کزەبای شەماڵ
بە سروەت پێ دەڵێم چاوم، کزەی دێ بای شەماڵ ئەوشۆ
چزەی دێ جەرگی برژاوم، بەبێ پۆلوو و زوخاڵ ئەوشۆ
ئەوا تیپی بەهاری دەست بە نێزە چوونە سەر بەفرێ
شکا پشتی کلیلەی قوڕبەسەر وەک پیرەزاڵ ئەوشۆ
سەراسەر فەرشە چیمەن بۆ قودوومی بووکی گوڵ، بۆیە
زمانی گرتووە هەر چەشنی تووتی، کوندە لاڵ ئەوشۆ
بە تەشریفی شنە، شەوبۆ و نێرگس پاکی پشکووتن
لە خۆشیان بولبول و قومری دەکەونە قیل و قاڵ ئەوشۆ
کوڕوکاڵ دەم بەخەندەن، کیژوکاڵ پڕ عیشوە و نازن
بزەی دێ غەمزە و ڕەمز و ئیشارەی چاوی کاڵ ئەوشۆ
ئەوا هەر چاوەڕێیە نێرگسی شەهلا بەتەنیایی
بە جارێ بوو سپی چاوی بە ئوممێدی ویساڵ ئەوشۆ
بە دەنگی بولبول و قومری، تەماشا دڵ چلۆن دەگری!
دەڵێ بگرن بە دڵ قەدری، جەماڵی کیژوکاڵ ئەوشۆ
«ئیمامی»ش هەروەکوو بولبول بە هیوای پێکەنینی گوڵ
دەناڵێنێ لەسەر هەر چڵ، بە یادی خەتت و خاڵ ئەوشۆ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]