شەونم
لە عومری کوورتی خۆی چاوم گلە تا سەر دەکا شەونم
بە لێوی پێکەنینی خونچە چاوی تەڕ دەکا شەونم
مەکە تۆخوا دەگەڵ وی باسی عومری زۆر درێژ ئەی گوڵ
دڵی سافە، وتەی وا گیانە زوو باوەڕ دەکا شەونم
فریوی هەر هەوەسبازێ مەخۆ ئەی تازەگوڵ ئامان!
سبەینان ئارەزووی یارێکی دی و هاوسەر دەکا شەونم
دەماخی بەرزە گەرچی قەترەیێکی نێو گوڵووکانە
شەو و ڕۆژ ڕوو لە ڕۆژ و مانگ و لای ئەختەر دەکا شەونم
ئەسیری ڕەنگ و بۆ نابن ئەوانەی پاک و دڵ سافن
شەوانە تا بەیانی تاق و تەنیا سەر دەکا شەونم
لە گوڵزارێ کە «کامیل» خونچەیی بیر و خەیاڵ ئەچنێ
لەسەر گوڵ هەر شەرابی ساف و ڕوحپەروەر دەکا شەونم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]