د. حەسەن خالید مستەفا موفتی
سەرەتا پێویستە بڵێین: ئاشکرایە کە باندی تیرۆریستی #داعش# درووستبووی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکوو کارو هزرو هەڵسوکەوتی ئەو باندە درێژەپێدەری مێژوویەکی پڕ لە توندڕەوی و تاریکی تاقمگەلێکی ناسراون لە مێژووی ئیسلامدا بەناوی (الخوارج ) واتە: (دەرچووەکان) . کە سەریان هەڵداو لە ڕەوتی ئاسایی میانڕەوی تێکڕای موسڵمانان لەسەردەمەکانی حەزرەتی عەلی یەوە (ر.خ) جیابوونەوە. پاشان ئەو کۆمەڵە دەرچووە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ئایینی پڕ لە لێبووردن و خۆشەویستی ناو بە ناو پەیدا دەبوونەوە بەپێی هەلومەرج و ژینگەی تایبەت، واتە هەر کاتوساتێک لەباربوایە بۆ بیری توندڕەوی (دەرچووەکان) دەمەو دەست دەیانقۆستەوە و وەک قارچکی مارانەی بەهاران زیندوو دەبوونەوە بەخۆیانەوە خەڵکی نەفامی سادەیان هەڵدەخەڵەتاندو بەرەو هەڵدێری هەتا هەتایی دەیانبردن.. وەک گوتراوە (ئای ئەمڕۆش چەندە لە دوێنێ دەچێت!) ، وەختێک کە (دەرچووەکانی سەردەم) لە ئایینی ڕاستەقینەی ئیسلام هەلومەرجیان بینییەوە بۆ ڕاگەیاندنی بیری توندڕەوی خۆیان، دیسان بەربوونەوە گیانی خەڵکی بە تێکڕاو جیهانی ئیسلامی بەتایبەت، ناشیرینترین و قێزەوەنترین کاریان ئەنجام دا بەتایبەتی خوێنمژەکانی ڕێکخراوی بە نێو (دەوڵەتی ئیسلامیی لە ئێراق و شام) ، کە لە ڕاستیدا نە ئەرکان و پایەکانی دەوڵەتیان تێدا هاتۆتەجێ، نە هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامی ڕاستەقینەدا یەک دەگرێتەوە . بەڵام ئاشکرایە بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان ئیستیغلالی دروشمەکانی ئیسلامیان کردووە. لێرەدا ئەوەی پێویستە بزانرێت دوو جۆر لە (داعش ) بوونی هەیە:
جۆری یەکەم: لەدەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان شەڕی ستەمکارانە لە دژی میللەتی کورد بە موسڵمان و تێکڕای کەمایەتییەکانی دیکە ئەنجام دەدەن. کە دوژمنێکی ئاشکران و شەڕی ئاشکرا لە دژی ئیرادەی میللەتێکی ئازاو ئازاددا دەکەن، ئاکامەکەشی بە یارمەتیی پەروەردگار پاشان بە هیممەتی بازووی پێشمەرگە هەر شکستی تیرۆریستانە، ئەوەتا وردەوردە هەر لە دنیادا بە ئاگری دۆزەخ دەسووتێن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەپووکێنەوە.
جۆری دووەم: لە ناوەوەی سنووری هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە و لەچوارچێوەی بڕێک هەلپەرستی توندڕۆی سەلەفیدا خۆیان دەبیننەوە، ئەمانە تابووری پێنجەمن و لەسەرەوە بە دەم لەگەڵ پێشمەرگەدان و لەژێریشەوە بە کردەوە بەرکار کار بۆ داعشەکانی دەرەوەی سنووری پێشمەرگە دەکەن، بە ئاشکرا لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە ئابوونەو هێزی مرۆیی بۆ تیرۆریستان دەنێرن و ڕاگەیاندنەکانیان بەرکار بیرو مەنهەج و عەقیدەی توندڕەویی سەلەفی داعشی بڵاو دەکاتەوە و گەنجانی کوردستان بەرەو دەرەوەی سنووری هەرێم دەنێرن یاخود هانیان دەدەن لە دژی ئەزموونی کورد کاربکەن کە لە چوارچێوەی دەزگا شەرعییەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەڕڵەمان و حکومەتی کوردستاندا خۆی دەبینێتەوە. بەرکار بە ناوی حەڵاڵ و حەرامەوە بیری سەلەفی داعشی بڵاو دەکەنەوە خەڵکێکی سادەش بە زمانی لوسی درێژی پڕ مەکرو خیانەت و فیتنە و دەجەل و شەعوەزەیان سەرگەردان دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان و نەنگییە کە هەندێک لەو توندڕەوانە تا ئەمڕۆش شوێن و پێگەی خۆیان هەیە و تەنانەت لە پەنا یاسا و لە بەرچاو دەزگاکانی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەست واڵاکراون و کاریان مەیسەرە و پۆستیان پێدەدرێت و چالاکییە هەمەچەشنەکانیان درێژە پێدەدەن!.
هەر ئەوانەی تا دوێنێ پەڕڵەمان و حکومەت و پێشمەرگەیان بە کافرو لادەرو موشریک و زەندیق لە قەڵەم دەدا، ئەمڕۆ لە دەستگاکانی ئەم هەرێمەدا لە پێگەی هەستیاردان و باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن! واتە 180 پلە (بە تاکتیک) لە بیرو باوەڕی ئەوسای خۆیان هەڵگەڕاونەتەوە، کە سەدان گەنجیان لەسەری بە کوشت دا وسەدانی دیکەیشیان تیرۆر کرد، نەشمانبیست لە دەزگایەکی فەڕمی یان نافەڕمیدا ئیدانەی ڕابردووی قێزەوەنی خۆیان بکەن، کەواتە ئەمەش جۆرێکە لە تاکتیک و بۆ هەلی گونجاو دەگەڕێن کە هەرکات دەستیان کەوت ئەم میللەتە لەسەر بیروڕا قەتلوعام بکەن! بەڵێ ئێستا ڕۆژیان نییە و بە بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەسراونەتەوە، ئەگەر نا گومان لەوەدا نییە تەوبەکارێکی ساختەن و دەچنەوە سەر کەسابەتی جارانی خۆیان لەپێناو ئاغاکانیاندا خوێنی میللەت و پێشمەرگەو حکومەتیش ئەرزشی قیمەتی چەند فیشەکێکی نییە بۆیە بە شمشێر لە گەردنیان دەدەن!.
ئەوە کێ بوو ئێستا خۆی کڕ کردووە و ئەوسا دەیگوت و دەینووسی هەر کەسێک بچێتە پەڕڵەمانەوە ئەوە کافر دەبێت؟! کێ بوو دەیگوت حکومەتی کوردی حکومەتی دووەمی ئیسرائیلەو بەشداری کردن تێیدا کوفرو هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام؟! کێ بوو دەیگوت سەگی سپی و ڕەش هەر سەگەو نەجسولعەینەو کوفرە و تەنیا وتەنیا پێویستە ئێمە پێشمەرگەی ئیسلام بین؟! کێ بوون دەیانگوت ئیتیحادی عولەما ئیلحادی عومەلایەو چوونە نێو ئەو یەکێتییە عەمالەتە بۆ پارتی و یەکێتی و کاری بۆ ئەوان کوفرو هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام؟! کێ بوون و کێ بوون؟! بەڵام هەر بۆ خۆیان کە چوونە نێو پەڕڵەمان و حکومەتەوە ئیدی 180 پلەوە بۆ 1800 پلە وەرگەڕانەوەو فەتواکانیشیان چووە زبڵدانی مێژووەوە؟ بەڵێ ڕاستیان گوتووە (دروغگوو محافەزە نەدارەد!) . بەڵام ئەدی قەبرو قیامەت؟ ئەدی موحاسەبەی خوێنی ڕژاوی گەنجانی ئەم میللەتە چۆن وەڵام دەدەنەوە؟.
ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان لەلایەک و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان لەلایەکی دیکەوە بیگرنەبەر بۆ ئەوەی چی دیکە داعشی سەلەفی بە بەرهەم نەیەت بریتییە لە پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- ڕێگەنەدرێت چی دیکە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکرێنە مینبەری داعشخوازانی کوردستان، چ تاکەکانیان وەک بە ناو (بانگخواز) . چ دەزگاکانیان یان باندەکانیان وەک تەوژم و ئایدۆلۆژیا، چ لە چوارچێوەی فەڕمی بوون، چ لەدەرەوەی سیاسەت و دەسەڵاتی ئاشکرا .
2- لیژنەیەکی زانستیی شارەزا لە مێژووی ئێستای سیفەت و سەرچاوەکانی بیری توندڕەوی سەلەفی داعشی لە تێکڕای پارێزگاکانی کوردستان بە کەرکووکیشەوە پێکبهێنرێت بە مەبەستی:
أ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مەنهەجی خوێندنی ئیسلامیی لە تێکڕای قۆناغەکانی خوێندندا .
ب هەر وتاربێژو بە ناو بانگخوازێک کە ڕابردوویەکی ڕوونی نەبێت پێویستە بە فلتەری ئەو لێژنەدا تێبپەڕێت و تاقیکردنەوەی پێویستی (ئازمایشگایی) فیکری و مەزهەبی و عەقیدەیی و زانستی و نیشتمانپەروەری و ڕادەی دڵسۆزیی بۆ خاک و نیشتمان و ئەزموونی کوردستان بۆ ئەنجام بدرێت و دوو مامۆستای بە ئەزموونی ناسراوی ڕابردووپاکیش پشتگیری لێ بکەن بە دوور لە مەحسوبییەت و حیزبایەتی و تاد. بە هەمان شێوەش بۆ دامەزراندن و گواستنەوەی ڕاژەو ..تاد.
ج چاو خشاندنەوە بکرێت بە تێکڕای ئەو مۆڵەتانەی کە بە فەڕمی وەرگیراون لە دەزگا فەڕمییەکانی کوردستان سەبارەت بە کاری میدیاو ڕۆژنامەوانی و نەقابەو ڕێکخراوەیی بە مەبەستی پاکسازی و چاکسازی و دانانی میکانیزم و مەرجی شایستەو گونجاو لەتەک هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ئاساییشی نیشتمانی کوردستان. کە هێڵی سوورە، ئەمەش سنووردانانە بۆ بەرەڵڵایی ڕاگەیاندن نەک ئازادیی بیرو ڕا، چونکە بێگومان بەرژەوەندی و ئیرادەی میللەتێک لە پێش بەرژەوەندیی تاک و گرووپ و تەنانەت حیزبەکانیشەوەیە. ئەم حاڵەتەش لە تەواوی وڵاتانی شارستانییەتی ئەمڕۆدا کاری پێ دەکرێت.
د سنوورێک بۆ دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و لە چاپدانی پەڕتووک دابنرێت، بەتایبەت ئەو دەزگایانەی کە ساڵانە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی پەڕتووک لە هەولێر بەشداری دەکەن.
3- گرنگە دەزگا پەیوەندیدارەکان، چاوکراوەتر بن بە تایبەتی بەرانبەر ئەو سەدان هەزار بەناو ئاوارەی کە ئەمڕۆ بە هەر مەبەستێک کوردستانیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی بارگرانیی ئابووری و زۆربوونی تاوان و کاری نابەجێ و بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەویش، شوبهەی درووستیان لە هەر کەسێک هەبوو لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکەن و بەشیوازێکی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەتەکدا بکەن و پاش لێکۆڵینەوە بیاندەنە دەست دادگاکان بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی فایلەکانیان، پاش بەربوونیشیان لەژێر چاودێریی یاساییدا بەپێی پێویست بهێڵدرێنەوە. چونکە زۆرێک لەو گیراوانە بەتایبەتی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان پاش بەربوونیان بەرەو داعش هەڵاتوون .
4- گرنگە سنوورێک بۆ ئەو دەیان تەن پەڕتووک و نامیلکەو بڵاکراوانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە بە ئاشکرا بەناوی عەمرەو عەمرەکارانەوە دەهێندرێنە کوردستان دیاری بکرێت، لە وڵاتانی کەنداوەوە و بەتایبەتیش لە وڵاتی (سعودیە) ، کە بیری توندڕەویی سەلەفی تەکفیری تەبدیعی تەشریکی بڵاودەکاتەوە، چونکە زۆرێک لەو پەڕتووکانە سەلەفی و داعشی نووسیویەتی و بیری تیرۆر وتوندڕەوی بەرهەمدەهێنن .
5- پێویستە گرنگیی زیاتر بە لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان بدرێت، بە مەبەستی گێڕانی ڕۆڵی شایستە بە خۆیان لەم هەلومەرجەدا و بڵاوکردنەوەی فەتوای پێویست بە دژی فەتوا بێ بنەماکانی داعشە سەلەفییەکان. چونکە بە ڕاستی پێویستە بیرو هزری چەوت بە بیرو هزری ڕاست و درووست بەرپەرچ بدرێتەوە، ئەوەش تەنیا لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان بە پاڵپشت بە دڵسۆزانی دیکە توانای ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەیان هەیە ئەگەر هەلیان بۆ بڕەخسێنرێت و لەلایەن بەرپرسانەوە گوێیان وەک پێویست بۆ ڕابگیرێت، چونکە جێگەی داخە وەک هەستی پێدەکرێت بە زانین یان نەزانین بەربەست و ئاستەنگی ماددی و مەعنەوی لە ڕێگەی تواناکانی ئەو لێژنەیەدا دانراوە!.
6- دیاری کردنی مەرج و سنووری یاسایی بۆ ئەو لێشاوە خوێندکارەی کە بە چاک و خراپ، بە یاسایی و نایاسایی، بە پاکی و ناپاکی، لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان خوێندنی باڵا تەواو دەکەن و دام و دەزگا ئایینییەکان دەکەنە ئامانج، بەشێکیان لەدەرەوە مێشکشۆریان بۆ ئەنجام دەدرێت کە دێنەوە دەبنە باندی توندڕەوی و بیری داعش و سەلەفییەت بە بەرهەم دەهێنن. بەشێکی دیکەیشیان مرۆڤی باشن، بەڵام بە تەواوەتی بنەما زانستییە یاسایەکانی خوێندنی باڵایان تێدا نەهاتووەتە جێ، هەردوو بەشەکەش بەهۆی کاریگەرییە نا یاساییەکان و گەندەڵی ئیداری نێو خودی هەندێک لە وەزارەتەکان پۆستی جۆراوجۆر وەردەگرن. هەندێکیش کەمیشیان مرۆڤی شایستەو بە توانان سوودمەندن بۆ ئاییندەی میللەتەکەمان، بۆیە گرنگە ئەم سێ جۆر قوتابییە لە یەکتر جودا بکرێنەوە و پۆلێن بکرێن.
7- گرنگە چی دیکە حکومەتی هەرێم بە واتا گشتییەکەی بۆ دەستەواژەو دروشمی بێ بنەمای سەلەفییەکان ملکەچ نەبێت کە تێیدا وەها بانگەشە دەکەن گوایە ئەوان لە سیاسەت دوورن و حوکمڕانییان مەبەست نییە! بێگومان ئەمەش پێچەوانەکەی بە تەواوەتی ڕاستە، چونکە ئەزموونی سەلەفییەکانی پێنج وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (واتە: میسر و یەمەن و سووریا و ئێراق و جەزائیر) ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە هەرکات سەلەفیەکان هەلومەرجی حوکمڕانییان بۆ هەڵکەوت دەمەو دەست لە دروشمەکانیان پاشگەز دەبنەوە و حزبی سیاسیی توندڕەو ڕادەگەیەنن و خۆیان بۆ پەڕڵەمان کاندید دەکەن و دروشمی خەیاڵپڵاوی (خیلافەت و حاکمییەت و ..تاد) بەرز دەکەنەوە و کۆمەڵگا بە تێکڕا کافرو بێ باوەڕ دەکەن، فەتوای هەڵگەڕاوە لە ئیسلام بۆ (راعیی و ڕەعییە) دەردەکەن، ئەوکاتیش حکومەت و دەسەڵات کاڵەک بە ئەژنۆ دەشکێنێت و ساویلکەیی خۆی و پاشقوولی سەلەفییەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە، بەڵام وەک گوتراوە (وڵات حین مندم) . ڕاستیان گوتووە عاقڵ ئەو کەسەیە کە لە چواردەور ئامۆژگاری وەردەگرێت و دووجاریش لە یەک کوندا ناگەزرێت. ئایا (ئەنسارولسوننەو جوندولئیسلام و هێزی لێدەرو هێزی ئیبن تەیمیە و هێزی سەید قوتب و ..تاد ئەو گرووپە تووندڕەوانەی پێشوو کە هەورامانی سەرکەشیان کردبوویە ئامانج و بێحورمەتیی گەورەیان نوواند بەرانبەر بە ئارامگای پیرۆزی زاناو شێخانی نەقشبەندی لە بیارەو باخەکۆن و ناوچەکانی تری دەڤەرەکە ئایا تێکڕایان گرووپی سەلەفی نەبوون؟! ئایا بە فەتوای ئیبن تەیمیە و ئیبن عەبدلوەهاب و ..تاد ئەو کارە قێزەوەنانەیان ئەنجام نەدا؟ ئایا تەواوی ئیسلامییە سەلەفییەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەو تاوانانە خۆشحاڵ نەبوون؟ ئایا بیستمان تا ئەمڕۆش سەلەفییەک یان ئیسلامییەکی توندڕەو بێتە گفت و ئیدانەی ڕاستەوخۆی عەقیدەی ئەو گرووپانە یان کردارەکانیان بکات، لە ساڵیادی ئەو بێحورمەتیانەیاندا یان هەر بۆنەیەکی دیکە؟ بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەوانەو زۆری دیکەیش هەموو بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە سیاسەتنەکردنی ئاشکرای ئێستای هەندێک لە سەلەفییەکان تەنیا تاکتیکە نەک ستراتیژ، ئەم ڕاستییانەش لای دانشمەندان و ڕۆشنبیران و زانایان ئاشنان، پێویستیشە لای بەرپرسانی دڵسۆزی خاک و میللەت و نیشتمانیش ئاشکرابن..
8- گرنگە دەزگاکانی حکومەتی هەرێم چاوتیژتر بنواڕنە ئێستاو ڕابردوو و داهاتووی کوردستان، بە دروشمی بێ بنەما هەڵنەخەڵەتێن، چاو بە پەیوەندییەکانیان لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمدا بخشێننەوە، (ناکرێت و ناگونجێت و سەریش ناگرێت و قەبوڵیش ناکرێت کوردستان بکرێتە عەرەبستانی سعودییە) ، خەڵکی ئەمڕۆ کاغەزی سپی دەخوێنێتەوە، بێگومان هەر یەکێک بیەوێت ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە ئەوە ئینتیحاری بە ئێستاو داهاتووی خۆی کردووە. پێویستە بە تەواوەتی میدیا و سایت و پێگە و سنوورەکان کۆنترۆڵ بکرێن و سنوورێک بۆ هەوڵی نەزۆکی بە سەلەفیکردنی میللەتی کورد لە لایەن وڵاتانی کەنداو و گوێلەمشتەکانیان لە کوردستان دابنرێن.
10- پێویستە میللەتی کورد بە گشتی و بەرپرسانیش بەتایبەتی بزانن ئەوە چ بیرو هزر و تەوژمێکی میانڕەو بوو کە لە ڕابردوودا هەموو پێکهاتەکانی میللەتی کوردی لەسەر یەک سفرەو خوان کۆکردبوویەوە؟ چ ڕێبازێکی فریشتە دەروون بوو کە سەدان گەورە پیاو لە زاناو دانا و ئەدیب و شاعیری بە بەرهەم هێنا لە نموونەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و شێخی سیراجەددین و مەولەوی و کوردی و مەحوی و نالی و وەفایی و مەلا سەعیدی نوورسی و مەلاعەبدولکەریمی بیارە و مەلا باقری باڵەک و هەزارانی تریش؟ کە بەهۆی بیری میانڕەویی پڕ لە هەست و شعوری مەردایەتی و کوردایەتی و عەشقی ئیلاهی ئەوانەوە میللەتی کورد تا ڕۆژی قیامەت سەربەرز و ڕووسوورە لە هەردوو دنیاداو لە بەردەم تەواوی میللەتانی دنیادا. بەڵێ تا بیری پڕ لە حیکمەتی ئەوان گرنگی پێدەدرا نەبیسترا ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ نەتەوەو ئایدیاو ئایینزایەک لە کوردستاندا هەست بە پەراوێزخستن بکات یان خوانەخواستە بەجێی بهێڵێت. ئایا ئەو قوتابخانانەی ئەو کەڵە پیاوانەی بە بەرهەم هێنا چ جۆرە قوتابخانەیەک بوو؟ کە جێگەی ڕێزو حورمەتی تێکڕای میللەتی کورد بوون بە درێژایی 1400 ساڵ لە مێژووی کوردستان، کە بەهۆی ڕەوشتی بەرز و گوفتاری جوان و شیرینیان هەموو میللەت پێکەوە دەژیاو بیری توندڕەوی سەلەفی تێدا نەبوو؟ ئایا ئەو کەڵە مەردانەی کە تێکڕای شۆڕشەکانی میلەتی کوردیان هەڵگیرساند لە هەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی کوردستاندا لە چ قوتابخانەیەکی پەروەردەیی سلووکی دەرچوون؟ بەڵی تێکڕای ئەو سەرکردە ئایینی و ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕانە تەنیا و تەنیا لە مەدرەسەی عیلم و عیرفانی تەصەووف تێگەشتن و پێگەشتن و بوونە چرای پرتەوبەخش، بۆ خۆیان سووتان لەپێناو ڕووناکیی ڕێگای ئاییندەی میللەتەکەیان بە بێ بەرانبەر، وەک سەربازی ون تێکۆشان و نەسرەوتن، گیانی برایەتی و خۆشەویستی و لێبووردەیی و گفتوگۆیان بە نێو خەڵکدا بڵاوکردەوە، دڵی خەڵکیان ئاواشتەکردەوە بە ڕەوشتی جوان و کردەوەی موسڵمانێکی بە سوودی پڕ ئەوین، نەک ئیسلامییەکی توندڕەوی دڵپڕ لە قین..
با بەس بێت خۆدزینەوە لە مێژوو . بەس بێت خۆ هەڵەکردن لە واقیع . بەس بێت هەڵخەڵەتان بە دروشمی بریقەدار. بەس بێت خوێندنەوەی نادرووست بۆ میژوو وئێستاو داهاتوو. دەست لە دەست و هێزیش لە خودا بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر. بەرەو دنیای ئەوینداری و لە یەکتر بووردن، بەرەو هەڵکردنی پەرچەمی دەوڵەتی کوردستان لە سنووری چیا تا ئێستا داگیرکراوەکانی حەمرین، دەوڵەتێک تێیدا ڕۆحی زانا و داناو سەرکردەو شاعیر و ئەدەبدۆستانی میللەتەکەمان ئاسوودەبێت، (دەرچووان) و توندڕەوان و تیرۆریستان و ڕەشبینان و دووڕووەکانیش ڕیسواترو نامۆتر ببن، و بیری قێزەوەنیان بچێتە زبڵخانەی مێژووی مرۆڤایەتییەوە. خوای گەورە یارمەتیدەری دڵسۆزانە.
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەلاحەددین/ هەولێر.[1]