ساڵی 1927 لەگوندی کاوانیان- شەقلاوە لەدایکبووەو تاقانەی دایک و باوکی بووە، باوکی لەمەلا زادەکانی باڵەکایەتی حاجی ئۆمەرانە و دایکیشی کاوانی بووە.
مام تەها ڕۆڵێکی بالای هەبووە لەگەشەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنووری شەقلاوەو ئەندامێکی چالاکی پارتی بووەو لەهەموو چالاکییەکانی خەبات بەشداریدەکرد، هەروەها کەسایەتییەکی ڕۆشنبیرو یەکسانیخواز بوو، فاتمە کچی مام تەها کەیەکەم کچ بوو وتاری بەناوی یەکێتی ئافرەتان خوێندۆتەوە لەوسەردەمەدا.
ئەوکاتەیش کەکۆنگرەی مامۆستایانی کوردستان دووجار لەشەقلاوە بەسترا، مام تەها یەکێکبوو لەبەشداربووانی ئەو کۆنگرەیە.
پێش شۆڕشی ئەیلول لەساڵی 1958 لەگەڵ زۆر لەکاوانییەکان و هەندێک لەشەقلاوەییەکان لەسەردەمی (عەبدولکەریم قاسم) لەبەغدا دەستگیرکران و لەئەبوغرێب حوکمی سێدارەیان بۆدەرچوو، بەلام دوای ساڵێک و بەفەرمانی عەبدولکەریم قاسم هەریەک لە مام تەها کاوانی و جەلال کاوانی و عاسم حەیدەری و ڕەشید بندیان و حاجی سەلیم و عەزیز مەحمودو سابیر کاوانی و مەحمود کاوانی مستیلە بندیان و حەمید کاوانی و زۆرێک لەهاوڕێکانی ئازادکران.
لەکۆتایی سالانی پەنجاکانیش مام تەها یەکێکبوو لەهەڵگیسێنەرانی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ کاوانییەکانی دیکەی وەک: مەحمود کاوانی و جەلال کاوانی و حەمید کاوانی و جەمیل کاوانی و جەوهەر کاوانی، هەموو تێکۆشەرانی کاوانی لەوکاتەدا لەناوچەی خۆشناوەتی مەشخەڵی شۆڕشیان داگیرساند، ساڵی 1961و سەرەتای شۆڕش هەموو سەروەت و ماڵ و دوکانەکانی جێهێشت و بوو بەپێشمەرگەی کوردستان، لەگەڵ جێهێشتنیشی هەموو ماڵ و موڵکی سوتێندراو تالانکراو خانەوادەکەیشی دەربەدەربوون بۆ هەولێر و باوکیشی کە لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا بوو بۆماوەی ساڵێک دەستگیرکرا، دیسانەوە لەساڵی 1963 کە بەساڵی حەرەس قەومیەکان ناسراوە، ماڵ و منداڵی لەهەولێر دەربەدەرکرانەوەو چوون بۆ ناوچەی بێتواتەو هەرتەل و ئەندێک، هەر لەوکاتەشدا مام تەها بەشداری زۆر لەشەڕەکانی ئەو ناوچەیەی کردووەو ڕۆڵی دیارو قارەمانانەی نواندووە، دووساڵ بەوشێوەیە منداڵەکانی لەخوێندن دابڕان، دواتر لەساڵی 1965 گەڕانەوە بۆ هەولێر.
لەسالانی 1966-1967 کە بەسەردان هاتەوە هەولێر، لەتەیراوە دەستگیر کراو بۆماوەی سێ ساڵ لەزیندانی موسڵ مایەوە، ساڵی 1969ش کەئازادکرا ڕێی پێنەدرا بگەڕێتەوە هەولێرو ناچار ڕوویانکردە بەغداو دوای ماوەیەک دووبارە گەڕانەوە هەولێر، لەوێشەوە دیسان ڕویکردەوە سەنگەرەکانی خەبات تا نسکۆی ساڵی 1975 بەردەوام بوو، دواتر ئاوارەی ئێران بووەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ عیراق و ساڵێک لەهەوڵێر مایەوە، لەکاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لەگەڵ شەهید سەعدی گچکەو قادر عەزیز ڕوویانکردە شاخەکانی کوردستان و بوون بەپێشمەرگە.
دوای سالانێکی دوورودرێژ لەخەبات و قوربانیدان و لە 19-04-1977 لەنزیک گوندی سناوەی جەلی کۆیە لەشەڕێکدا لەگەڵ مەفرەزە خاسەی خۆفرۆشێک برینداردەکرێت و پاشان دەستگیرکرا، دوای سالێک مانەوە لەئازارو ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی ئەمن ئازادکرا، بەلام بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی دڵ بووبوو، بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێت لەخەباتی چەکداری و بەنهێنی هاوکاری شۆڕشی دەکرد، بەلام بەداخەوە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا ڕۆژی 16-04-2008 کۆچی دوایی کرد.