$پارتی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#12-05-2014#
لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی لە #سلێمانی# لە هیچ دەنگدانێکدا حیزبی براوە نەبووە، بەڵام قەتیش نەیتوانیوە ئۆپۆزیسیۆن بێت. ئەو ڕەوشە سیاسییە نوێیەی دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوو لە کوردستان درووستبوو، هەلی زێڕینی بۆ پارتی ڕەخساند کە ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک لە سلێمانی. وەک چۆن یەکێتی بەلایەوە قوورس بوو لە حیزبی هەمیشە حوکمڕانەوە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، ئاواش پارتی لە ئاییندەدا ئەوەی بۆ قوورس دەبێ و پێویستی بەوەیە لەئێستاوە پرۆڤەی بۆ بکات.
لە گۆشەی هەفتەی ڕابردوودا پێشنیازم کردبوو یەکێتی لە سلێمانی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و لە #هەولێر# بەشداربێت لە حکومەتی کوردستاندا، یان لە سلێمانی بەشداری بکات لە حوکمڕانیدا و لەسەر ئاستی نیشتمانیدا ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بۆ پارتی لە هەولێر بژارەکان کەمترن، چونکە لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەو حیزبە نابێتە ئۆپۆزیسیۆن و لەئێستاوە ڕێککەوتنەکانی کردوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی کۆدەنگیی نیشتمانی، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی پارتی دوو ڕێگەی لەپێشە: یان بچێتە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ گۆڕان و لایەنی دیکە، یانیش ببێتە ئۆپۆزیسیۆن.
لە ئەوروپا هەندێک لە پارتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا حوکمڕانن، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە هەندێک شوێن دەبنە ئۆپۆزیسیۆن. لە تورکیاش پارتی داد و گەشەپێدان-ی ئەردۆغان لە زۆر ناوچەدا ئۆپۆزیسیۆنە. لە کوردستان ئەو تێگەیشتنە بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون نییە. بۆیە کە حیزبێک هاتە دەسەڵاتەوە لەسەر ئاستی نیشتمانی و ئاستی لۆکاڵیدا هەر دەسەڵاتدارە و ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنیش بوو هەمان شت دەکات. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە کاتێک شکستی هێنا خراپ دەشکێت و کە بردییەوە چاک دەیباتەوە!
#بزووتنەوەی گۆڕان# لە سلێمانی بەهۆی ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە توانیی گەشە بکات. میدیای گۆڕان لەلایەکەوە دەسەڵاتدارە ڕکابەرە لۆکاڵییەکەی خۆی دەشکاند، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو قسانەی دەکرد کە خەڵکی سلێمانی دەیانەویست لەسەر کەموکووڕییەکان بکرێن و بیبیستن. کەچی پارتی لە سلێمانی نە ئەوەی کرد کە ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بیکات و نە بەکردەوەش دەسەڵاتی هەبوو ئەوە بکات کە دەسەڵاتدار دەبێ بیکات.
پارتی زۆر حەزدەکات لە سلێمانی ڕەوشی باشتربێت، بەڵام هیچ ناکات بۆ ئەوەی بیگۆڕێت. سەرکردەکانی ئەو حیزبە پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە لە شەستەکانەوە کار لەسەر پەراوێزخستن و دزێواندنیان دەکرێ لەو ناوچەیەدا. جەماوەرەکەشیان ئۆباڵی کەمجەماوەرییان دەخەنە ئەستۆی سەرکردەکانیان. ڕەنگە ئەمە بەشێکی ڕاست بێت، بەڵام گرنگتر لەو فاکتەرانە ئەوەیە کە ناکرێ حیزبێک چاوەڕوانی دەنگی زۆری شارێک بکات و هیچیشی بۆ نەکات. یارمەتیدانی خێزانێکی هەژار و بڕینەوەی مووچە بۆ چەند هەوادارێک ئیش نین، هەوڵدان بۆ خۆشترکردنی ژیان لە شارەکەدا ئیشە. جا لەبەرئەوەی پارتی لە سلێمانی دەسەڵاتدار نییە و هاوپەیمانێتیکردنیشی لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بچووکی دەکاتەوە نەک گەورە، باشترە لە چوار ساڵی داهاتوودا وەکوو ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک دەرکەوێت. ئۆپۆزیسیۆنێک کە دەنگدەری سلێمانی قایل بکات دەنگی بداتێ و لە حکومەتی لۆکاڵیدا بیگەیەنێتە دەسەڵات.
بەهەمانشێوەی پارتی، گۆڕان و یەکێتیش دەتوانن لە هەولێر و دهۆک ئەو ستراتیژەیان هەبێت. چونکە ڕاستە کوردستان پێویستی بە حکومەتی کۆدەنگیی نیشتمانییە، بەڵام حکومەتە لۆکاڵییەکانمان بەپێچەوانەوەن و پێویستیان بە دەسەڵاتی ئیشکەر و ئۆپۆزیسیۆنی جاڕسکەرە. [1]