$عیشق وەک خۆبوون!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
باشترین جۆری عیشق ئەو جۆرەی نییە کە لەخۆت بە جوانتر و گەورەتر و هەبووتر و داناتری دەزانیت، ئەو جۆرەشی نییە کەخوایەتیت بەسەرەوە دەکات، تەنانەت ئەو جۆرەش نییە دەبێتە ڕۆڵ مۆدێل بۆت بۆ ئەوەی چاوی لێبکەیت و پێیبگەیت، بەڵکوو ئەوەیانە کە مانا گەورەکانی خۆتی تێدا دەدۆزیتەوە، لەبری ئەوەی بتکاتە جۆرێکی باڵا و گەورە لە خۆی، دەتکاتە باڵاترین جۆر لەخۆت. ژینگەی لەبار دەڕەخسێنێت تا ئەو ناوکەی هەڵتگرتووە بتەقێت و ببێتە ئەو درەختەی کە لەهەناوی ئەو ناوکەدا هەڵگیراوە، نەوەک بێت و نەمامێکی گەرمەسێر لە کوێستانەکەی تۆدا بڕوێنێت. خۆتت وەک ئەوەی کە دەبێ ببی نیشان دەدات نەک وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت هەبیت. بەقەولی دکتۆر ئیقبالی لاهووری سەفەری خودێتیی مرۆڤە، گرنگترین سەفەریشە کە سەرەتاکەی بە عیشق دەستپێدەکات و کۆتاییەکەشی جوانیی.
بەهۆی ئەوەی خۆمان بە خۆمانەوە گرێ دەداتەوە عیشق باوەڕ بە هەموومان دەکات بەڵام فریوی کەسیشمان ناخوات، ئەوانەی دەڵێن فریوی عیشقمان خوارد یاعیشقمان فریودا هەرلەسەرەتاوە عاشق نەبوون، چاویان لەوە نەبووە خۆیان لە باڵاترین وێنەی خۆیاندا ببیننەوە ئەوەندەی هەوڵیانداوە خۆیان لە باڵاترین فۆرمی ئەوی دیکەدا ببیننەوە. مرۆڤ ناتوانێت خۆی فریو بدات. هەر لەبەر ئەمەیە زۆرجار ئەوانەی لەجیاتی خودی باڵا، لەوی باڵا دەگەڕێن، کە دەزانن نابنە ئەو دواجار دەشکێن و گیرۆدەی وەهمی ڕەش دەبن. زۆرجار ئەم وەهمە بە فیراق تەرجەمە دەکەن کە بەتەواویی هەڵەن لەوەدا. فیراق لە جنسی خەمی سەوزە، گەشەت پێدەدا، بەڵام وەهمی بوون بە ئەویتر و دوورکەوتنەوە لە خودەکەی خۆت ڕەشە و پاسڤت دەکات، هەندێجار لە فۆرمی نەخۆشیی دەروونییشدا خۆی دەنوێنێت.
عاشقی ڕاستەقینە هەرگیز پەرت نابێت، بەقەولی نالی دەشێ ڕووت و قوت و موجەرەد بێت، بەڵام بۆ چرکەیەک بێ خود نابێت:
نالی خۆشە نەومیدی، دڵ بەستە مەبە ئیدی
گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی! [1]