شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو؟
کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو
دڵم وەک حاکمی مەغدوورە قوربان
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان
چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!
سروشکم نەخشی ناوی تۆ دەکێشێ
کە جێی سێدارەکەی مەنسوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە بۆیە
لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵۆزە چاوت؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
لە دووریت من وەکوو بولبول دەناڵم
بە وەسڵت عالەمێ مەسروورە ئەمشەو
سوپای موژگان و تیغی ئەبروانت
شکستی فیرقەیی تابوورە ئەمشەو
ئەگەر یاران دەپرسن حاڵی کوردی
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو [1]
#دیوانی کوردی#
#کوردی#