ناو: مەحمود
ناوی باوک: قادر
نازناو: مەحمود سەید بەسێ
نووسینی: وشیار عەلی حسێن
ناوی تەواوی (مەحمود قادر لاس) ە، چونکە باوکی زوو مردوە لەنێو خەڵکیدا بە دایکی هەڵدراوەتەوە و ناسراوە بە مام (مەحمودی سەید بەسێ) . بە پێی تەسکەرەی نفوسەکەی لە (01-07-1907) لە #باشتەپە# لە دایک بووە، لە هۆزی (سیان) ن، ئەو بۆ خۆی و باوک و باپیری لە باشتەپە ژیاون پێشتر کە باسدەکرێت بنەماڵەکەیان لە گوندی (#سەرسیان#) ی بەری #مەرگە# و #پشدەر# ژیاون.
مام مەحمود، تا ماڵئاوایکردنی لە گوند تەمەنی گوزەراندوە و ماڵ و حاڵی هەر لەوێ مابوو. ئاسایی وەک گوندنشینان ڕۆژانی ژیانی خۆی بە مەڕداریی و شوانکارەیی بەسەر بردووە.
مام مەحمود تاقانەی دوو خوشکان بووە، ئەوانیش خاتوو (سێوێ خێزانی حاجی حسێن زێڕین سیان) و خاتوو (مەیاس خێزانی مام عەباس عەوڵا کوردە جاف) .
لە ناوەڕاستی چلەکاندا هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (خدیجە عەوڵڵا کوردە) باشتەپەیی کردووە، ئەم زەواجە ژن بە ژنێ بووە، لەم خانمە بەڕێزە بووەتە باوکی حەفت منداڵ؛ دوو کوڕ (مام حاجی قادر و حاجی جەوهەر) و پێنج کچ (فاتیمە؛ خێزانی مام مەلا قادری پلکە مەیاس، گەلاوێژ؛ خێزانی مام ئەسعەد مەولود دوکەڵەیی، عائیشە؛ خێزانی مام کاوێس حەسەن کوردە #سۆربەش#ی، ئامینە؛ خێزانی کاک عەبدوللە #گردەسۆر#ی، مەمخان؛ خێزانی کاک یونس #گاینجی#) .
دەگێڕنەوە، کە مەرحومی مام مەحمود، نیشان شکێنێکی کارامە و خولیای ڕاوکردنی هەبووە.
مام مەحمود، حەیرانبێژێکی هەستناسک و نەغمەیەکی خۆشی هەبووە، کاسێتی تۆمارکراوی تایبەت بە حەیرانەکانی بڵاوبووەتەوە، و لە لای خەڵک بەردەستە. ئەو زۆربەی حەیرانەکانی لەنێو دیوەخانی گوند و کۆڕ و کۆبوونەوەی دۆستان و ڕەفیقانی گوتوە، لە بۆنە گشتییەکاندا بەستەی دەگوت. لەگەڵ مام (دەروێش سمایل) نێوانی خۆشبووە و جارەهای جار دووقۆڵی مەجلیسیان گەرمکردووە، مخابن لەو هەموو بەرهەمەیدا هەر تەنیا ئەو کاسێتەی ماوە لە لای خەڵک بڵاوە، و سەرجەم بەرهەمەکانی دیکەی فەوتاون. ئێمە لە خوارەوە نموونەی دەقێکی تۆمارکراوی یەکێک لە حەیرانەکانی ئەومان داناوە.
مام مەحمود، ساڵی (1980) بە یاوەری خاتوو خەدیجەی خێزانی و مام حاجی قادری کوڕی سەفەری حەجی ماڵی خودای بەجێهێناوە.
خودا لێیخۆشبێت مام مەحمود لە ئاخرو ئۆخری عومری بەهۆی نەخۆشییەوە کە بڕستی لێ بڕیبوو لە ڕۆژی (سێشەممە) ڕێکەوتی (#05-01- 1982#) لە دوای (75) ساڵ تەمەن، لە گەڕەکی (مەهاباد) ی شاری هەولێر لە ماڵی مام حاجی قادری کوڕی گەورەی کۆچی دوایی کردووە، و لە گۆڕستانی (#گردەشینە#) لە گوند بە خاکسپێردراوە.
() ئەمەی خوارەوە، نموونەی تێکستی حەیرانێکی تۆمارکراوە بە دەنگی حەیرانبێژ (مام مەحمود سەید بەسێ) :
ئاییی... ئۆییی....
ئەرێ برای، لە برادەرینە..
دیسان دەرێم ئەوڕۆکە..
بەوێ سبیانێ، بە کێندەرێ دابرێم..
دەرێم چەندە بە مەرگێ خۆم، و کوڕینیم..
وەکی دادەنیشتین لە داران لە دارەبەنێ..
ئەمان لەسەر تاقمی قاوەیێ..
لە مەجلیسی خانەدانان..
یەکیان مەجلیسی سەید ئەحمەدی شێخانان..
برا دەرێم، لە هەرشەمێ..
ئەمن، ئاوڕەکی ملم دەداوە.. لەبەر شانەکی ملی..
ئامان، لەبەر کیژە قەپەک و مامخاران..
وەکی دێنەوە لە قۆدیلکە، قۆدیلکەیێ زەرواوێ..
ئەگەر ئەوان شل و ملی، چاو بە کلی، گەردەن کێلە..
لە بۆ من ناز دەکەن، یەکیان ئەسمەرێ زراری... [1]