دروستکراوین یان ئازادین؟
#سۆزیار بەختیار#
هەندێ لە مەیل و خواستەکانی ئێمە بەرهەمی سروشتمانە، ژینگەکەمان لە بۆتەی خۆیدا شێوەی پێ دەدەن، حەقیقەت ئەوەیە کە بڕیاڕ و هەڵبژاردنمان خۆمان هەڵبژاردەی نین کاتێک بە پێی هاندەری مەیل و خواستمان ڕەفتار دەکەین، ئازاد نین.
کەواتە ئەوەی کە بوونی هەیە هەڵقوڵاوی ناخی ئیمە وێنای دەکەین زۆر کات دوورە لە دروستی وێناکردنی خواستی ڕاستەقینەی خۆمان، کانت و هێگڵ لەم بارەیەوە هاوڕان واتە پێیان وایە هیوا و خواستی تاک لەلایەن سروشت و کۆمەڵگاوە شکڵی پێ دەدرێت و ئەمەش پێی ناوترێ ئازادی ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی سڕینەوە و خاوێنکردنی خۆ بێت لە هەموو مەیلەکان.
بەڵام لێرەدا ئیتر چی دەمێنێتەوە؟
کانت وەڵام دەداتەوە بە (عەقڵ)
ئایدیای ئەوەی کە عەقڵ بناغە و بنەمای هەموو کردارێک بێت، بە ئاسانی درک ناکرێت، هەروەها دەڵێت: کاتێ هەموو خواست و تەمەنناکان تەنانەت بنەماییترینەکانیان بسڕینەوە ئەوەی دەمێنێتەوە ئێلێمێنت یان توخمێکی فۆڕماڵی پەتیی عەقڵانیەتە.
ئازادی بریتیە لە ویژدانی خۆ، لێرەدا ویژدان بە مانای دەنگی دەروونی پابەند بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو مەبەست لەوە ویژدان قبوڵکردنی عەقڵانی ئەمری موتڵەقە لە پێگەی باڵاترین یاسای ئەخلاقدا (کانت).
واتە ئەرک لە پێناو ئەرکدا پێی دەوترێ ئازادی. ئەمەش لای کانت ئەوە دەگەیەنێت کە لە تشتە کۆمەڵایەتیەکاندا شتێک نییە بە ناوی ئازادی لێرەدا ڕەخنەیەکی توندی لێ دەگیرێت و دەوترێ کانت ناکۆکیەکی توندی خستۆتە نێوان عەقڵ و مەیلەکان جەنگێکی نەبڕاوە مەیلە سروشتیەکان دەبێ سەرکوت بکرێ، دەبێ بوتری ئەمە ڕەوایە.؟
هەروەها بیرمەندی بەناوبانگ دۆرکهایم دەڵێت: تاک لە کۆمەڵگای میکانیک هەست دەکات ناچێتە ژێر چەتری ئازادی لەم جۆرە کۆمەلگایانەدا هەموو یەکێک لە کەسەکان پەیوەستیەکی تەواو و پەیوەندییە خوێنی و یەکەمیەکان زاڵن ئەمەش ئازادی تا ڕادەیەکی زۆر بەدی ناکرێ چونکە بۆ هەموو یەکێ لە کردەکان پەیوەندیەکی تەواوی بە نۆرمەکان و بڕیارەکانی ئەوانەوە هەیە کە هەموان ڕێکەوتون لەسەر ئەو کردەیە کە بکرێ یاخود نەکرێ باشبێت یاخود خراپ، بەدەر لەمە جۆرە کۆمەڵگایەکی تری دیاری کردور بە ناوی ئۆرگانی کاتێ تاک لە میکانیک ڕۆ دەچێتە ئۆرگانی وا هەست دەکات ئازادە بەهۆی هەمەجۆری کەسەکان و بیرکردنەوەی جیاواز چەنەها جۆراوجۆریەتی دیکە بە دی دەکرێ دەرفەتی زیاتری بۆ تاک دەرەخسێ لە چەمکی ئازادیدا خۆی ببینێتەوە بەڵام بێ ئاگایە لەوەی یاسا دووبارە و بە جۆرێکی دیکە ئەم تاکانە کۆنتڕۆڵ دەکات.
لێرەوە دەردەوکەێ بونیادی زۆرێک لە کەسەکان دروستکراوی کۆمەڵگان، تاک دوور دەبێت لە خۆبوون ئەوەی ئەنجامی دەدات لە کەسایەتی خودی خۆی ئەو کردانەی کە پەرشی دەکات بێ ئاگایە لەوەیی کە کۆمەڵگا و نۆڕم و بەهاکان بە تەواوی ئەم تاکە دروست دەکەن، بەڵام کەسانێک هەن کە بە ئاگا دێنەوە لەوەی دروستکراون لە دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر و شۆکی تاکێتی کە توشی دەبێت لێرەوە قبوڵکراو نابێت لەلایەن کۆمەڵگا و چواردەوەیەوە بە کەسانی لادەر ناو دەبرێن بەڵام ئایا لادەرن.!؟
کەواتە لێرەوە دەگەنیە ئەنجامی ململانێی بەردەوامی تاکەکانی نیو کۆمەڵگا و هەندێ کاتیش کۆمەڵگایەک لەگەڵ کۆمەڵگایەکی تر، هەروەها زۆرێک لە بکەرەکانی کۆمەڵگا دروستکراو و تەقلیدین، موقەدەسێک بۆ خۆیان دیاری دەکەن.[1]