#هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە# دەستگیرکردنی ئەندامێکی لەلایەن میتی تورکەوە بە درۆدەخاتەوە.
دوای ئەوەی میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بڵاویانکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە شاری سلێمانی ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان- (پەکەکە) یان بەناوی ڕەمەزان گونەش دەستگیرکردووە، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە هەواڵەکە بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت: ڕەمەزان گونەش سێ ساڵ پێش ئێستا ڕیزەکانی ئێمەی جێهێشتووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەماوە.
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میدیای شەڕی تایبەتی تورکدا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کراوە کە ڕەمەزان گونەش ئەندامی بزووتنەوەی ئێمەیە و لە سلێمانی لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنی میت ڕفێنراوە، هەواڵی ئاماژەبۆکراو بە تەواوەتی درۆیە.
لەبارەی ڕەمەزان گونەشەوە، هەپەگە ڕایدەگەیەنێت، ڕەمەزان گونەش بەر لە سێ ساڵ لە ناو ڕیزەکانمان هەڵات، دواتر هاوسەرگیری کرد و لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو، هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەکەمانەوە نییە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ڕەمەزان گونەش بەر لە دوو مانگ لە شاری دهۆکی باشووری کوردستانەوە خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردبوو، بەڵام میدیای شەڕی تایبەتی تورک، بە سیناریۆیەکی درۆ و هەڵبەستراو لەم قۆناغەدا پێشکەشی دەکات و هەوڵ دەدات وەک سەرکەوتنی میت نیشانی بدات.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هەپەگە ڕوونیکردووەتەوە، با گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕایگشتی تورکیا گوێ بۆ هەواڵە درۆکانی میت و میدیای شەڕ تایبەت ڕانەگرن. [1]