ئەشکەوتی گوندک دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای گوندی #گوندک# بە دووری 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شارۆچکەی #ئاکرێ# دوورە، لەم ئەشکەوتەدا سێ داتاشراو هەیە، لە هەڵکەنراوی یەکەم پیاوێک بەپێوە وەستاوە، تەنوورەیەکی درێژی تا سەر ئەژنۆی لەبەردایە، بەڵام بەشی سەرەوەی ڕووتە، پیاوەکە لە دۆخی جووڵەدایە، ڕمێکی لە پشتی بزنەکێوییەک داوە، خەریکە لەسەر دەم دەکەوێت.
لە هەڵکەنراوی دووەمدا کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەڵکەنراوی یەکەم، لەلای ڕاستەوە دوو پیاو سەری ئاژەڵێکیان گرتووە، پێدەچێت بیانەوێت بیکوژن، لە پشتیانەوە کەسێکی تر وەستاوە و ڕووی لە پێشەوەیە هەردوو دەستیشی بەرز کردووەتەوە.
لە دوای ئەویشەوە ژنێک و پیاوێک لەسەر کورسی بەرانبەر یەکتر دانیشتوون و هەریەکەیان پشتی منداڵێکی بچووکی گرتووە، کە لەسەر مێزێکن و دەستیان لە ملی یەکتر کردووە. لە دوای ئەوانیشەوە ژن و پیاوێک خەریکن دێنە لای ئەوان و پیاوەکە منداڵێکی بچووکی لە باوەشدایە. کۆی ئەم دوو هەڵکەنراوە باسی ڕاوکردنی ئاژەڵ و کەژاوەی دەربڕینی خۆشی و شادی دەکات بەو بۆنەیەوە.
لە هەڵکەنراوی سێیەمدا کەسێک لەسەر کورسی دانیشتووە کڵاوێکی شاخداری لەسەرە، بە دەستی چەپی خواردن دەداتە بزنێک کە هەردوو دەستی خستووەتە سەر ئەژنۆی ئەو پیاوە، لە پشتیان ئاژەڵێکی دڕندە دەردەکەوێت، لە پێشیشیان ئاژەڵێکی تر خەریکی شیردانە بە بەچکەکەی و ئافرەتێک چاودێرییان دەکات، بەشێوەیەکی گشتی ئەم بەشە باسی ئەوە دەکات، چۆن ئاژەڵە کێوییەکان لە دڕندە بپارێزین. بەگوێرەی بابەتی هەڵکەنراوەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان 2900 -2371 پێش زایین. [1]