانی اول و ئاخیراست
زبانی کوردی کیری خەر(کەر)است
ئەم شیعرە هەر وا سادە و ئاسایی نییە، ئەمە بۆچوونێکی دژوار و نامۆیە، کورد سەبارەت بەزمان و فەرهەنگی خۆی، ئەم بیرکردنەوە نەشیاو و ناقۆڵایەی ڕیشەیەکی مێژوویی قوڵی لەناو فەرهەنگی کوردیدا هەیە.
ئەم کردەوە خراپانه لەجەوهەری دروست بوونی کورد دابوونی بووە، ئەمە خووڕەوشتێکە لەدەرەوە بۆی هاتووە، بێگانه و دوژمنی کورد فێری ئه و خاسیەتە نالەبارەی کردووە، بێگومان کورد وەک گەلێکی ژێردەستە لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە، لەپاڵ چەوساندنەوەی نەتەوایەتیدا ئەوەندە باسی دواکەوتویی و بێ فەرهەنگی کورد و ئه و قسانەی بەگوێیدا چرپاندووە و لەناو مێشکیدا چەسپاندوویەتی، کە ئەوان واتە کورد بەکەڵکی هیچ نایەن، زمانیان زمانیێکی دواکەوتووە و خۆشیان لەئاستی نزمی کۆمەڵایەتیدان، ئەوەندەیان بۆ وتونەوە تاکو باوەڕیان پێهێناون، بڕوایان بەخۆیان نەبێت، ڕقیان لەخۆیان و ڕابردوویان بێت، بڵێت ئەوان لەکورد ڕەسەنترن، بۆیە هەموو شتێک شایانی ئەوانە و پێویستە کورد لاسایی کاراکتەرەکانی نەتەوەی باڵادەست بکەنەوە، خۆیان بەلاوە گرنگ نەبێت.
سەرگورشتەی سەمەرە وا بەلای نووسەری فارسی (سەعید کەرامەت)ەوە، نووسیویەتی: کورد خاوەنی هیچ جۆرە جل و بەرگێکی تایبەت بەخۆی نیە و ئه و شێوە جل و بەرگەی ئێستا کورد دەیپۆشن، ئەوە جلی سوپای ئینکشاری (یەنیچەری) عوسمانیە، کاتی خۆی ئه و سوپایە بەناو هەموو ناوچەکاندا بڵاوبوونەتەوە و کورد کەبینیویانە ئەم جلە بۆ ئەوان باشە و لەگەڵ کەشوهەوای وڵاتی کورد گونجاوە، بەچاولێکەری سوپای یەنیچەر ی ئه و جلەیان پۆشیوە و وەکو جلی نەتەوەیی پیشانی دەدەن، (عوسمان ڕەحمانی) ناوێکیش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و زۆریش پشتگیری ئه و نووسەرە فارسە دەکات کە بەڵێ ئه و شێوە بەرگەی ئێستا دەیپۆشن ئەوە جلی سوپای یەنیچەری عوسمانیە، بەڵام ئەگەر چاوێک به و کتێب و سەرچاوە و نووسراوانەی پێش هاتنی تورکەکان بۆ ئەم ناوچانە بخشێنین، کەلەلایەن بێگانەکانەوە نووسراون، سەدان وێنەت بەرچاودەکەوێت بەجلی کوردییەوە کێشراون، لەگەڵ ڕێزم ئەمە قسەیەکی بێ بنەماو بێ بەهایە، کە جلی کوردی هی سوپای یەنیچەری بووە و بەهۆی گونجانی لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان کورد لەئەوانی وەرگرتووە، لەکاتێدا سوپای یەنیچەری عوسمانی دوای داگیرکردنی خاکی گەلە ژێردەستەکانیان بەتایبەت لەو منداڵە بێ باوک و دیلانەی لە کاتی جەنگ بەتایبەت لە سەردەمی جەنگەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەکەوتنە دەستی عوسمانی ئه و سوپای یەنیچەر یان لێ دروست کردن و بەریان دانە گیانی خەڵکی ژێردەسەڵاتی خۆیان و دوژمنەکانیان.
سەبارەت بەکەلتور و هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای کوردی بەم شێوەیە لەبەرچاوی کورد، سووک و بێ نرخیان پیشانداوە، هەرئەمەش وایکردووە کورد نەتەوەی سەردەستی لەلا پیرۆز و شیاوتر بێت لەنەتەوەی خۆی و ملکەچی بڕیارەکانیان بن و لەناوخۆدا بەگژیەکتریان دابکەن و توندوتیژی بەرامبەر یەکتربنوێنن. بەتێپەڕبوونی کات کورد گەیشتۆتە ئەو بیروبڕوا دژەخۆیی و خۆبەکەم زانینە، ئەمە وای کردووە دوژمن زیاتر بتوانێ زەفەریان پێ بەرێ، عەشیرەت لەدژی عەشیرەت و بنەماڵە لەدژی بنەماڵە و شار لەدژی شار هانیان بدا و بەگژیەکتریان دابکات، بۆئەوەی ئەوەندەی کێشەی ناوخۆیان هەبێت نەپڕژێنەسەر ئەوەی لەبنەما و ڕیشەی خۆیان بکۆڵنەوە، کاتێک کورد خۆی گاڵتە بەهەڵپەڕکێی کورد و بەئایینی ڕابردووی خۆی دەکات، ئەوە ڕقێکە لە ناخیدا دروست کراوه، لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، لەکاتێکدا هەمیشە لەگەڵ یەکتر لەکێشە و ململانێدان، بەڵام بەشانازییەوە ئامادەن مامەڵە لەگەڵ نەیارانی نەتەوەکەی خۆیاندا بکەن.
کەم نەتەوه هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندەی کورد حەزبە ئاشتی و ئاسوودەیی و هەڵسوکەوتی شارستانی بکات، تەنانەت لەکاتی شەڕیشدا کورد هەستی مرۆڤایەتی و ڕۆحی لێبوردەیی دەنوێنێت، لەلێقەوماندا هاوکاری دوژمنەکەشی دەکات، داڵدەدانی ئاشووری و ئەرمەنی لەدەست تورکان و عەرەبە خەواریجەکان لەدەست عەرەبی برای خۆیان، نزیکترین نموونەش داڵدەدان و پاراستنی سەربازە عەرەبەکانی کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەکۆتایی سەردەمی بەعسدا باشترین بەڵگەن، بێگومان هیچ یاسا و تۆمارێکی نووسراونییه، تاکورد ناچاربکات ئاوا مرۆڤدۆستانە مامەڵەبکات، بێگومان ئەوە فەرهەنگ و سروشتی کوردە بەوشێوەیە ڕەفتاردەکات، کەلە باب و باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە.
کەچی نەتەوەکانی تر هەمیشە پەسندنی بنەچە و خاک و ئاو و نیشتمانی خۆیان دەدەن، فەموو مێژوو گەواهی ئەوەدەدات تورکەکان سەردەمێکی هێندە زوونییە، کەلە بانەکانی (تبت)ی وڵاتی خۆیانەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە و داگیریان کردووە و ئێستا بەخاکی دێرینەی خۆیانی دەزانن، بۆ نموونە: لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا سۆڤیەت هاتە ناو خاکی ئێرانەوە، ئازربایجان و بەشێکی کوردستان کەوتە ژێردەسەڵاتی سۆڤیەت، بڕیاردرا لەئازەربایجانی سۆڤیەتەوە چەند لیژنەیەکی تێکەڵاو لەئەندامانی حزبی کۆمۆنیست، ئۆرگانە دەوڵەتیەکان، فەرمانبەرانی دادوەری، ئاسایش و ئابووری، ڕەوانەی ئازەربایجانی ئێران بکرێن، عەزیز عەلیۆڤ محەمەد کەریم ئۆغلی سکرتێری سێیەمی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئازەربایجان سەرۆکایەتی ئه و لیژنانەی پێ سپێردرا، لەنیوەی دووەەمی مانگی سێپتێمبەری 1941 ڕەوانە کرا بۆ ئەوەی دەست بەچالاکیەکان بکەن، میرجەعفەر باقرۆڤ لەیەکێک لەدیدارەکان لەگەڵ لیژنە ڕەوانە کراوەکان بۆ ئازەربایجان گوتی: ئێوە دەزانن سوپای سوور لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی هەرێمەکانی باکووری ئێرانی خستەدەست خۆی، هەموو ئه و شوێنانە، ئازەربایجانی ئێمەیە، بەگوێرەی بەڵگه مێژووییەکان، بەشی زۆری هەرێمی باکووری ئێران وەک قەرزوێن، #ورمێ#، میانە، مەراغە، تەورێز، ئەردەوێڵ، سەڵماس، خۆی، ئەنزڵ و...هتد، شوێنی باب و باپیرانی ئێمەن، ئەگەر ڕاستتان دەوێت، تاران یەکێکە لەشارە کۆنەکانی ئازەربایجانی ئێمە باقرۆڤ دەیویست بڵێت خاکی کورد و فارس هەمووی هی ئازەر بووە، زۆر شتی لەم بابەتە.
بەپێچەوانەی دوژمنانی کورد ئه و هەموو ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسانەی دەربارەی کورد دواون، پەسندی زمان و ڕەسەنی کوردیان داوە و مینۆرسکی ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسی ڕووسی بەچاوێکی بەرزەوە تەماشای ئەدەبی کوردی کردووە و دەڵی: نەبوونی لێکۆڵینەوە لەئەدەبی کوردی بۆتە هۆی ئەوەی نرخی تەواوی دیاری نەکرێ، ناوبراو لە کتێبی (کورد) وەڵامی ئه و بیروڕایە دەداتەوە کە گوایە کوردی فارسیەکی تێک شکاو و دەستکاری کراوە، دەڵێت: بێگومان زمانێکی سەربەخۆیە و دەستووری فۆنێتیکی تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها دەستووری زمانی تایبەتی خۆی هەیە، پێوەندی زمانی کورد لەگەڵ فارسی وەکو پێوەندی نێوان عەرەبی و ڕووسی وایە.
پۆل بایدار زانا و میسیۆنێری فەڕەنسایی لەکتێبی دەستوری زمانی کوردی دا دەڵێت: زمانێکی خۆش و نەرمە، زمانێکی شیعری پڕئاوازە، خاسیەتی تایبەتی ڕستەی کوردی هەموو ژیان دەگرێتەوە، پێوەندی بەهێزی لەگەڵ تەبیعەت و جوانی تەبیعەت دا هەیە، هەروەها دەچێتە ناو ناخی گێتی ناوەوەی ئادەمیزادەوە.
سەرەڕای ڕاستی و ڕای چەندین زاناو شارەزای ئه و بوارە مایەی نیگەرانیە تائێستاش کورد بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تر کەباسی ڕابردوو بکەیت ڕێکەوتی سەدان کەسی کورد دەکەیت پێی وایە، ئێمە لە ڕابردوو هیچمان نەبووە و خاوەنی هیچ نین، ئەمە لەلایان بووە بەڕاستیەک مایەی گفتوگۆنییە، بە ئومێدی ئەوەی لەم سەردەمەدا کەسەردەمی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زانیستە، کورد خۆشی قۆناغێکی گەورەی بڕیوە لەپێشکەوتن و زانیست، ئەوە ببێتە هۆکاری زیاتر پێشکەوتن و ساغ کردنەوەی ڕیشەی خۆی و زمان و کەلتور و فەرهەنگی خۆی و ناساندنی بەگەلانی دنیا.[1]