$شۆڕشی عەمامە بەسەر$
نووسینی: #هاوڕێ تۆفیق#
بەڕاستی هەزاران خۆپیشاندەر کە لە بەغدا ئەبینین، ئەو دیمەنە میلییە ڕووخساری شۆڕشی هەڵنەگرتوە؟ ئاشکرایە شۆڕشەکان هەموو وەختێک ڕەشوروتەکان دەیکەن، بەڵام خەرمانەکەی ڕێکپۆشەکان و خواپیاوەکان دەیخۆن.
هەموو شۆڕشێک چیرۆکێکی هەیە، ئەمەی سەدر ئەیکات شکشتی پڕۆژەی چەپ و هێزی پێشکەوتووخوازە. گۆرینی وتاری دینی بۆ بەرنامەی سیاسی لە ناو عەرەبا وەکوو ڕەگی پیرە دارێک وایە کە ڕۆچوە بە ناخی خاکا، لە جەنگی جیهانی یەکەما شەریفی کوڕی حسێنی مەکە کە کلیلی کەعبەی پێ بوو، فەرمانراوەی حیجازی کۆن و سعودیەی ئێستابوو، بە ڕەگوریشە درەختی خێزانیان دەچوەوە سەر هۆزی قورەیش. شەریفی مەککە پیرۆزی ئایینی بۆ خزمەتی بیری نەتەوەیی عەرەب بەکارهێنا، گوێی نەدا بەو وتە ڕۆژهەڵاتیە کۆنەپارێزەی کە دەڵێ؛ ئینگلیز کافرن! بەڵکوو بێ دوو دڵی پشتی لە دەوڵەتی ئیسلامیی عوسمانی کرد و خۆی کرد بە برای شیرینی ئینگلیزو سەربەخۆیی گەلەکەی بەدەست هێنا.
سەدر هەمان ڕەفتار دووپات ئەکاتەوە، پیرۆزی عەمامەکەی سەری کە لە پایتەختی ڕووحی شیعەی دونیا لە نەجەفەوە وەریگرتوە، ئەمە لەپاڵ ئەو ڕاستیەی کە پایتەختی سیاسی شیعە لە جیهاندا تارانە! بەڵام ئەو بیری نەتەوەیی عەرەبیی هەیە، لەنێوان تارانی پایتەختی سیاسی شیعەو و واشنتۆنی پایتەختی سیاسی لیبرالیزم، دووەمیان هەڵدەبژێرێ! ئەم پڕۆژەیەی سەدر لە جەوهەرا پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی پاڵڤتەکراوی ناوەندگەرایی عەرەبییە. پڕۆژەی ئێڕاق وەکوو نیشتمانێک بۆ هەموان دڵی سەدرە، بەڵام بە عەمامەیەکی ڕەشی عەرەبی شیعیەوە، سەدر هیچ دۆستایەتیەکی لەگەڵ پڕۆژەی گەشەپێدان و فراژووبونی ئابووری وڵاتدا نیە.
بەڵام ئاشکراشە کە عەرەبی ئێڕاق هەر لە کۆنەوە دڵ و گیانیان لەگەڵ سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان بوە. سەدر جگە لەو پڕۆژە درێژخایەنە هیچ ئامانجێکی تری لەم بێنەو بەرەیەدا نیە. ئەمەی ڕەوتی سەدر دەیکات شۆڕش نیە، شۆڕش میتۆدی خۆی هەیە، بنەمای فکری خۆی هەیە، لە ڕاستیدا ئەمەی سەدر دەیکات تەنیا جووڵانەوەیەکی میللی بەرهەڵستکارانەیە.
پاشان ڕاستیەکی ژمارەیی گرنگتر هەیە کە پێویستە بیخەینە ڕوو، ئەویش ڕەوتی سەدر لە کۆی گشتی کورسیەکانی پەڕڵەمان کە 329 کورسیە .تەنیا 73 کورسی هێناوە! کەواتە لە پاکترین هەڵبژاردندا،سەدر ڕێژەی ٪22 کۆی دەنگی پەڕڵەمانی هەیە! کەواتە کەمینەی خەڵکە! ئیتر چۆن لە جیاتی هەموو گەل، داوای گۆرین دەکەیت! [1]