هەرنەهاتی
نەبووی بە هاوپۆلی قۆناغی
سەرەتاییم
تا نیوەڕۆیەکی ساردی زستان
ژێر چەترێک کۆمان کاتەوە
لە ترسی ڕێژنەی باران
نەبووی بە شاژنی
خەونە ئاڵ و واڵاکانی هەرزەکاریم
تا لەسەر پشتی ئەسپێکی سەرشێت
بۆ؛ دوورترین دووری
قووڵترین قوڵایی ئاسمان
بتڕفێنم
لە شەوانی سەرماو سۆڵەی زستاندا
چاوەڕوان بووم
نەهاتی
تا بە یادی منداڵی
لە هەڵمی سەر مینای پەنجەرەکە
چەند پیتێکی سادە بنەخشێنین
وا خەزانی تەمەنمە و
هەر نەهاتی
لە ژێر سێبەری دارسنۆبەرێکدا
هەناسەمان
تێکەڵی کزەبایەکی بەیانیان بکەین
هەر نەهاتی
لە گەڵا وەریوەکان
ماڵێک بۆ تەنیاییمان چێ بکەین
هەر نەهاتی
ناوی نووسەر: #مستەفا نادر# [1]