ناوی شوێنەوار: گرکەدەشت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، لە ئیدارەی سۆران بە سەدان ناوچەی شوێنەواری تۆمار کراون، یەکێک لەم شوێنانەش (گرکەدەشت)ە لە #دەشتی دیانا#، کە تا ئێستا چەندین تیمی شوێنەواریی بیانی و ناوخۆیی پشکنینیان تێیدا کردووە.
عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: ”گرکەدەشت لە سنووری شارۆچکەی سۆران، بە یەکێک لە گەورەترین گردی دەشتی دیانا دادەنرێت و تایبەتمەندیی زۆری هەیە و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە، مێژووەکەی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکەمان.
ئاشکراشی دەکات: تا ئێستا چەند تیمێکی شوێنەواری جیهانی، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆیی، کاری کنین و پشکنینیان لەو گردەدا کردووە و چەندین چینی شوێنەوارییان دەرخستووە و گڵێنە و ئامارازی بەردینەی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە و کارکردنیش لەم گردە شوێنەوارییە بەردەوامە.“
زێبار عەزیز، لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی #زانکۆی سۆران#، بۆ (باسکورد) ئاماژەی بەوە کرد: جگە لە خوێندنی ناو پۆلەکان، لەلایەن مامۆستا و سەرۆک بەشەکانەوە گەشتی زانستی بە قوتابییانی زانکۆ ڕێک دەخرێت، بۆ مەبەستی زیاتر ئاشنابوونی قوتابییان بە شوێنەوارە مێژووییەکان، قوتابییانی بەشی مێژووی فاکەڵتی ئادابی زانکۆی سۆران، بە سەرپەرشتیی د. عومەر ئەحمەد مەحموود و م. سەڵاحەدین باقی حسێن، لە وانەیەکی پڕاکتیکیدا، سەردانی پێگەی گرکەدەشتی شوێنەوارییان کرد لە دەشتی دێڵزیان لە سنووری شارەدێی دیانا.
ئەوەشی خستەڕوو: دوای گەیشتنی قوتابییان بە شوێنەکە، لە لایەن تیمێکی شوێنەواریی زانکۆی کیلی ئەڵمانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران پێشوازییان لێ کرا، کە لە شوێنەکەدا سەرقاڵی کاری پشکنین بوون لەو گردە شوێنەوارییە، لەم سەردانەدا پوختەی کاری کنە و پشکنینی شوێنەوارەکە لە وەرزەکانی ڕابردوو و ئێستایان بۆ قوتابییان خستە ڕوو.
زێبار عەزیز، ئاماژەی بەوەشکرد: لەئەنجامدا قوتابییان بە چەندین پرسیار و شیکاری بەشداریی گفتوگۆیەکی زانستییان لەگەڵ تیمەکەدا کرد. تیمەکە توانیویەتی پاشماوەکانی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و چاخی بەردینی کانزایی و سەردەمی ساسانی و ئیسلامی لە گردەکە بدۆزێتەوە. ئاشکراشی دەکات: جێگای خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین، کە کاری تیمەکە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سۆراندا دەکرێت.“
د. دڵشاد باڵەکی، نووسەر و لێکۆڵەر، لە لاپەڕە (120) پەرتووکی هۆزی باڵەکی لە سەدەی چواردەمی زایینییەوە تاکو سەدەی بیستەم، لەبارەی گرکەدەشت نووسیویەتی: وەک باسی لێوە دەکرێت، لە سەردەمی میر محەمەدی #میرنشینی سۆران#، بەهۆی ستراتیژیەتی شوێنەکە، بنکەیەکی سەربازی لە گرکەدەشت بووە، گردەکە دوو ڕێگای بەسەرەوە بووە، چونکە هەمووی شوورە بووە، ڕێگایەک لە ڕۆژەهەڵاتی گردەکە و ئەوەی دیکەش لە ڕۆژاوا، بەهاران لەک اتی چوونی ڕەوەند و کۆچەریان بۆ کوێستانەکان، هەروەها لەک اتی گەڕانەوەشیان، بەپێی ژمارەی ئاژەڵەکان بڕە پارەیەکیان لە خاوەنەکانیان وەرگرتووە.“[1]