تیۆری کویر
#سۆزیار بەختیار#
تیۆری کویر؛ تیۆر و کۆمەڵە بۆچوونێکی کۆمەڵناسانەیە بە تایبەت لە پانتاییی سێکسوالیتەدا کە پەیوەست بووە بە باسی هۆمۆسێکسوال (هاوڕەگەزخوازی) و دووڕەگەزی و ئەوانی دیکە. بەم شێوەیە کویر دابڕانێکە لە دیواری سێکسوالیتەی ئۆرتۆدۆکس و ڕاستگەرادا بەدی هاتووە. ئەم دابڕانە لادانێکی ئەخلاقی/سیاسییە لە چوارچێوە باو و زاڵەکان لە بواری سێکسدا.
دابڕانێکی بەم شیوەیە کارێکی کردووە کە بێدەنگیی کۆمەڵناسانی سەرەتایی یەکسەر تێک بشکێ و ڕەوتی سێکسوالیتە بە واتای بنەمایەکی مەعریفی و ئیبستمولۆژی ببێتە بنەمایەکی نوێ بۆ ناسین.
وشەی کویر لە سەدەکانی 16 و 17 دا بە واتای شتێکی نەناسیاو و سەیروسەمەرە و نائاسایی بوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە واتای وشەی نەشیاو (جنێو) بەکار دەهێنرا، زیاتریش بۆ کەسانێک بوو کە هەستێکی ڕەگەزیی نائاسایییان هەبوو.[1] ئەم ڕوانگەیە بە تایبەت لە دوای 1970وە وەکوو بەشێکی سەرەکی لە کۆمەڵناسی و بە تایبەت لە بەرانبەر ڕەوتی زاڵی سێکسوالیتەدا سەری هەڵدا. کویر دەتوانێ ناوێک یان کردارێک یان بابەتێک بێت، بەڵام بە تەنیایی لە خۆیدا بەستێنێکی میتۆدۆلۆژیکی و چەمکی نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک سەرقاڵبوونی فیکری و پراکتیکییە کە لە بواری سێکس و ڕەگەز و مەیلی سێکسیدا سەری هەڵداوە. هەرچەند تیۆری کویر، قوتابخانە و ڕێبازێکی فکری و سەربەخۆ نییە لە چەشنی مارکسیزم یان پێکهاتەخوازی و….هتد، بەڵام لقێکی زانستییە کە بە شێوەیەکی نائۆرتۆدۆکسی و پێچەوانەخوازنە کۆمەڵێک بابەت و ڕێبازی ڕەخنەگرانەی لە ڕێبازەکانی دیکە لەخۆ گرتووە.[2] باسی کویر بە واتای دابڕانێک لە بابەتی سێکس و پەیوەندیی ئاساییی سێکس کە پێی دەوترێ هێترۆسێکوالیتە (جیاڕەگەزخوازی) ئەمڕۆکە لە زۆربەی بوارەکاندا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لەخۆ گرتووە.
ستین و پلامێر لە وتارەکەیاندا لە کتێبی (تیۆری کویر/کۆمەڵناسی)، چوار نیشانەی تیۆریی کووئیر دێننەوە کە کووئیر لەم ڕێگەوە هەڵوێستی گرتووە
یەکەم: بڕوا بەوەی کە دەسەڵاتی ڕەگەزی لە سەرانسەری ژیاندا بەردەوامە و لە ڕێگەی سنووردانان و دابەشکارییە دووانەییەکانەوە بەهێزتر دەبێتەوە.
دووەم: پڕۆبڵماتیککردنی بابەتە ڕەگەزی و سێکسوالیتەییەکان بە شێوەی شتانێک کە هەمیشە بنەمایەکی ئاڵۆز و ناڕوونیان هەیە.
سێیەم: پەسەندکردنی ستراتیژی مافی سڤیل و لایەنگری لە پێکهاتەشکێنی و ناوەندشکێنی و خوێندنەوە پێداچوونەوەییەکان و سیاسەتەکانی دژە یەکسانسازی.
چوارەم: خوازیاری پرسینەوە لەو بەستێنانەی کە وەک پانتاییی بابەتە ڕەگەزییەکان ناناسرێن.
لە سەرانسەری ئەم چوار نیشانەیەدا، کویر دژ بەو هەڵوێستە زاڵە ڕادەوەستێ کە هێترۆسێکسوالیتە (ناهاوڕەگەزخوازی- یان جیاڕەگەزخازی) وەک لایەنی دروستی ژیانی سێکسی ڕەچاو دەکا و لەم ڕێگەیەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناهێترۆسێکسوالیتە یان هەمان هاوەڕەگەزخوازیدا دەسەپێنێت.[3]
تیۆری کویر، کۆمەڵێک ئامرازی دیکانستراکتیڤی بە دەستەوەیە کە لە تیۆرییەکانی پاش پێکهاتەخوازی و دیکانستراکشێن و دەروونشیکارییەوە وەرگیراوە. بیرمەندانی وەک میشێل فوکۆ و ژاک دێریدا و کۆمەڵناسانی وەک سێجوێک و جۆدیت باتلێر کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە لەسەر ئەم ئەندێشەیە. بە تایبەت کارێکەی فوکۆ لەسەر (مێژووی سێکسوالیتە)، جۆرێک داڕشتنەوەی تازە بوو لەسەر چەمکسازیی ڕەگەزی و مێژووی لەمەڕ سێکسوالیتە. لە سەرانسەری ئەم بۆچوونە و بۆچوونەکانی دیکەدا، شوناسی ڕەگەزی لە خۆیدا بابەتێکی سروشتی و زاتی نییە، بەڵکوو لای فوکۆ و ئەم بیرمەندانە شوناسی ڕەگەزی وەک شوناسەکانی دیکە کەنستراکتی کۆمەڵایەتییە و هەڵقوڵاوی کۆمەڵێک پەیوەندیی زاڵە لە کۆمەڵگەدا وەکوو دەسەڵات و سیستەمی سیاسی و ئابووری و…هتد. سێجویک پێی وایە سازەییبوون چەمکی دووانەی هاوڕەگەزخواز لە زاتی فەلسەفەی ڕۆژئاوادایە کە ئەمە لە خۆیدا لە گوتارێکی زاڵی دژهاوڕەگەزخوازی پێک هاتووە.
میشێل فوکۆ زۆرترین کاریگەری هەبووە لەسەر تیۆری کویر، کتێبی مێژووی سێکسوالیتە لە ساڵی 1970 دا نووسرا لە ئەنجامدا بزاڤێکی سێکسی لەنێو کولتووری ڕۆژئاوادا بەدی هێنا.[4] فۆکۆ بە ڕەچاوکردنی ڕوانگەیەکی مێژوویی، لە ڕاستیدا ئاکاری هاوڕەگەزخوازی وەکوو بابەتێکی کانستراکتیڤ و مێژوویی ناوزدە دەکات کە لەژێر کاریگەریی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی/مێژووییدا پێک هاتووە و هەنووکە بە واتای بەشێک لە وتاری زاڵی سێکسی بووەتە بنەمایەک بۆ ڕژێمە دەسەڵات/حەقیقەتەکان. بە ڕای فوکۆ چەمکی سێکسوالیتە لە سەردەمی مۆدێرندا تووشی گۆڕانێک و وەرچەرخانێکی سەرەکی هاتووە.
پێی وایە مانای سێکسوالیتە لە سەردەمی یۆنانی کۆندا پەیوەست بووە بە بابەتی چێژ و ئەخلاقی خۆسەروەری (self-mastery). لە سەردەمی مۆدێرندا سێکس بووە بە بەشێک لە گوتاری حەقیقەت لەم سەردەمەدا، شەپۆلێک لە دەستوور و بڕیاری سێکسی لە پێناو زانستەکاندا وەک دەروونناسی و پزیشکی و جەماوەرناسی بە دەوری سێکسوالیتەوە بەدی هاتن. بەم پێیە بە ڕای فوکۆ سێکسوالیتە لەم سەردەمەدا دەسکەوت و بەرهەمهاتووی زانستە. کەوابوو سێکسوالیتە نە بەشێکە لە ژین و جەستەی ئێمە نە بابەتێکی نەگۆڕ و سروشتییە. هەر چەشنە ئاکارێک دژ بە یاسا و بنەما زانستییەکانی سێکسوالیتە، بۆ نمونە هاوڕەگەزخوای بەشێک بوو لە پێشێلکردنی یاساکان و بەم پێیە هۆکاری شەرمەزاری و سزا بوو. ڕژێمی سێکسوالیتەی نوێ بە واتای ڕژێمێکی حەقیقەت، جیهانێکی نوێ بەدی هێنا کە تێیدا کۆمەڵێک ئاکاری وەک هاوڕەگەزخوازی و ئەنجامدانی خووی نهێنی و ئاژەڵبازی.. هتد بە واتای بەشێک لە ترازانی کۆمەڵایەتی/ئەخلاقی دەکەوتنە بەرامبەر لایەنی سروشتی و ئەخلاقی پەیوەندیی سێکسی واتە ناهاوڕەگەزخوازی. شەڕی فوکۆ ئەوەیە سیستمی مۆدێرن بە دابەزاندنی ئاستی سێکسوالیتە بۆ پەیوەندییە سێکسیەکان، کۆمەڵێک دابەشکاری چەمکی لەنێو کۆمەڵگەدا بەدی هێناوە و بەم پێیە ڕێگەی خۆش کردووە بۆ زاڵبوون و دیسپلینی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتدای بەسەر مرۆڤەکان.[5] هەرچەندە بە ڕای سپارگۆ، ئەم مۆدێلە گشتییەی فوکۆ لە خۆیدا بنەمایەکی سەرەکییە بۆ تیۆری کویر[6]، بەڵام نووسراوەکانی باتلێر لە کتێبی (کێشەی جێندەر)دا بوو کە بوونە بەشێکی سەرەکی لە تیۆری کووئیر.
باتلێر ڕەگەز بە واتایەکی نمایشی ڕەچاو دەکات نەک دیاریکراو، واتە ڕەگەز بریتییە لە کۆمەڵێک بۆچوونی بێ هۆ کە بنەماییەکی هەژموونی لەمەڕ شوناسی ڕەگەزی پێک دێنێت. باتلێر بەم پێیە ڕەگەز وەک تێگەشتنێکی کولتووری لە جەستەیەکی بیۆلۆژیکی جیا دەکاتەوە لە سێکس وەکوو جەستەیەکی بیۆلۆژیکی و سێکسوالیتەش بە واتای بەکارهێنانی ئۆبژەی سێکش دێنێتەوە. بەڵام ئەم دیاردانە ڕەنگە ئاوا بەم شێوەیە لەلایەن تاکەوە لێک جیا ناکرێتەوە. چونکە ئەمانە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوی دیدا بەدیهاتوون بوونەتە شوناسی تاک[7]، بۆ نموونە پیاو کەسێکی خاوەن پیاوەتی و ئەندامی نێرینە و جیاڕەگەزخوازە، کەوایە پیاوەتی و جیاڕەگەزخوازی پەیوەندییەکی ئەم ئەوەکییان هەیە. ڕەگەز لایەنێکی نمایشی دەدات بە تاک کە بەو شێوەیە ژیانێکی سێکسی پێک بێنێت. کەوابوو سێکسوالیتە هەمان لایەنی نمایشی و کانستراکتی ڕەگەزە، باتلێر چەمکی بیسێکسوال بەکار دەهێنێت بۆ تاووتوێکردنی باسی نمایشیبوون بابەتێکی کارامەیە. بە ڕای باتلێر، درێژەداربوونی نمایشی ڕەگەزە کە ڕێگە دەدات ڕەگەزەکان بە شێوەی کولتووری داسەپێن، ئەمە شێواز و ڕێسای سێکسوالیتە (ژنانەبوون یان پیاوەتی) دیاری دەکات.[1]
پەراوێزەکان:
[1].Ahmed,S (2006) Queer phenomenology: orientations,objects , others, London: duke university press, (p/4).
[2] spargo,T (1999) Foucault and queer theory , New York, Totem books , (P/9)
[3].stein ,A & Plummer,K (1996) “ l can’t even think straight “ : “queer” theory and missing sexual revolution in sociology. In queer theory / sociology ed. S,seidman, Cambridge;Blackwell, (P/134).
[4] spargo,T(1999) Foucault and queer theory, New York , Totem books.(P/10-11).
[5] سیدمن، استیون(1386)، کشاکش آرا در جامعەشناسی، ترجمە :هادی جلیلی، تهران، (ص/6&222).
[6] هەمان سەرچاوەی پێشوو (ص/26)
[7] butler ,J. (2006), gender trouble ,New York, routledge (original work published 1990), (P/23).