ناو: حەکیم
نازناو: حەکیم مام عومەر
ناوی باوک: عومەر مەلاشنێ
ڕۆژی لەدایکبوون:1920
ڕۆژی کۆچی دوایی: 1988
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #هۆستان#ی شارەدێی #بارزان#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی #زێوە# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
$ژیاننامە$
حەکیم مام عومەر ساڵی 1920 لە گوندی هۆستانى سەربە شارەدێی بارزان لە شارۆچکەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان کە شێخ ئەحمەدى بارزانى و ژمارەیەکى زۆرى خاوخێزانى بارزانییەکان پەنا دەبەنە بەر باکوورى کوردستان، ئەویش لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه، بەڵام دواى ئەوەى لە ساڵى 1933 دەسەڵاتدارانى تورک شێخ ئەحمەدى بارزانى ڕادەستى حکومەتى ئێڕاق دەکەنەوە، خانەوادەى ئەوانیش وەک تەواوى ئەو خانەوادانەى لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئاوارەى باکوورى کوردستان بووبوون، دێنەوە باشوورى کوردستان. چووەتە یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ ژیانی هاوسەریی لەگەڵ سەبریە ئەحمەد بەکر پێکهێناوە، کوڕێک و دوو کچیان هەبووە بەناوەکانی ڕەشید کە لە ساڵى 1953 لەدایکبووە و عەبدولعەزیز کە دوو ساڵ لەو بچووکترە و گوڵیش کە سێ ساڵ لە عەبدولعەزیز بچوووکترە. حەکیم مام عومەر زمانی کوردی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە، مانگی ئەیلوولی 1988 لە کۆمەڵگای زێوە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا کۆچی دوایی کردووە و لە شاری شنۆى ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، بەشداری شەڕەکانی بارزان، ملا، چیای پیرس و ڤاژی کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 ڕوویکردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ی سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە، بەشداری شەڕی سنگانى کردووە.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 3ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆس و لە ڕێکەوتی 13 لەسەر 14ى ئادار بەشداریی شەڕی گوجار و لە 24ى ئاداریش بەشداری شەڕی قارنەى کردووە لە ناوچەی خانێ.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و لە شەڕەکانی مرێبا و بارزان و چیای پیرس بەشدار بووه، ساڵی 1976 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن حکومەتی ئێڕاق بۆ باشووری ئێڕاق ڕاگویزراوە و لە پارێزگای دیوانیە نێشتەجێ کراوە، ساڵی 1979 گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای قوشتەپە، ساڵی 1982 بە پەنابەرى ڕوودەکاتە کۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵی 1982 بەشداریی شۆڕشی گوڵان کردووە و سەردەستە بووە.[1]