=KTML_Bold=من و چیرۆکی لێوەکانت=KTML_End=
ئەمشەو دەبمە شێوەکار
تابلۆی لێوەکانت دەکێشم
دوو پارچە سێوی خودایی
لە گونجاوترین شوێنی دەموچاوت
وا دەدرەوشێنەوە
دەڵێی بە ڕەنگی ئەڵماسێکی ئاسمانی ڕەنگ کراون
بە خەیاڵ
لە سەر تابلۆکەمدا
خۆم بەرز دەکەمەوە و
لە سەرهەر دوو پەنجەی پێم ڕادەوەستم
چاو دادەخەم
بڕوا ناکەم
زیاتر لە خەونێک دەچێت
هۆشیار دەبمەوە
چاوەکانم دەکەمەوە
هەر دوو دەستم لە ناو کۆت و زنجیری کات ڕەها دەکەم
بەرەو گەردەن و پشتە سەرت دەبەم
قژت،
ئاە قژی تۆ
بڕوا ناکەم ئەمە دەستی من بێت و گەیشتبێتە خەونەکەی
زبر و پیاوانە
بە دەستێکی لاواز و لەرزۆک نەوازشی دەکەم
باش نییە ئەمیش وەک پارچە بەنرخەکانی مۆزەخانە لە سەری نەنووسراوە
Please don’t touch
خۆمت لێ نزیک دەکەمەوە
ئێستا کاتییەتی
کە سنگم بە سنگتەوە نا
کاتییەتی
لێوە درزبردووەکانم خونچە دەکەم و
دەیانخەمە سەر لێوت
من چرۆم کرد
باڵق بووم
هەست بە گەورەبوونێکی خودایی دەکەم
لە ناخی خۆمدا
قەڵەم دادەنێم
لە ناو چوارچێوەی لاپەڕەی وێنەکێشانم
بەندت دەکەم
لەمەودوا
شەوانە
کاتێک کە دنیا
لە ئازاری بوونی منداڵێکی شپرزە و شڵۆقی ڕۆژانە قورتاری دەبێ
دیسان
بەرەو لات دێمەوە و
نیو ماچی بەجێماوی شەوی ڕابردوو
نۆش دەکەم
بەڵێ،
من ماچەکانت نۆش دەکەم
بەخۆشیی هەموو دونیاوە
من بە پیاڵەیەک پڕ لە ماچی تۆ و
دنیاش بە پیاڵەیەک پڕ لە حەسرەتی سێو
با ئەم جارە
وەرەقی سەرەوە دەستی من بێت و
دنیاش چاوەرێی حوکمی من
ئەمشەو دەبمە شێوەکار!
[1]