$زانستی نوێ و دین وەک دوو ڕەقیب$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
هەروەکچۆن لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەوڵەکانی گونجاندنی دین و جەڕاندنی لەبەرژەوەندی کۆمیونیزم و سیستەمە سۆسیالیستییەکان فەشەلی هێنا بەوەی دەیانگوت دینیش وەک ئەمان ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە و هاتووە عەدالەتی کۆمەڵایەتی جێکەوت بکات، هاتووە تا کۆتایی بە چینایەتی بۆرژوا و پلۆریتاریا بهێنێت، بەهەمان جۆر ئەوهەوڵانەی ئەمڕۆش کە دەیانەوێت دین و خودای دینی لەبەرژەوەندی لیبرالیزم و زانست بجەڕێنن زۆر بەسەختی دەکەون. زۆر دەبیسیتن دینیش وەک لیرالیزم ئازادی داوە بە مرۆڤ، بانگەشەکارانی دین بێئاگان لە جیاوازی ئەو ئازادییەی دین مەبەستێتی بە بەراورد بەو ئازادییە سیاسییەی لیبرالیزم داوای دەکات کە هەرگیز یەک مانا و یەک مۆراڵیان نییە. بێ ئاگان لەوەی دوانەی ئەرک و ماف سەر بە چ جۆرە دونیابینییەکن! ئەمڕۆ تۆن و تینۆری ئاوازی بانگەشەکارانی گریمانەی پەیوەندی زانستی نوێ و دینش بەرزە، زۆرجار ئیمانی دینی و خودای دینی دەبەسترێنەوە بە گەڕان و لێکۆڵینەوە فیزیایی و بایەلۆژییەکانی زانستی نوێوە، بێخەبەر لەوەی میتۆدۆلۆجیا و بنەڕەتی ئەم زانستانەی ئەمڕۆ تەواو جیاوازن لەوەی دیوێنێ کە دین تەبەنی دەکردن و تەنیا سەچاوە بوو بۆیان. ئەستێرەناسی ئەمڕۆ و ئەوەی دوێنێ ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانە، تەنیا خودایان یەکە، بەهەمان شێوە هەمان قسە بۆ زانستە سرووشتی و مرۆییەکانی دیکەی وەک بایەلۆژی و کیمیا و پزیشکی و کۆمەڵناسی و دەروونزانیش ڕاستە. ئەو سەردەمە کۆتایی پێهاتووە ئێمە بۆ هەموو شتێک بگەڕێینەو بۆ دین. بە خستنە سەرشانی بارێکی لە تواناکانی خۆی زیاتر، دین ئیمانەکەشی دەکەوێتە مەترسییەوە کە کرۆک و جەوهەر و مەخسەدەکەیەتی. لەڕاستیدا ئایین پەڕتووکێکی هەیە بەناوی پەڕتووکی هیدایەت، ڕێگا نەبینراوەکان بە مرۆڤ ئاشنا دەکات، هیچ ئایینێک نەهاتووە سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و زانستی کۆمەڵگایەک بگۆڕێت یا ڕاستی کاتەوە. دەشێت قسەی هەبووبێت تێیدا بەڵام بۆ ئەوە نەهاتووە. [1]
Bu kaydın içeriğinden Kurdipedia sorumlu değildir, kayıt sahibi sorumludur. Arşiv amaçlı kaydettik.
Bu makale (کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmıştır, makaleleri orijinal dilinde açmak için
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
sembolüne tıklayın!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Bu başlık 726 defa görüntülendi
Bu makale hakkında yorumunuzu yazın!