لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بەریتانی کە لە گۆڤاری (European Heart Journal) دا بڵاوکراوەتەوە و داتای 88 هەزار کەسی بەکارهێناوە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە خەوتن لەنێوان 10 بۆ 11 ی شەو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
ئەو کەسانەی بەشداریی لێکۆڵینەوەکەیان کردووە ئامێرێکیان لە مەچەکیان بەستراوە بۆئەوەی داتاکانیان کۆبکاتەوە، کە لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە خەوتن لەپێش کاتژمێر 10ی شەو تاوەکو دوای 11ی شەو پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە کە لەگەڵ کۆمپانیای هوما بۆ تەکنەلۆژیای تەندرووستیی کاریان کردووە، وتویانە خەوتن لەنێوان کاتژمێر 10 بۆ 11ی شەو پەیوەندیی هەیە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ولوولەکانی خوێن.
ئەوەشیان وتووە کە پەیوەندیی لەنێوان کاتی نووستن و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر لای ئافرەتان دەرکەوتووە.
هەروەک توێژینەوەکانی ئەکادیمیای ئەمریکیی بۆ پزیشکیی خەو دەریخستووە کە ئەو کەسانەی هەموو شەوێک حەوت بۆ هەشت کاتژمێر دەخەون، زیاتر بەرهەمدارترن لەوانەی کە شەش کاتژمێر دەخەون.
لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەیەکی دیکە کە لە گۆڤاری (Experimental Psychology) بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە لەدەستدانی تەنیا دوو کاتژمێر خەوتن لە شەوێکدا، ئەگەری هەیە زیاتر مرۆڤ تووشی تووڕەبوون بکات. [1]