ناونیشان: چارەنووسی ئۆپێک و سیناریۆکانی نەوت لە 2020
نووسەر:#مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #01-04-2020#
ڕۆژی #14-09-2020# ڕێکخراوی ئۆپێک یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، بەڵام زۆربەی شارەزایانی بواری وزە و نەوت پێیانوایە ڕێکخراوی ئۆپێک کۆتاییهاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند ویستگەیەکی جیاواز بە کرداریی ئەمە دەرکەوتووە وەک لە چارەکی چوارەمی 2014 کاتێک نرخەکانی نەوت بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریکا بەشێوەیەکی خێرا دابەزی و ڕیکخراوەکە نەیتوانی شتێکی ئەوتۆ بکات.
دواتر لە ساڵی 2016، ئۆپێک بە ڕێکارێکی نوێوە هاتەمەیدان و ڕێککەوتنێکی نویێ بەناوی ئۆپێک پڵەس لەگەڵ ڕووسیا و نۆ وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی لەدەرەوەی ئۆپێک ڕاگەیاند، کە هاوسەنگی بۆ بازاڕەکان و نرخەکانی نەوت گەڕاندەوە.
لە ڕۆژی 8ی ئادار، ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی هەشتەمین کۆبوونەوەی هاوبەشیان سازکرد، زۆربەی چاودێران چاوەڕێی ئەوەیان ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت درێژبکرێتەوە، لە کاتێکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خواستی بە شێوەیەکی خێرا لەسەرئاستی جیهانی دادەبەزی. بەڵام ناکۆکییەکانی سعودیە و ڕووسیا لەو کۆبوونەوەیە وایکرد ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەسیش هەڵوەشێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئاداردا، ڕووسیا لەگەڵ ئەوە بوو ڕێککەوتنەکە بەو قەبارەیەی ئەو کاتی هەتا کۆتایی 2020 درێژ بکرێتەوە، بێ ئەوەی بڕی دابەزاندنی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە. سعودیە داوای دەکرد ڕێککەوتنەکە درێژ بکرێتەوە و هەردوو 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکە لە بەرهەمی ڕۆژانەی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە کەمبکرێتەوە.
ڕۆژی 1ی نیسان ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بەفەرمی کۆتاییهات، ئەوەش لەکاتێکدا نرخەکانی نەوت بۆ کەمترین ئاست لە 18 ساڵی ڕابردوودا دابەزیون. لەپاڵ دابەزینی جووڵەی پیشەسازی و ئابووریی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی نرخەکان بەو ڕێژە زۆرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سعودیە بڕیاری داوە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی وڵاتەکەی لە 9.7 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ سەرووی 12 ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە و لە ڕۆژی 1ی نیسانەوە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت ئەمبار بکات.
دوو بیردۆز لە ئارادایە. بیردۆزی یەکەمیان دوو سیناریۆ لەخۆدەگرێت، کە لە یەکەمیاندا چاوەڕێ دەکرێت سعودیە و ڕووسیا جارێکی دیکە ڕێبکەونەوە، چونکە ئۆپێک بە سەرکردایەتی سعودیە ناتوانێت بێ ڕووسیا ئاستی بەرهەمهێنانی جیهان و نرخەکانی نەوت جێگیربکات.
سیناریۆی دووەمی بیردۆزی یەکەم دوو بۆچوون لە خۆدەگرێت، یەکەمیان ئاماژە بەوەدەکات سعودیە ستراتیژێکی نوێ پەیڕەو دەکات، کە تێیدا حکومەتی ڕیاز بەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت پشکی کۆمپانیاکانی نەوت دەکڕێتەوە، لەکاتێکدا بەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوت بەهای پشکی کۆمپانیاکانی نەوتیش هەرزان بووە.
بۆچوونی دووەمیان ئەوەیە ڕووسیا، وەک بەشێک لە ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆی لە ڕێگەی نەوتەوە، توانیویەتی پەرە بە پەیوەندییەکی بەرهەمهێنەر لەگەڵ سعودییە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات.
تیۆری یەکەمیان ئەگەری کەمە ڕووبدات، لەبەر ئەوەی سعودییە بە تەواوەتی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردنی ئابوورییەکەی و هەر چەشنە شۆکێک تاقیکردنەوەیەکی قوورس دەبێت بۆ پلانی قۆناخی ڕاگوزەر، لەلایەکی دیکەوە ڕووسیا هەمووکات لە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەسدا وەک هەلپەرستێک مامەڵەی کردووە، نەک وەک بەشدارێکی ڕاستەقینە کە خوازیاری ئەوە بێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی نەوتییەوە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا درووستبکات، هەر بۆیە هیچکات بەکردەوە پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبووە.
شەڕی نرخەکانی سعودیە و ڕووسیا وەک تەکتیکێکی ڕووسیاش دەبینرێت بۆ بەئامانجگرتنی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا کە کار لە بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین دەکەن.
بیردۆزی دووەم باس لە ئەگەری وەرگرتنی ئەندامێکی نوێ لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەکات، کە بە گوێرەی دەنگۆکان ئەمریکایە، ئەوەی بەڕوونی دیارە ئەوەیە هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی پێشنیازی ئەندامبوونی ئەمریکای لە ئۆپێک نەکردووە، بەڵام ئەندامێکی کۆمیسیۆنی هێڵی ئاسنینی تەکساس پیشنیازی ئەوەی کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی هەناردەی ئەندامانی ئۆپێک پێویستە ئەمریکا بەتایبەتیش (ویلایەتی تەکساس) بەشداریبکات لە ڕێککەوتنێکی نوێی ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و جێگیرکردنی نرخەکان.
بەپێی شارەزایان، دوومانگی داهاتوو قوورسترین و دژوارترین کات دەبێت بۆ کۆمپانیاکان و پیشەسازیی نەوت و گاز. چاودێرانی بازاڕەکانی نەوت پێشبینی دەکەن کە ئەگەر مەرجەکانی قەدەخەی هاتوچۆش سووکبکرێن کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش کەم ببنەوە، دیسانیش خواستی ڕۆژانەی نەوت لە 100 ملیۆن بەرمیلەوە بە بڕی 10 بۆ 20 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت و بگاتە 80 بۆ 90 ملیۆن بەرمیل و چاوەڕێش دەکرێت ئابووری جیهان 18 مانگی پێویست بێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
لە ڕەوشێکی ئاوهادا، ڕێککەوتنێکی لە شێوەی ئۆپێک پڵەس کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت و کەرتی نەوت لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر تێکدەشکێت. بۆ ڕزگارکردنی پیشەسازی نەوت ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەتر پێویستە، واتە ڕێککەوتنێکی ئاستبەرز کە تێیدا ئەندامانی گرووپی 20، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بەشدار بن. لەم ڕێگەیەوە وڵاتانی بەرهەمهێن و بەکارهێن لەسەر یەک مێز هەوڵی ڕێکخستنەوەی بازاڕ و نرخەکان دەدەن.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی ئۆپێک وەک گرووپێک دەتوانێت کۆببێتەوە و تەنانەت بێ بەشداریی ڕووسیا و ئەمریکا بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە و کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی نەوتی جیهان درووستبکات، بەڵام بۆ ئەمە ئۆپێک کاتی پێویستە تاوەکوو بیر لە پلانێکی ستراتیژیی ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان بکاتەوە کە جیاواز بێت لەو ڕێککەوتنە کاتیانەی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر دۆخی بازاڕ ڕوو دەدەن.
زۆربەی ئەندامانی ئۆپێک لە کوورتخایەندا هەست بە ئاسەوارەکانی دابەزینی نرخەکانی نەوت دەکەن، بەڵام لە درێژخایەندا ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدات.
پێشبینی دەکرێت لە چەند دەیەی داهاتوودا نرخەکانی نەوت ڕوو لە کەمی بنێن، لە ڕەوشێکی ئاوهادا پرسی سەرەکی گۆڕینی ئابووری وڵاتانی هەژار و ناسەقامگیر بۆ ئابوورییەکی جێگیر دەبێتە مژاریکی گەرم. هەر گۆڕانکارییەک لە چەند ساڵی داهاتوو ڕووبدات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئۆپێک و مانەوەی ئەو ڕێکخراوە دەبێت. [1]