#شاسوار عەبدولواحید#، لە ڕێی میدیای سێبەرەوە هەڵمەتێک لە دژی 12 پەڕڵەمانتار بەڕێوە دەبات کە بایکۆتی کۆبونەکانی پەڕڵەمانی کوردستانییان کردووە.
شاسوار عەبدولواحید، لە ڕێگەی دەیان پەیجی سێبەری خۆیەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر 12 پەڕڵەمانتار کە پێکهاتوون لە پەڕڵەمانتارانی #کۆمەڵی دادگەریی کوردستان# و پەڕڵەمانتارانی سەربەخۆ.
شاسوار عەبدولواحید ئەو پەڕڵەمانتارانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەوام ناکەن و موچەی پەڕڵەمانتاریش وەردەگرن. گوایە تەنیا سێ پەڕڵەمانتارەکەی #نەوەی نوێ# ڕاستگۆ بوون و موچەکەنیان وەرناگرن. بەڵام ئەو 12 پەڕڵەمانتارە بایکۆتی پەڕڵەمانیان کردووە و موچەی مانگانەی خۆشیان وەردەگرن.
تا ئێستا تەنیا یەک پەڕڵەمانتار بەشێوەیەکی فەڕمی دەستی لە کارکێشاوەتەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەشی قبوڵ کراوە و لە شوێنی ئەودا کەسێکی دیکە دەست بەکار بووە ئەویش پەڕڵەمانتاری #بزووتنەوەی گۆڕان# شایەن عەسکەری بووە.
پێنج پەڕڵەمانتاری #یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان#یش بە تەواوی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمان دەست لە کار کێشانەوەکەیانی نەخستووەتە بەرنامەی کار، هەر کاتێک دەست لەکار کێشانەوەی ئەو پەڕڵەمانتارانە پەسەندبکرێت، لە شوێنی ئەوان پێنج کەسی دیکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەو پەڕڵەمانتارانە سوێندی یاسایی دەخۆن.
شاسوار عەبدولواحید، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە تەنیا پەڕڵەمانتارەکانی نەوەی نوێن کە موچەکانیان وەرناگرن و دەوامیش ناکەن لە پەڕڵەمان. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕڵەمان تا ئەو کاتەی دەست لە کار دەکێشنەوە و لە کۆبونەوەیەکی پەڕڵەماندا دەست لە کار کێشانەوەکەیان قبوڵ دەکرێت، ئەوا مووچەی مانگانەیان ناوەستێت و مووچەکەیان دەچێتە سەر حیسابەکانیان. پەڕڵەمانتارانی نەوەی نوێش تا ئێستا مووچەکانیان چووەتە سەر حیسابەکانیان و هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن پارەکانیان لە بانک ڕابکێشن.
ئەو سێ پەڕڵەمانتارەی نەوەی نوێ ڕازی نین بە دەست لە کار کێشانەوەی یەکجاری، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەواندا سێ پەڕڵەمانتاری دیکە سوێندی یاسایی بخۆن... چونکە ئەگەر بە تەواوی دەست لە کاربکێشنەوە و لە پەڕڵەمان دەست لە کار کێشانەوەکانیان قبوڵ بکرێت ئەوا هیچ پارەیەک ناچێتە سەر حیساب بانکییەکانیان. [1]