دڵی پڕ وەحشەتم جانا لەبەر موژگانی وەک تیرت
حەساری بوو لە حەڵقەی دەرهەمی گێسوویی زەنجیرت
لە سەعیی هاتوچۆدای، ئەی خەیاڵی غەمزە دەیزانم
نیهانی بۆ شەبیخوونی دڵە دووبارە تەدبیرت
میانت بەستووە، تورکانە، بۆ قەتڵم لە مەستیدا
تەحەممول کە زەمانێ با ببۆسم دەست و شەمشیرت
ویداعی جان و دڵ ناکەم وەلاکین غائیلەم زۆرە
لە وەختی زەربی شەمشێرا ببینم حاڵی تەئخیرت
موفەڕڕەح بێ دەماغم با لە نەفحەی توڕڕەیی جانان
وەرە ئەی بادی شەبگیری سەرم قوربانی تەئسیرت
بە تیرت جەرگم ئەر لەت کەی ئەبەد تەرکی نەزەر ناکەم
لە مەرگا بۆ تەماشا بازە دایم چاوی نەخچیرت
دەزانم فیعلی پەنهانت ئەگەر چی موئمینی زاهیر
فەریبی من مەدە زاهید بە تەسبیحات و تەزویرت
بەتەنگ هات ئەی شەوی زوڵمەت دڵی سالم لەدەس توولت
چ بوو نەتشوشت بە ئابی سوبحدەم ڕوخساری وەک قیرت؟ [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#