ناونیشان: چاخی گورگە تەنیاکان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #12-01-2015#
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سێ ڕووداو لە پاریس ڕوویانداوە کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبووە. یەکەمیان ڕووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای ڕۆژنامەی (زەمان-ی فەرەنسا) بوو لەلایەن هەوادارانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە. کەمتر لە دوو ساڵ دواتر سێ کادیری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاریس شەهیدکران. دوایین ڕووداویش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بوو کە تێیدا ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و پۆلیس و هاووڵاتیی دیکەی فەرەنسی بەهۆی سەرشێتیی ژمارەیەک ئیسلامیستی تووندئاژۆوە گیانیان لەدەستدا. ئەو سێ ڕووداوە بەدوای یەکدا ڕوویاندا، خاڵی هاوبەشیشیان ئەوە بوو کە هەرسێکیان دەرهاویشتەی ئەو قەیرانانە بوون کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە. لەوەشدا لە یەکدی جیاوازبوون کە ڕووداوی یەکەم و دووەم کردەوەی ڕێکخراو و سەرکردایەتیکراو بوون، بەڵام ڕووداوی سێیەم گورگە تەنیاکان ئەنجامیاندا. ئەو گورگانەی مەرج نییە تەنیا لە پاریس و ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژاوا بن و مۆدێلێکی نوێی کردەوەی تیرۆریستییان داهێناوە.
لەسەرەتای دەرکەوتنی #داعش# لە ئەمریکا و ئەوروپا، گەنگەشەیەک درووست بوو لەسەر ئەوەی کە بەڕاستی ئەو گرووپە مەترسی درووستدەکات بۆ سەر ئەو وڵاتانە و پێویستە شەڕیان لەدژ بکرێت یان نا؟ زۆرکەس دەیانوت داعش بەتەمای دامەزراندنی خەلافەتێکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وەکوو قاعیدە بانگەوازی جەنگی جیهانی لە دژی “کافر و خاچپەرستان” ناکات. بۆیە پێویست ناکات شەڕیان لەدژ بکرێت.
هەروەها هەرچی تووندئاژۆشە لە وڵاتانی ڕۆژاواییەوە دەچنە نێو خەلافەتەکەی داعش و ئەو وڵاتانە ڕزگاریان دەبێت لە سەرئێشەکانی ئەو کەسانە. بەڵام ئەوانەی دەیانەویست پشتیووانی لە کوردستان بکەن لە شەڕی دژی داعش، ئارگومێنتێکی کەمێک لاوازیان دەهێنایەوە و دەیانوت مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەو کەسانەی ڕۆیشتوون ڕۆژێک دێت دەگەڕێنەوە و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەشڵەقێنن. لەدوای ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردووی پاریسەوە چیدیکە ئارگومنێتی ئەو کەسانە لاواز نییە، چونکە دەرکەوت یەکێک لەو سێ کەسەی ئەنجامدەری کردەوەکانی پاریس بوو لە سەربازگەیەکی قاعیدە لە یەمەن مەشقی دیتبوو و گەڕابووەوە فەڕەنسا. بەڵام دوو کەسەکەی دیکە مەشقی قاعیدەیان نەدیتبوو و هەر لەنێو فەرەنسا ڕادیکاڵیزە ببوون. کەواتە مەرج نییە مەترسیی تیرۆر تەنیا ئەو کەسانە درووستی بکەن کە چوونەتە ناو داعش یان قاعیدە و گەڕاونەتەوە.
داعش لە ئەدەبیاتی دوو مانگی ڕابردووی خۆیدا هانی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان دەدات کە گورز لە “کافر و خاچپەرستان” بدەن، بەڵام میتۆدێکی جیاواز لە قاعیدەی هەیە. ڕووداوی تەقاندنەوەی سەربازگە ئەمریکییەکە لە سعودیە، تەقینەوەکانی ئەمریکا و ڕووداوەکانی یازدەی سێپتەمبەر لە نیویۆرک و شوێنەکانی دیکەی ئەمریکا هەموویان کردەوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو و لە سەرکردایەتیی قاعیدەوە ئاڕاستەکراو بوون. بەڵام ڕووداوی مانگی ڕابردووی بەردەم پەڕڵەمانی کەنەدا و کافێکەی سیدنی و گۆڤار و فرۆشگاکەی پاریس هیچیان لە سەرکردایەتیی داعشەوە ئاڕاستە نەکرابوون و بەرنامەیان بۆ دانەڕێژرابوو. ئەنجامدەری ئەو کردەوانە “گورگە تەنیاکان” بوون. ئەو گورگانەی هەریەکەیان بۆخۆیان ڕێکخراوێکی تیرۆریستین و دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان جیهان تووشی شۆک بکەن.
لە کوردستانیش گورگە تەنیاکان زۆرن. چاوگێڕان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسە بۆ ئەوەی پەیام و ئارەزووەکانی ئەو گورگانە بخوێنینەوە و ببینین. ئینتەرنێت وایکردووە بەئاسانی ئەو گورگانە مەشقی ئۆنڵاین بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی ببینن. ئەمە ئەرکی هاووڵاتییانی بۆ ناسینەوە و ئاشکراکردنی ئەو گورگانە قوورستر کردووە. هەروەها هەبوونی ئەو گورگانە پاساو دەداتە دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی ئازادی و پرایڤسیی خەڵک سنووردار بکەن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموومان لەسەر لقی دارێک دانیشتووین. نابێ بشهێڵین گورگێکی تەنیا بە مشارێک ئەو لقە لە قەدی دارەکە جیابکاتەوە. [1]