$پرسیارم هەیە لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا$
#عارف قوربانی#
ئێراق وڵاتی سەیرو سەمەرەیە، بەڵام بەدرێژایی تەمەنی درووستبوونی دەوڵەتی ئێراق ڕەنگە ئەمە یەکەم هەوڵی لەم شێوەیە بێت، وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیا ئێراقی و کوردستانییەکان بڵاوکرایەوە کە کۆمەڵێک پەڕڵەمانتار یاداشتێکیان داوەتە حکومەت کە بەغدا داوا لە سعودیە بکات بۆ درووستکردنی گومەز لەسەر گۆڕی شیعەکان لە شاری مەدینە.
وڵاتێک گیرۆدەی دەیان قەیران بووەتەوە، کەرتی پەروەردە و تەندرووستی وەک دوو کۆڵەگەی بنەڕەتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، لە داڕوخاندان. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی پلاندانان ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 25%. ڕێژەی بێکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ژمارەی بێوەژن گەیشتووەتە ملیۆنان و شەش ملیۆن منداڵی بێسەرپەرشت هەن. بەشێکی زۆری دانیشتووانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار ئاوی خاوێنیان نییە بۆ خواردنەوە و مەترسیی بە بیابانبوون هەڕەشە لە بەشی زۆری جوگرافیاکەی دەکات، گەندەڵی و نادادپەروەری خەریکە بڕستی ژیان دەبڕێت. ناکۆکی سیاسی و قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت، پەرەسەندنی گرووپی جیاجیای مافیایی و میلیشایی چەکدار بوونەتە ناسنامەی وڵاتەکە، کەچی پەڕڵەمانتارەکانی پەرۆشی درووستکردنی مەرقەدن بۆ گۆڕی شیعەکان لە سعودیە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە وەک بڵاوکراوەتەوە چەند پەڕڵەمانتارێک کە نوێنەرایەتیی کورد دەکەن لە بەغدا، ناویان لە لیستەکەدایە. کوردستانیش دەیان کێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە، دەیان بەند و بڕگەی دەستووریی کە پەیوەندی بە مافی کوردەوە هەیە، فەرامۆش کراون. زوڵم و ستەم و داگیرکاری، سیاسەتی بەعەرەبکردن و پاکتاوی ڕەگەزیی کورد لە مەندەلییەوە تاوەکو #شنگال# بەڕێوەدەبرێت. نوێنەرانی کورد لە خەمی ئەوەدان بۆچی گومەز بۆ گۆڕی شیعەکانی مەدینە درووست ناکرێت.
پرسی نوێنەرایەتیی کورد و شاندی کوردستانیش بە درێژایی تەمەنی شۆڕشەکانی کورد جێی پرسیار و هەڵوەستە لەسەرکردن بووە، بە ئەندازەیەک کە بووەتە قسەیەکی باو و دۆست و نەیارەکانی کوردیش دەیڵێنەوە (کورد ئەوەی بەشەڕ بە دەستی دەهێنێت، نوێنەرەکانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنن) ، بەڵام ئەمیش هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا و ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو جێگەی لۆمەکردن نەبووە. لە خولەکانی ڕابردووی پەڕڵەمان دا زۆر هەڵوێست و لێدوان و ڕەفتاری نوێنەرانی کوردمان بینین پێچەوانەی ئامانجەکانی گەلی کوردستان بوون. لە نووسینەوەی دەستوورەوە ئەوەی وەک ماف و شایستە بۆ پێشمەرگە چەسپێندراون، جێبەجێنەکراون، نوێنەرەکانی کورد بوونە عەڕابی دەرچوواندنی یاسا بۆ بەخشینی شایستەی دارایی و پێدانی ئیمتیاز بە حەشدی شەعبی و پڕچەککردنیان، بەڵام تەنانەت بە قسەش نیگەرانی ئەو پێشێلکارییانەی مافەکانی پێشمەرگە نەبوون. ئێستاش گوێمان لە لێدوانی زۆریان دەبێت کە ئاو دەکەنە ئاشی لاوازکردنی پێگە و سەنگی میللەتەکەی خۆیانەوە. لەکاتێکدا ئەرکی ئەوان نوێنەرایەتیکردنی کورد بوو لە بەغدا بۆ داکۆکی لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆ پارێزگاری لە بەدەستهاتووەکان و شەڕی وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، بەڵام مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە کە شاندێک بۆ داخوازییەکانی کوردستان دەچوونە بەغدا، هەندێک کەسیان داوای پۆست و ئیمتیازیان بۆ خۆیان دەکرد. ئەوانەشی نوێنەری هەڵبژێردراوبوون نەک شەڕی وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان نەکرد، بگرە هەموو ئەوەی پێشتر لە دەستووری ئێراق دا وەک مافی کورد بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر چەسپێندراون، بەبەرچاویانەوە پێشێل دەکرا، تەنانەت هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو.
لەم ماوانەی ڕابردووش بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە و بۆ شکاندنی یەکدی، چەند پەڕڵەمانتارێکی ئەم دوو حیزبە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان لەسەر بەربژێری حیزبە ڕکابەرەکانیان تۆمار کرد، بەڵام جێی تێڕامانە هیچ کام لەوانە بیریان لەوە نەکردەوە ئەگەر هەر بۆ (موزایەدە و چەواشەکاریش بێت) سکاڵا لەسەر ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانە تۆمار بکەن کە وەک ستەم بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت. مایەی تێڕامانە پەڕڵەمانتارانی پێشووتر و ئێستا سەبارەت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی کوردستان، ڕۆژانە ترس و نیگەرانی بڵاودەکەنەوە کە حکومەتی ئێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و بە هێزی سەربازی پەلاماری کوردستان دەدات، بەڵام ئەو بڕیارانەی دیکەی دادگە نابینن چۆن خراونەتە تەنەکەی خۆڵەوە کە لە بەرژەوەندیی کوردستان بوون و بەغدا جێبەجێیان ناکات.
هەر بۆ نموونە کەرکووک کە لە ڕابردوودا چەقی مەسەلەی کورد بووە لە ئێراق، ئەوەی وەک ڕێکاری چارەسەری کێشەکەی لە ماددەی 140ی دەستووردا چەسپێندرابوو، چەند ساڵێکە ئێراق هیچ پابەندییەکی بە و ڕێکارە دەستوورییەوە نەماوە، تەنانەت دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2019 بڕیاریدا دەبێت ئەو ڕێکارە دەستوورییانە جێبەجێبکرێن، هیچ کام لە کابینەکانی حکومەتی ئێراق پابەندی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی نەبوون، هیچ پەڕڵەمانتارێک و نوێنەرێکی کوردیش، نەک سکاڵایەکیان تۆمار نەکرد، تەنانەت بە لێدوانیش ناڕەزایەتییەکیان دەرنەبڕیوە، بەڵام بەشێکیان وەک گوتەبێژی دادگەی فیدراڵییان لێهاتووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دیکەی دادگەی فیدراڵی کە دژی هەرێمی کوردستان دەرکراون.
بیرتان ماوە ئەوکاتەی لەسەر پێشنیازی پارێزگاری کەرکووک، لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاریدا ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوەکانی کەرکووک شانبەشانی ئاڵای ئێراق بەرز بکرێتەوە، ئەوکات تورکمان و عەرەبەکان سکاڵایان بردە دادگە لە و بەغدایە و دادگە بڕیاریدا ئەوەی کراوە نادەستووریی نییە. ئێستا کەرکووکتان لێوە دیارە؟ ئەی بۆ حکومەتی ئێراق ناخەنە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارەی دادگەوە کە ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوەکانی کەرکووک هەڵبکرێت.
هەر ڕۆژە و بە جۆرێک دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان دەورووژێندرێت، دۆسیەیەک یەکلانابێتەوه، چەند پەڕڵەمانتارێک دۆسیەیەکی دیکە لەسەر کوردستان دەبەنە دادگە، نازانم بۆچی هیچ کام لەم نوێنەرانەی کورد کردنەوەی دەرگەی دادگەی نەقۆستەوە نەک لەبەر بەرژەوەندیی کورد، لانی کەم بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیان کە بۆچی لە و دادگەیە سکاڵا لەسەر حکومەتی ئێراق تۆمار ناکەن کە بەپێی دەستووری ئێراق خوێندن لە ناوچەکانی گەرمەسێرەوە بۆ کەرکووک و تاوەکو دەشتی نەینەوا بۆ منداڵانی کورد بە زمانی کوردییە، بەڵام بەغدا لە 19 ساڵی ڕابردوودا مووچەی تەنیا یەک مامۆستایشی خەرجنەکردووە. 15 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری کورد لە هەموو مافێک بێبەشکراون و هیچ پەڕڵەمانتارێک و هیچ کام لە نوێنەرانی کورد نەک سکاڵایەکیان تۆمار نەکردووە، تەنانەت نیگەرانیشیان دەرنەبڕیوە. لە کاتێکدا ئەوە ئەرکێکی دەستووریی حکومەتی ئێراقە کە پێداویستییەکانی خوێندن بۆ منداڵانی کورد دەستەبەر بکات.
بە دەیان گوندی کورد لە ناوچەکانی خانەقین چۆڵکراون، لە #خورماتوو#ەوە بۆ کەرکووک و دووبز هەڕەشە لەسەر جووتیار و گوندنشینانی کورد دەکرێت دەستبەرداری زەوی و زارەکانیان بن و عەرەب دەهێندرێت و لەسەر زێدی کورد نیشتەجێ دەکرێن. فەرمانبەری کورد لەسەر کارەکەی دووردەخرێتەوە. ئەو ناوچانەی بە ڕۆژ سوپای ئێراق و گرووپە میلیشیاکانی لێیە، شەوان گەنج و لاوی گوندنشینی کورد دەڕفێندرێن و دەکوژرێن، دواتر دەگوترێت #داعش# پەلاماری داون. ئەم نوێنەرانەی کورد لە بەغدا چ کاردانەوەیەکیان هەبووە؟
لە نوگرە سەلمانەوە تاوەکو تۆپزاوا، هەر بستە خاکێکی ئێراق هەڵبدەیتەوە ئێسک و پروسکی ژن و منداڵی گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی کوردن، نازانم ئەم نوێنەرانەی کورد لە ڕابردوو و ئێستادا بۆچی داوای جێبەجێکردنی ئەو بەندو بڕگە یاساییانە ناکەن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاریان و هێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ کوردستان، بەڵام لە خەمی شیعەدان کە خاوەنیان زۆرە. هەر بەڕاستی جێگەی پرسیارە؟ [1]