$هەرێمی کوردستان لە ستراتیژیی ئەمریکیدا$
#عادل باخەوان#
#01-04-2022#
ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی هەیە ؟ ئەگەر هەیە ئەم سیاسەتە لەسەر چی دامەزراوە ؟ بنەما سەرەکییەکانی ئەم سیاسەتە چین ؟ لە ساتەوەختی پاشەکشەی ڕێژەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئایا واشنتن دەتوانێت دەست لە هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و کۆتایی بە هەبوونی خۆی لە هەرێمی کورستان بێنێت؟
پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێی 12 مووشەکە بالیستییەکەیەوە نامەیەکی تووند و ئاگراوی بۆ هەرێمی کوردستان نارد، جۆ بایدنیش، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی باڵیۆزەکەیانەوە، نامەیەکی درێژ و ڕوون و فرە جەمسەری بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی نارد.
ئەم نامەیەی جۆ بایدن زەنگێکی یەکجار گرنگبوو بۆ هەموو ئەو پایتەخت و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییانەی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش کە ئەو پرسیارانەی سەرەوەیان لە خۆیان دەکرد و منیش لەم وتارە کوورتەدا هەوڵدەدەم بەخێرایی وەڵامیان بدەمەوە.
$هەرێمی کوردستان و ئێراق$
هەموو ئەو تێزانەی باس لەوە دەکەن، بەتایبەتی لای بەشێک لە توێژەر و دیپلۆماتە عەرەبەکان، کە واشنتن کار بۆ دابەشکردنی ئێراق و درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی و دەوڵەتێکی سوننی دەکات، دوورن لە ڕاستییەوە. ڕاستە لە واشنتن گرووپێکی گرنگ پێیوایە کە تاکە چارەسەر دابەشکردنی ئێراقە بەسەر سێ دەوڵەتدا، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هیچ ئیدارەیەکی ئەمەریکی تاوەکو ئێستا ئەم تێزەی ماڵی نەکردووە و تاوەکو نامەکەی جۆ بایدنیش بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی خاکی ئێراق، هەر ئەو چوارچێوە گشتییەیە کە تێیدا ستراتیژیی ئەمریکییەکان گەڵاڵە دەبن.
ئەمریکا هەرێمێکی کوردستانی بەهێزی دەوێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئێراقێکی یەکگرتوودا و تەنیاوتەنیاش لەم چوارچێوەیەدا دەبێت دەستەبژێری هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن تێبگات و کۆی ئەو هاوکارییە سەربازی، ئابووری، ئەمنی و سیاسییانەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێ تەنیاوتەنیا بخرێتە ئەم چوارچێوەیەوە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت. هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ ئەمریکا، چونکە لەنێو ئێراقێکی شڵەژاو و داڕماودا، دەکرێت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام بێت و بەشداریی ئەرێنیش بکات بۆ کەمکردنەوەی شڵەژان و داڕمانی ئێراق.
$مۆتەکەی تیرۆریزم$
یەکێکی دیکە لەو بنەمایانەی کە سیاسەتی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان لەسەری بنیاتنراوە پرسی تیرۆریزمە. لە 11ی سێپتەمبەری 2001ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، دۆسیەی تیرۆریزم یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگانەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لەسەر بینادەکرێت و هەر لەوکاتەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی بایەخداری ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ کراوە و، هەولێر و واشنتنیش پێکەوە پێویستییەکی ستراتیژییان بەم هاوپەیمانییە هەیە.
ئێستاش کە داعش زۆر بە چڕی خۆی ڕێکدەخاتەوە و ڕێکخراوانەتر پلان بۆ پەلامارەکانی دادەنێت و هەر وەک لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی وتم: داعشی ئازادبوو لەباری قوورسی خیلافەتەکەی، زۆر مەترسیدارترە لە داعشی بارکراو لە بەرپرسیارێتیی پاراستنی خیلافەتەکەی، لە دۆخێکی ئاوادا هەستکردن بە بایەخی هەرێمی کوردستان لای ئەمەریکییەکان زیاتر و چڕتر و فراوانتر دەبێت. تەنانەت مامەڵەکردنی ئەمریکییەکان لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستانیش دا هەر لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە، چ لەسەر ئاستی سەربازی، چ لەسەر ئاستی ئاساییش و چ لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش.
$فۆبیای میلیشیاکان$
ژمارەی ئەو ڕێکخراوە میلیشیایانەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێراقدا دەکەن لە 80 ڕێکخراو کەمتر نییە و بەشێکی گرنگیان، چ وەک ڕێکخراو و چ وەک سەرکردەکانیان، خراونەتە لیستی ڕەشی تیرۆری ئەمریکییەوە. ڕاستە لەنێوان 2014 بۆ 2018دا، واشنتن بەشێک لەم ڕێکخراوانەی بۆ جەنگی خیلافەتەکەی داعش بەکارهێنا، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەمە تەنیا تاکتیکێک بوو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. پاش کۆتایی خیلافەتەکەی داعش، ئەمریکا و میلیشیاکانیش سیستمی مامەڵەکردنیان بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە گۆڕی، تاوەکو ئەو ڕادەیەی کە ئەوان پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بدەن و ئەمریکاش ژەنەراڵ قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بکوژێت.
لەنێو سیستمی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان ئەمەریکییەکان و میلیشیاکاندا، هەرێمی کوردستان، وەک هاوبەشێکی ستراتیژی، دەتوانێت ڕۆڵی کارا و گرنگ ببینێت لە دەستنیشانکردنی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و واشنتۆن ناتوانێت لەسەر مەودای مامناوەندیش جێگرەوەی هەرێمی کوردستان لە عێرق دا بدۆزێتەوە.
$چەقۆ تیژەکەی ئێران$
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە 1979ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، خەون بە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر مۆدێلی خۆی و جیهانبینی خۆی دەبینێت. لە هەشتاکاندا ئێراقی سەدام حسێن بەربەستی یەکەم بوو لە بەردەم کشانی ئێران بە ڕۆژهەڵاتدا و جەنگە هەشت ساڵییەکە تاوەکو ئێستاش هەر یادەوەری دەستەجەمعی ئێرانی بریندار دەکات.
سەرۆکی پەڕڵەمانی پێشووی ئێران باشترین گوزارشتی لەم برینداربوونە کرد کاتێک وتی: ئێمە لە هەشتاکاندا جەنگمان بۆ کۆنترۆڵکردنی گوندێکی ئێراقی دەکرد، بەڵام لێرە بەدواوە چوار پایتەختی عەرەبی، بەغدا، دیمەشق، بەیرووت و سەنعا لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدان.
ئەم خەونە ئێرانییە، لە چەندین ڕووبەردا بەر پڕۆژە و ستراتیژیی ئەمریکی دەکەوێت، هەر لە ڕووبەری ئاساییشەوە تاوەکو دەگاتە ڕووبەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. لەنێوان ململانێی ئەم دوو ئەکتەرەدا هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی هەیە. بێهودە نییە کە تاران بە مووشەکی بالیستیک نامەی بۆ دەنێرێت و سەرۆکی ئەمریکاش لە ڕێگەی باڵیۆزەکەیەوە نامەی فەرمی بۆ دەنێرێت و لە چەندین ئاستدا هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە بە تەنیا جێی ناهێڵێت و ڕێگەنادات کە چەقۆ تیژەکەی ئێران سەری بڕێت. [1]