لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەر دار
بە ئاسانی مەزانە بوونە سەردار
هەیە گەر عیشقی سەرداری لە سەرتا
بکە مەشقێ لە وانەی چوونە سەر دار
عەسایەک دەستگیری ئێمە نابێ
پڕی ئەم دارە بێ گەر سەر بە سەر دار
لە بەر داری حەدا من بم، ئەتۆ مەست
دە قازی حەق بڵێ تۆ، حەق چ بەردار
خۆشی فەرمۆ چ مەجنوون و چ مەنسوور
بەشی عاشق درا هەر بەرد و هەر دار
ئەوی چوو بۆ سوراغی، بێسوراغە
خەبەر وایە کە کەس نابێ خەبەردار
وتی: میوەی بەهەشتە شیعری مەحوی
خودا نەبڕی لە باغم داری بەردار
#مەحوی#
#دیوانی مەحوی# [1][2]