$لە بەهاری کوردییەوە بۆ خەزان$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#30-06-2020#
مستەفا کازمی چەند جارێکە باسی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان دەکات. ڕەنگە بەشێکی ئەمە پەیوەندی بە هەوڵەکانی ئەو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی هەبێت، چونکە دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕاستەوخۆ گرێدراوی سەرۆکوەزیرانە. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، بێجگە لەوانەی هەرێمی کوردستان، لانی کەم پێنچ دەروازەی سنووری لە کۆنترۆڵی سەرۆکوەزیران دا نین و لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. بەڵام لەوانەیە ئەم بابەتە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ڕەهەندێکی دیکەی هەبێت: پێویستە داوای کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری دیکە لەگەڵ تورکیا ( کۆراڤا- ئۆڤاکوێی) لەگەڵ چاودێریی دەروازەکانی دیکە، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دەڤەری #زاخۆ# و ئەگەری سەردانی #رەجەب تەیب ئەردۆغان# بۆ ئێراق لە یەک تابلۆدا سەیر بکرێت.
بابەتەکە تەنیا خواستی دەوڵەتی ئێراق نییە بۆ سەپاندنی سەروەری لە هەموو خاکەکەیدا. ئەمە زیاتر لە هاوئاهەنگییەکی ناوچەیی دەچێت بۆ ئەوەی کورد لاوازتر بکرێت.
$بۆچی دووبارە کۆراڤا؟!$
لە زەمانی سەدامەوە تا ئێستا تورکیا داوای کردنەوەی دەروازەی سنووری ئۆڤاکویی دەکات، بەڵام بۆچی تا ئێستا ئێراق ئەوەی نەکردووە و تازە بە تازە پێی ڕازی دەبێت؟ کۆراڤا یان بە ناوە تورکییەکەی ( ئۆڤاکویی) نزیکەی 15کم لە ڕۆژاوای خابوور هەڵکەوتووە و ئەگەر لەوێوە نزیکەی 50-60 کم بە لێواری دیجلەدا شۆڕ ببێتەوە دەگەیە تەلەعفەر کە گەورەترین ناوچەی تورکماننشینی ئێراقە. پێدەچێ یەکێک لە هۆکارەکانی ڕازینەبوونی ئێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ترسی پەیوەستکردنی تورکیا بە ناوچەیەکی تورکمانشین بووبێت. بەهەر هۆکارێک بێت، وادیارە بەرپرسانی ئێستای حکومەتی بەغدا ڕازیبوون و داوای ئەم دەروازەیە دەکەن کە ڕەنگە هۆکارەکەیشی تەنیا ئابووری نەبێت. پرسەکانی وەک هەبوونی دوو تەعریفەی گومرکی خەریکە لادەچن، قەبارەی بازرگانیش لەچاو ڕۆژانی بەر لە کۆرۆنا زیاتر نییە تاوەکوو بڵێین کردنەوەی ئەو دەروازەیە پێویستییەکی خێرایە. بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە ستراتیژێکی گشتگیرترەوە هەیە کە ئەویش کەلکردنی جوگرافیای کوردییە. جا ئەمە بە هێزی سەربازی و سوپایی بێت یان بە ڕێگەی دیکە!
تەنیا چەند ساڵێکی کەم بەرلە ئێستا بوو کە کورد وەک هێزێکی پیادەی کاریگەر لە شەڕی دژی تیرۆر لە میدیای جیهانی وێنا دەکران، بەڵام زۆری پێنەچوو کە بە پێشچاوی جیهانەوە هەوڵە ناوچەییەکان بۆ سنووردارکردن و لاوازکردنی کورد دەستیانپێکرد. هەنگاوی یەکەمی ئەمەش کەلکردنی جوگرافیای کوردی بوو لە ناوچەکە!
پێچەوانەی بەشێک لە شرۆڤە نێوخۆییەکانی کورد، ئەمە لەبەر گشتپرسی نەبوو! چونکە هەوڵەکانی لاوازکردنی کورد، دەمێک بەر لەوە و نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژاوای کوردستانەوە دەستیانپێکردبوو. لە #24-08-2016#دا تورکیا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فراتی دەستپێکرد و بەوەش یەکەم گرنگترین هەنگاوی لاوازکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕێگەی بڕینی پەیوەندی جوگرافیایی ناوچە کوردییەکان دەستیپێکرد. ئەمە تازە نییە و لە ساڵی 1992ەوە تورکیا بە ڕەزامەندی بابەتییانەی دەوڵەتانی ناوچەکە، لە ڕێگەی دانانی بنکەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنەوە ئەو کارەی کردووە. لە شریتێکی سنووریدا لە دەڤەری #سۆران#ەوە تاوەکوو#عەفرین# ( سۆران - شێلادزێ، زاخۆ، شەنگال، سەرێکانی و گرێسپی، جەرابلوس- باب) لە مەودایەکی ڕێژەیی نێوان (100-200) کیلۆمەتردا شوێنێکی بۆ ئۆپەراسیۆن هەڵبژاردووە و بە کردەوە جوگرافیای کوردی لێکدابڕیوە وهەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستانیشی وەک پاساو بەکارهێناوە.
کردنەوەی دەروازەی کۆراڤا لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، دابڕاندنێکی دیکەی جوگرافیای کوردە لە یەکتری و ئامرازە ئابوورییەکانی دەستی تورکیا و ئێراق بۆ گوشاردانان لەسەرهەرێمی کوردستان زیاتر دەکات.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە خودی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران کەسێکی ئەمنییە و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانیش (عومەر عەدنان ئەلوائیلی) کەسێکی سەربازی- ئەمنییە و لە دەزگای ئەمنی و هەواڵگرییەوە هاتووە. بۆیە ئەمە ئەگەری زاڵبوونی ڕوانینی ئەمنی بۆ پرسێکی وەک کردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ، زیاتر دەکات.
$خەزانی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان$
پرسی لاوازکردنی کورد تەنیا بابەتێک نییە کە بە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری نوێ بکرێت و چەندین ڕەهەندی جیاجیای هەیە. بەگشتیش، هاوشانی خراپبوونی دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچە ئۆتۆنۆمە گرنگەکانی جیهان، پێگەی هەرێمی کوردستانیش لە داکشاندایە. لەوانەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوڕایی - هاوکارییەکی ناوچەیی هەبێت بۆ ئەوەی کورد لاوازتر بکرێن.
جموجۆڵی سەربازی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی بەغدا بۆ ملکەچکردنی زیاتری سیاسی- ئابووریی #هەولێر# بە یەکەوە گرێدراون وخراپی دۆخی نیوخۆیی، لە دەرهاوێشتەکانی گەندەڵی دارایی و ئیداری وە بگرە تاوەکووڕکابەرییە پایەدارە نێوخۆییەکانی حیزبەکانی کوردستان، لەگەڵ چاوپۆشیی و دووفاقیی سیاسەتی ڕۆژاوا بەرانبەر ناوچە ئۆتۆنۆمەکانی جیهان، هۆکاری بەهێزبوونی زیاتری هەوڵەکانی لاوازکردنی کوردن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا خواستی بەشێک لە دەوڵەتان بۆ سنووردارکردنی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانیان زیاتر بووە. هەوڵەکانی چین بۆ زاڵبوونی زیاتر بەسەر هۆنگ کۆنگ، بڕیارەکانی هیندستان سەبارەت بە ناوچەی کشمیر و هەوڵەکانی بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێی بۆ گرمۆڵەکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵات وهەوڵەکانی ئیسپانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی خواستی جیابوونەوەی کەتەلۆنییەکان لە ڕۆژاوا لە دیارترین نموونەکانی ئەوەن. لە 40 وڵاتی گرنگی جیهاندا، 121 ناوچە هەن کە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان هەیە، بەڵام دۆخی ئەمانە لانی کەم گرنگترینەکانیان، گرێدراوی هاوسەنگییە سیاسییەکانی هێزداری لە جیهان، هەڵبەز و دابەز دەکات. بێجگە لە نموونەی ئیسپانیا، ڕۆژاوا بەشێوەیەکی دیموکراتیانەتر لە شوینەکانی دیکەی دنیا لەگەڵ دۆخ و خواستی ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمانە مامەڵە دەکات، بەڵام دووفاقییەک لە سیاسەتی ئەمریکا و ڕۆژاوا بەرانبەر پرسەکانی بەشکردنی سەروەری لە ناوچە ئۆتۆنۆمەکانی شوێنەکانی دیکەی جیهاندا هەیە. ئەمە لەوانەیە لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژانەی ئەواندا بێتەوە، بەڵام لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژاوادا یەکناگرێتەوە. بەوپێیەی کە سەرەڕای سیاسەتی هەندێک لە دەوڵەتان، هێشتا ئەوە ڕۆژاوایە کە تاقە شوێنی بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلەکانی دژە دیموکراسی و پاوانخوازین، هەڵوێستی ڕۆژاوا کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی لەسەر داهاتووی ناوچە ئۆتۆنۆمەکانی جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت.
$ئەنجام$
فەلەستینی لێدەرچێت کە هەمووان هەقی دەوڵەتبوونی پێدەدەن، هەرێمی کوردستان تاکە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وادیارە سیستەمە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە چاویان پێی هەڵنایە.هەوڵەکانیش بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی کۆراڤا تەنیا یەکێکە لە هەوڵەکانی لاوازکردنی کورد و هەمووی نییە. بێگومان بەم دۆخە نێوخۆییەی ئێستاشەوە ناتوانێ بەرپەرچی هەوڵەکانی لاوازکردنی خۆی بداتەوە. بۆیە ئەگەر بەتەمابێ لەوە زیاتر گرمۆڵە نەکرێت، پێویستە دانووستاندنێکی نێوخۆیی کوردی، هەوڵی ڕاستەقینەی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی هەبێت بۆ ئەوەی خەڵک خۆی بە خاوەنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بزانێت و ئەوە تەنیا بۆ دەستەبژێرێکی سیاسی بەجێنەهێڵێت. وەک ئەوەی خەڵکی هۆنگ کۆنگ بۆ پاراستنی قەوارەکەی خۆیان دەیکەن!
گرنگە بۆ دەستەبژێر و ڕای گشتی ئێراقی ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە یەکێک لە ڕێگەکانی بەهێزبوونی ئێراق جیاوازبوونی سیستەمە سیاسییەکەیەتی لەوانەی کە لەم ناوچەیەدا هەن. ئەگەر بەرەو دووبارەکردنی مۆدیلەکانی ئەوانەی دیکە بڕوات، لەوان زیاتری لێدەرناچیت، بەڵام هەنگاونانی ئێراق بەرەو دیموکراسی و فیدراڵی ڕاستەقینە بەهێزتری دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان دەتوانێ ئێراق بەهێزتر بکات نەک لاواز.
هەروەها بەرجەستەکردنەوەی سوودەکانی مانەوە و بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بۆ دنیای ڕۆژاوا بە تایبەت لەڕووی جەنگی دژی تیرۆرەوە گرنگن. بێجگە لەوەش، جەختکردنەوە لە ئەرکی ئەخلاقی ڕۆژاوا بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەی چەندین وتار و چاوپێکەوتنی بەرپرسانی سیاسی کوردی بۆ میدیای جیهانی گەلێک بایەخدارە. چونکە ئێستا ئیدی زیاتر لە جاران ڕای گشتی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا کاریگەرە وسەرکردەکانی ڕۆژاوا زاتی ئەوە ناکەن پشتگوێی بخەن. ئەگەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ هێشتا نووزەیەکی تێدا مابێت هێشتا هەر لە ڕۆژاوایە و ڕۆژاواش ناتوانێ بەرانبەر پاوانخوازی و دەسەڵاتگەرایی ڕژیمەکانی دیکەی جیهان بێدەنگ بێت. چونکە زیانەکەی ئەمە دواجار بۆ ئەوانیش دەگەڕێتەوە. ناکرێ کوردانی ئەم ناوچەیە بە ترسنۆکێک بزانی کە بەردەوام هەڵدێن ئەویش لەکاتێکدا کۆمپانیا و بازرگانەکانی ڕۆژاوا چەک و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو بە وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەفرۆشن! [1]