چ بکەم، نە ئەو کەسەم کە کەسم بێ لەلا بە کەس
خۆشم نەگەیمە ئەو کەسە ئەو من بکا بە کەس
گەر ئیشی ڕۆحتە، کە نەبوو کەس بە دەستەوە
دەست هەڵگرە لە ڕۆح و مەبە ئیلتیجا بە کەس
نائەهلی ئەم ئەهالیە مەعلوومی من کە بوو
شوکری خودا، خودا بەس، ئومێدم نەما بە کەس
لێوی بە پرسشی چ نەخۆشێ نەپشکواند
دەردا! تەبیبی ئێمە کە نادا دەوا بە کەس
خورشید و سایە پێکەوە نابن، دە حەقیەتی
ئەو جیلوە وەحشیە کە نەبێ ئاشنا بە کەس
بەس بێ سەبەب پەرستی، ئەتیببا دەوا دەدەن
بەس هەر خودا تەبیبە کە نادا شیفا بە کەس
زاهید وەرە ڕووێ بکەرە بارەگاهی عیشق
عالی جەنابە، وا نییە هەر ڕێ بدا بە کەس
موحتاجی مەرحەمەتییە چ ناکەس، چ کەس، بە گەل
ئەو تاقە بێکەسێکە کە گرتی خودا بە کەس
جێیی ئیعترازی کەس نیەت و نەبووە، هەر کەسێ
لادا لە نابەکار و حەزەر کا لە نابەکەس
گەر تێ بگەن لە گەوهەری دڵ دا چ مەوج ئەدا،
ئەم شەوچراغە لەم شەوە دا کەس دەدا بە کەس
حەق بێژی یەک گوناهیە مەنسوور و، حەقمە من
ئەم قەتعە گەر نیشانی نەدەم مەحویا بە کەس
#مەحوی#
#دیوانی مەحوی# [1][2]