خەنجەری خێڵ 06
#شەماڵ بارەوانی#
من یاخیم، کەواتا من هەم..!
ئێرە کۆمەڵی تەڕەماشە تەڕەماش.
من ناوم ناوە کۆمەڵی کەریمۆکی.
کۆمەڵی ماسک، کۆمەڵی کەریمۆکی، کۆمەڵی تەڕەماش.
بەهار گیان:
ئەو کۆمەڵەیە: لێناگەڕێت من و تۆ و تاکەکان بە پێی حەز و ئازادی و ئارەزووی خۆمان بژین. لەم کەریمۆکستانەیە، ئازادی مرۆڤەکان بە کۆمەڵێک تابۆی ئایینی و بڤەی مەزهەبی و هیڵی نەریت و تەلبەندی خێڵ و تابووتی نێرسالاریەوە، لە قاڵب دراوە و دەور دەدراوە.
مەرج نییە، تاکێک کە ماسک دەبەستێت، حەزی بەو بەستنەی ماسک بێت و بە ویست و ئازادی و ئیرادەی خۆی ئەو ماسکەی بەستبێت، نەخێر، بەڵکوو ئەوە خەنجەری خێڵ و مەزهەب و، کەریمۆکە گەوادەکانن ناچاری بەستنی ماسکیان کرادووە.
لەو ماسکستانە و کەریمۆکستانە لێمانناگەڕێن خۆمان بین، بە ویستی خۆمان هەڵبژێرین و بە حەزی خۆمان و بە پێی بیرو باوەڕ و قەناعەت و خەون و خولیا و ئاواتەکانی خۆمان بژین.
لێرە هەموو شتێکمان دەبێت بە پێی هەڵبژاردنی کەریمۆکە ناحاڵیەکان و بە ویستی ئەویتر و لە سنووری خەنجەری خێڵ و کولتووری نێرسالاری و حەز و ئارەزووی ئەوانیتر بێت.
لەو کەریمۆکستانە، هێشتا لەدایک نەبوویتی ناوت، مەزهەب و ئایین، ئایدیۆلۆژیا و ئاڕاستەی سیاسی و حزب و خێڵ و خەنجەر و هەمووشتێکت بۆ دیاری کراوە و جاری وابووە بە شوشدراوی.
لێرە، ناولێنانت و هەنگاوەکانت، پێکەنین و گریانت، خەون بینین و نان خواردن و پۆشینی جلەکانت، دەبێت ڕێک هەمووی کۆپی هی باوک و باپیر و حزب و خێڵ و مەزهەب بێت و بە دڵ و هەڵبژاردنی ئەوانیتر بێت.
لێره ناویشت تا حەوت پشت دەبێت لەسەر ڕیتم و وەزن و قافیەی باب و باپیرانت بێت.
بەفرین عیزەدین تاجەدین قوتبەدین فەخرەدین غەیاسەدین ڕەحمانەدین.
کادر نادر جادر قادر باندڕ.
کارزان ڕەمەزان تەڕەزان...
کوڕە هەی قەحپە بابی سەگ باب، وەک هاوڕێیەکم گوتی:تۆ ناو لە مناڵەکەت دەنێیت یان شیعر دەنووسیت هاهاها.
لەو کەریمۆکستانە، بۆ ئەوەی بژیت، ژیانێکی بێ حورمەتکرا و ئەتکراو، ژیانێکی لە مانا بەتاڵ کرا و بە قەفەس کراو، ژیانێکی دەستبەسەرداگیرا و بێ بەهاکراو، ئەوە دەبێت من و تۆ ببین بە کۆیلەی باوک و برا و کەریمۆکەکان و ڕەگەڵ مێگەڵ بکەوین و سەر بە ئایینی دەوڵەت بین.
هەڵگری ئەو ئەقیدە و بیروباوەڕە بین، کە هەموان لەسەری دەڕۆن.
بەڵێ دەبێ ئێمە لەسەر مەزهەبی کەریمۆکەکان بین و وەکو پەندە کوردیەکە دەڵێت (تەبای عامێ، دەچمە شامێ) بژین و، ڕێک هاوشێوەی ئەوانیتر بیربکەینەوە و کۆپی پێستی تێگەیشتن و دۆگم و سێبەری ئەوانی تر بین.
بە پێی بڕیاری خاڵە نەسیج و هاوشێوەی ستایڵی باجی مەنیج و پلکە خەجیج عەبا و لەچک و جل لە بەربکەین و بە هەمان شێوەی ئەوان بپۆشین و ڕێگا بکەین و ڕێک نوسخەیەکی تەواوی ئەقڵیەت و قەناعەتی ئەوانیتر بین.
هەرگیز، بوێری ئەوە نەکەین جیاواز ببینین و بیربکەینەوە و هەنگاو بهاوێژین و خاوەنی ڕوئیا و بیر و باوەڕێکی تر و دیدێکی تری جیاواز و جودا بیر بین، گەرنا کەریمۆکە ژن کوژەکان، بە خەنجەری خێڵ، سەرمان دەبڕن.
بەهار گیان: ترسنۆکەکان هەموو ڕۆژ دەمرن و مرۆڤە زیرەکەکان تەنها یەکجار. کە هەردەمرین، دەی با مردنێکی شەرەفمەندانە بمرین.
بەهار: من بەو یاخی بوونەم دەزانم لەو ماسکستان و کەریمۆکستانە، لەو خێڵستان و جەهلسانە، هەرگیز، جێگام نابێتەوە و ڕۆژێکی ڕەش و چارەنووسێکی نادیار لە چاوەڕوانیم دایە و دوو ڕۆژە کەریمۆکە سمێڵ زلی ئەقڵ بچووک، بە خەنجەرەکەی بەر پشتی هەڕەشەم لێدەکات کە ئەگەر بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ئەو پیاوە ڕازی نەبم، کە لەتەمەنی باپیرەمە، ئەوا خەڵتانی خوێنم دەکات. وادەزانێت من لێی دەترسم و حیسابی بۆ دەکەم !
پیف لە کەریمۆکە ترسنۆکی خێڵەکی، من بە تیشکی ڕۆشنگەری و هێزی ئەقڵ ڕووبەڕووی هەرچی خەنجەر و مەزهەب و خێڵ و پیاوسالارە دەبمەوە و حیسابی یەک تاقە پێلاویشان بۆ ناکەم.
کەریمۆکە گەواد تۆ خۆت بەچی دەزانیت تا بە خەنجەر و خێڵ هەڕەشە لەمن بکەیت و چاوە حیزەکانتم لێ سوورکەیتەوە؟ ها؟ هەی سووک.
من سیزیفە کەر و ترسنۆکەکەی کامۆی عەدەمی و پووچگەران نیم، تا بێم و تاتە بەردێکی گواوی و گەوره بخەمە سەر شانم و هەموو ڕۆژێک لەگەڵ گزنگی بەیانی بۆ جەنابی کاکە قەدەر بەرم بۆ لوتکەی کێوی عەبەس و خلۆر بێتەوە، دووبارە و دەبارە و تا ئەبەد بارە لەگەڵ ئەو ئەفسانە پووچ و فیلمە قوڕەی خاڵە سیزیفی خۆ تڕێن، ئەو ماندوو بوون و هیلاکیه بێ مانایە بکێشم!
نەخێر، من بەردەکە خلۆر دەکەمەوە و دەیکێشم بە مێشکی هەرچی مەزهەب و نەریت و خێڵ و سمێلە.
من سەروینم سەروین.
من ڕۆڵەیەکی میترایی و هەڵۆیەکی زاگرۆسیم و لە لۆتکەی چیاکانەوە هاتووم.
نازناوم هەڵگوردە و لە مناڵدانی چەمکی ئازادییەوە لە دایک بووم.
پشتم ئاهۆرامەزدایە و پەیامم:بیری چاک و وتەی چاک و کرداری چاکە.
دەستێکم ئاڤێستا و دەستەکەی ترم مەسحەفا ڕەشە و ڕەگیشم دەچێتەوە سەر تیشکی خۆر.
نە کەریمۆک و نە هیچ خێڵ و مەزهەب و نێر و نەریتێک، هەرگیز، ناتوانن ڕۆحە ئازادەکەی من، بکەنە ناو قەفەسی کۆیلایەتییەوە.
من سەروینم سەروین، کچێکی ئێزداییم.
من (مادام بۆڤاری)م، مادام بۆڤاری. ئەگەر ئەو ئەکتەرێکی سەرکەشی ڕۆمانەکەی گۆستاڤ فلۆبێر بێت، ئەوان منیش یەکێک لە ئەکتەرە سەرکەش و سەرچڵەکانی دنیام دنیا، منم سەروینی یاخی و کەریمۆکە تڕۆکەر، سەروینی خێڵ بەزێن و نەریت بن پێخەر، سەروینی چاو نەترس و خەنجەر شکێنەر.
کەریمۆکە جاهیل، دەتەوێت بە زۆر و لەژێر فشاری خەنجەر، ناچاری چوونە دۆزەخ و شووکردنێکی زۆرە ملێم بکەیت؟ حەدت چییە، هەرچی پیرۆزیتە دەیکمە پێڵاو لە پێیەکانمی دەکەم.
بەڵێن بێت، وانەیەکی وات بدەم، بۆ باوکی باوکیشت تەمێت کەم و عەرشت بهەژێنم و ئەژداو ئابات بهێنمە بەرچاوەکانت و تا حەوت پشتیتر ڕووت نەبێت، جارێکیتر باسی خەنجەر و خێڵ و سمێڵ و گوو بکەیت. کەریمۆکە قاڵونجە، بە مەرگ هەڕەشەم لێدەکەیت؟
من ئەگەر لە مردن بترسم، نابێت سەیارە بئاژووم، نابێت لە ماڵ بچمە دەرەوە، یەکجار ئەوەندەش گیانی خۆت لا شیرین نەبێت، دەی خۆ هەر ئەمرین، ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی! تۆ هێشتا لە سەرەتایی ڕێگەکە دایت و دڵنیابە ئاستەنگ و ڕێگری زۆر دێتە بەردەمت٭. سەروین مەترسە و خۆڕاگربە. مەترسە و زیاتر یاخی بە، مەترسە و زیاتر لە ڕووی کەریمۆکەکاندا بووەستەوە و بەسەریاندا بگۆڕێنەوە و وەکوو فیشەگێکی هار و سەرشێت، بەسەریاندا بتەقەوە.
ژیان واتا یاخی بوون و جەنگە، جەنگ، تا ئەو کاتەی ئاشتی دەبێت بە زمانی جیهان و مەزهەبی مەڕێتی لەناو دەچێت،
ئەو ڕۆژه قسەیەکی زۆر جوانی عارفێک وبیرمەندێکم خوێندەوە، بەڵام بەداخەوە لەکۆتاییەکەی گووی لەقسەکەی خۆی کردەوە و قسەکەی زور قوڕ و بێ ماناکرد و هەر بەڕاستی بەهار زۆر لە جەویدام دەزانی چی نووسی بوو؟ مرۆڤ بەشێکی یەکجار زۆر لە ژیانی لەجەنگدا دەباتە سەر. لەدەرەوە لەگەڵ ئەوانی تردا دەجەنگێت، وە لە ناوەوەش لەگەڵ خۆی. وەک ئەوەی کە ئەو یەک ڕێگە بۆ ژیان دەناسێت و ئەویش جەنگ کردنە.
هەر بەم هۆکارەیە کە ئێمە بەدبەختیمان بەرهەم هێناوە. ناتوانین بەجەنگ بگەینە ئاشتی. با فێربین و ئەم کۆنە خوەی هەمیشە لە شەڕا بوونە واز لێبێنین. ئامۆژگاری من بەرگری نەکردنە، شەڕنەکردنە. پێویست بەشەڕ ناکات.
بریا خاڵە دیکارت تۆش یەک ڕبە ڕیخت خواردبا گەلێ لە کۆجیتۆیەی چاتربوو:من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم.
یان ئەو قسە قۆڕەی وجودی و بوونگەراکان گوایە بۆ خاڵە دیکارتیان ڕاستکردووەتەوەمن هەم، کەواتە من بیردەکەمەوە وەی تەتەو.
ئێ هەی تەرەس باب و قەحپه بابینە، چی بوون پێش بیرکردنەوە بکەوێت و چی بیرکردنەوە پێش بوون، جیاوازی چییە، ئەگەر یاخی بوون لە پێش هەردووکیاندا نەبێت؟ ڕاستیەکەی:من یاخیم، کەواتە من هەم. بەڵێ من یاخیم. یاخخححخخخخخییییییییییییی.
بەهارگیان: من مرۆڤە یاخیەکانم زۆر خۆشدەوێ، ئەو یاخیانەی پڕەنسیپی سەرشۆڕی و مەزهەبی ڕادەست بوون و فەلسەفەی مەڕێتی ڕەتدەکەنەوە.
من دڵنیانیم ئەو چیرۆکەی شەیتان و باوکە ئادەم میتالۆژیا و خۆڕافەیە.
یاخود وەکوو لۆدڤیک ڤێنگشتاین دەڵێت:هەموو ئەفسانەیەک حەقێقەتێکی لە پشتە. خۆزیا قسەکەی مامە ڤێنگشتاین ڕاستبێت.
هەرچی بێت، هەڵە، یان ڕاست، وەلێ من دڵنیام ئەو شەیتانە بوونەوەرێکی زۆر باش و ڕێزداربووە و ستەمی لێکراوە و بە هەڵە بە شەیتان و دێوەزمەکراوە ناو و سومعەی لە مێژوودا لە کەدارکراوە. من زۆرم خۆشدەوێ زۆر. چونکوو ئەو کەسێکی یاخی بوو و بە خوای گەورەی گوت:بوەستە! نەخێر، من ئەو فەرمانەت جێ بە جێ ناکەم و کڕنۆش بۆ ئادەم نابەم.
ئافەرین بۆ ئەو، بۆ بوێریەکەی، مرۆڤ دەبێت هەندێک جار هەندێک کەس لە سنووری خۆی بوەستێنێت و نەخێری بۆ بکات و لە فرمانەکانی یاخی بێت، جا ئەو کەسە با خوای گەورەش بێت.
بەڕاستی ئەو ڕابەری هەموو یاخی بووان و ئازادی خوازانی جیهانە. یەکەم کەس بوو وشەی (نەخێر)ی هێنایە ناو فەرهەنگی ژیان و بوونەوە. خۆشم دەوێ، خۆشم دەوێ. من قوتابی ئەوم تامردن و بەڵێن بێت تا مردن لەسەر ڕێبازەکەی ئەو دەڕۆم.
بەهار: کەریمۆکەکان دەیانەوێت، ناچارمان کەن لە ئاشکرایی و لە بەردەم هەمواندا، شتێک بکەین و بڵێین، کە بڕوامان پێی نییە. دنیایەک بت و تابۆ و هێڵ و شتمان بە سەردا بسەپێندرێت، کە لەناخەوە نەفرەتی لێدەکەین و قەناعەتمان پێی نییە و نقەقەش نەکەین!
گوویان خواردووە، گوو. من ئەو کچە جەبانە نیم بەسەر شۆڕی ڕازی بم.
(ریچارد هێڵ)ی نووسەری ئەمریکی، کتێبێکی هەیه بەناویکچێ خۆت بە، بەڵێ من خۆمم خۆم.
من فرچکم بە یاخی بوون گیراوەتەوە، یاخی بوون.
کەریمۆکە گەواد هیوادارم لە هیچ شتێک کە تا ئێستا ڕاستی نەکردووە، لەوە ڕاستبکات، کەمن لە خوێنی ئەو نەبم. شەڵڵا لە کەرێک دەبووم، بەڵام کەریمۆکە خوێڕی و نامرۆڤ نا، خوێنی سەگم لە دەمار و لەش دەبوو، بەڵام هی نامرۆڤ و دڕەندەیەکی وا نا.
بەهار گیان لەو کەریمۆکستانە، تاک، بە تایبەتی ژن، بڕوای بە زۆر شت نییە، بەڵام لەبەر لۆمەی خەڵک و سەرزەنشتی ئەویتر و پێوەرەکانی نەریت و ڕێساکانی خێڵ و ترسی خەنجەر و سیاسەتی باو فۆبیای خێزان و تابۆی ئایین و هەڕەشەی مەزهەب، ئەنجامی دەدات.ئێره، کۆمەڵی ماسکە ماسک! کۆمەڵی کەریمۆکە هیچ و پووچییه، کۆمەڵێکە بە زۆری مرۆڤەکان دەکات بە دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵ.
مرۆڤێک لە ترسی یاسا توندەکانی دەوڵەت، سەرزەنشت و لێ پێچینەوەی خێزان، لۆمەی کۆمەڵ و ئەوانیتر، کەڵبەی مەزهەب و ئەقڵیەتی بابسالاری و لە دەرەوە و لە بەرچاوی هەمواندا، لەچک و باڵاپۆشی بکات.
لە کۆمەڵی ماسکدا، خەڵکی ناچاری بەستنی ماسک دەکرێت و لەسەر نەبەستنی ماسک، مرۆڤ بێ ڕێزی و سوکایەتی پێ دەکرێت و ئازادییەکانی دەست بەسەردادەگیرێت و کەسایەتی تیرۆر دەکرێت.
لە کۆمەڵی ماسکدا، مرۆڤ بوونی زیندانی و کەسایەتی بێ ئیرادە و بێ سەر و شوێن دەکرێت و حەزەکانی گەمارۆ دەدرێت و تەواوی ژیانی لە قەفەس دەکرێت.
بە تاوانی دژایەتی کردنی ماسک و بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزیەکانی ماسک، خوێنی حەڵاڵ دەکرێت و دەکوژرێت. لە کۆمەڵی ماسکدا، مرۆڤ هیچ هەڵبژاردن و ڕێگایەکیتری نییە و مەحاڵە و دەبێت وەکو هەموان ئیلا ماسک ببەستێت، یان بۆ ئەوەی گیان و کەسایەتی سەلامەت و سەر و گیانی پارێزراو بێت، دەبێت خێرا ڕابکات بۆ هەندەران و تاراوگە و ژیانی نامۆیی و وڵاتی ماسکستان و کەریمۆکستان جێ بێڵێت. لە کۆمەڵی ماسکدا، شتێک نییە بە ناوی ئازادی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و ڕێز گرتن لە ئازادیەکانی مرۆڤ. لە کۆمەڵی ماسکدا، دەبێت تۆ بەو شێوەیە بژیت، کە کەریمۆکی باوکم و مام ڕەحمان و خاڵە ڕەحیم و حاجی باندڕ و کوێخا خدر و کێو کێیتر و هەموو ئەوانیتر قبوڵیانە، نەک وەکوو ئەوەی خۆت دەتەوێت و ئارەزوو و خولیای دەکەیت و قبووڵتە.
لە کۆمەڵی ماسکدا، تۆ پێچەوانەی سێبەری خەنجەری خێڵ و شەپۆڵی مێگەڵ و ئاڕاستەی باو، مەلە بکەیت و هەنگاو بنێیت و قسە بکەیت و بیربکەیتەوە، کەسێکی مەنبوز و نەخوازراویت و هەموان بە کەم سەیرت دەکەن و سوک سەرنجت دەدەن. لە کۆمەڵی ماسکدا، وای لە حاڵت، بوێری ئەوە بکەیت، کەسێکی یاخی و ئەنتی باو بیت. ڕازی نەبیت بە قسەی کەریمۆکەکان بکەیت و تەبای عامێ(مێگەڵ) بچیتە شامێ و لەسەر پەتی ئەوانیتر یاری بکەیت. لەو کاتەدا، شەپۆلێک خەنجەر و سمێڵ و بێ ڕێزی و دنیایەک قسەی ناخۆش و دەرزنێک جوێنت بۆ حەواڵە دەکرێت و بێ ئەندازە سوکایەتی و بێ ڕێزیت پێ دەکرێت.
وەکو کەسێکی دەرچوو لە ئایین و بەزێنەری سنووری ئادابی گشتی و تێکدەری ڕەوشتی کۆمەڵ و تابۆ شکێن و یاخی بوو له دابوونەریتە سوواوەکان و کۆدەکانی مەملەکەتی کەریمۆک(ماسک) و نەریتگەرا و سونەتی و مەزهەبی و وەکوو ئەهریمەنێکی شەڕانگێز و لوتکەی خراپەکاری و کەسێکی بێ ئەدەب سەیر دەکرێیت.
بەردەوام هەوڵی ناشیرینکردن و نابووت کردن و بە دڕندەکردن و پەراوێزخستنت دەدرێت. بۆیە ئامان و هەرگیز، نەکەیت کەرایەتی بکەیت و بیر لەوەها کارێک بکەیتەوە، هەموان بکەیت بە دژ و دووژمنی خۆت. هاهاها نەترسیت بەهارگیان گاڵتەم کرد. کچێ من هەرچی نەریت و خەنجەر و خێڵە، هەرچی نێرسالاری و سمێڵە، هەمووی دەخەمەژێر پێیەکانم. کەریمۆکی نامرۆڤ و خوێڕی بەو سمێڵەحیز و زلەی کە بە هێماو نیشانەی پیاوەتی دادەنێت دەبەستمەوە هاهاها
ئەگەر یاخی و بوێر نەبیت و لە ڕووی هەموو بتەکان نەوەستیتەوە و لە بەرامبەر مینتاڵێتی خێڵ نەڵێیت:یەع و نەریت نەتفێنیتەوە و دژی ژن کوشتن هێڵنج نەتگرێت، دڵنیابە تۆ وەکو مرۆڤ و تاک ئیتر کۆتاییت پێ دێت و دەبێت چیتر دەست بەرداری تاک بوون و ئازادی بوون و ڕووی ڕاستەقینەی خۆت بیت و ڕادەستی هەموو بکەو نەکەیەکی ئەوانیتر ببیت.
ببیت بە بەشێک لە هەموان و پەزێکی ناو مێگەڵ و ناچار دەست بخەیتە سەر دەمت و وەکو هەموان ماسک بپۆشیت و بێ دەنگ، ئاقڵ و ئۆخەی لێی دانیشیت و بە کەریمۆکەکان بڵێیت: بەڵێ ئەزبەنی تۆ هەرچی بلێیت هەمووی ڕاستە و من لە خزمەتتدامە. جڕت لۆ کەریمۆکەکان هاهاها.
لە کۆمەڵی ماسکدا، لە لایەن کەریمۆکەکانەوە هەمیشە دەست لە تایبەتمەندیەکانمان وەردەدرێت و پرسیار لەبارەی هەموو شتێکتەوە ئاڕاستەمان دەکرێت و سمێل زلەکان بە شوێن خەونەکانمانەوەن.
چی دەخۆیت؟ شەو چی خەونێک دەبینیت؟ بۆچی مێرد ناکەیت؟ بۆچی تەڵاقدرایت؟ ژمارەی نەعلەکانت چەندە؟ بۆچی قاچ و قۆڵ و قژت به دەرەوەیه ؟
بۆ لەچک ناکەیت؟ بۆ نوێژ ناکەیت؟ بۆچی وازت لە ئایین هێنا؟ بۆچی و بۆچی و بۆچی؟
لە کۆمەڵی ماسکدا، دەبێت تۆ بۆ ئەوانیتر بژیت و ماسکێکت پێدەبەستن، لە دەرەوەی ویست و ئیرادە و هەڵبژاردنی خۆت، لە دەرەوەی خۆزگە و خەون و خولیا و حەزی خۆت.
کۆمەڵی کەریمۆکی هەموو ئەو کۆمەڵانەی پۆپۆلیست و تۆتالیتار و فاشیست و نەریتگەرا و خێڵەکی و نێر سالارن.
ئەو کۆمەڵانەی ئاشنای پێوەرەکانی دنیای مۆدێرنێتە و پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون و بنەماکانی یەکسانی جێندەری و فەلسەفەی لیبڕاڵیزم نەبوون.
ئەو کۆمەڵانەی باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ و، ئازادییەکانی ژن و سەربەستی ژن و و پلورالیەت و تولەرەنس و هێزی تاک و زمانی دیالۆک نییە.
ئەو کۆمەڵانەی لە جیاتی گفتوگۆ و قەناعەت بۆ دروستکردن و لێک تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی تاک و دەرفەت دان بە ئەویتر و خۆ سەلماندن، پەنا دەبەنە بەر دیکتاتۆریەتی دەستەجەمعی و فشاری ناشارستانیانە و سەرکوتکاری و سەپاندن..
27ی بەفرانباری 1970، دێی: ماڵی خێڵان.
سەروین وای دەگوت..[1]
-----
٭ئەو نووسینەی ناو جووت کەوانە بچوکەکەم لە ڕۆمانی خوێنەکەی بەرپێی سنەوبەری گەشبیر ئەحمەد وەرگرتووە.
٭ئۆشۆ، لە(کتێبی بڵێ بەڵێ. وەرگێڕانی هاوبیر کامەران)وەرگیراوە.