دەوای دڵی زارم
بە گوێی زەمانە بگا گیانە ئاخۆ هاوارم؟
وەڕەز لە ژینم و بوونم، هەراس و بێزارم
تەمەن تەواو بووە، ئەمما تەمەع وەکوو خۆی ما
لە بەژنی بەرز و لە ئاکاری جوانی دڵدارم
کەسێ کە پرسی لە من، پێی بڵێن: وەکوو مەجنوون
لە زەرد و ماهە، لە هەرد و تەلانە ئاسارم
ڕەفیقی جانەوەرانم، ئەسیری بەندی ئەوین
هەمیشە ڕووتەڵی نێو باغ و دەشت و کۆسارم
نەخۆشی دەردی ئەوین بێ عیلاج و دەرمانە
بەداخەوە نییە چارە و دەوای دڵی زارم
دوو ماچی لێوە، ئەویش پێوە دەمرم و نابێ
نەسیبی ئەو دڵی وا پڕ لە دەرد و ئازارم
«ئیمامی» هەروەکوو کوێر چاوەڕێیە چاوی هەبێ
کەچی بەداخەوە هەر کوێرە چاوی بیمارم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]