ئەسپ نێر و ماین مێ، هەمیشە نرخێکی تایبەتی و ڕیزێکی تایبەتی هەبوە و هەبونی نیشانەی پایەی کۆمەڵایەتی خاوەنەکەی بوە. بە زۆری بۆ سواربون بەکار هێنراوە.
کە کراوە بە هی باربردن ئیتر پێیان وتوە: (بارگیر)، یان (بارگین) و، کە خەساندویانە پێیان وتوە: (یەختە) یا (یەرغە).
ئەسپی ڕەسەن، کە دایک و باوکی ناسراو بێ، لە ئەسپی تر کە دایک و باوکی نە ناسراو بێ پەسەندترە. ڕەگەزی عەرەبی لە هەمویان پەسەندترە. بە گوێرەی ڕەنگەکانی بە شێ، کوێت، کەحیلە، موحەننەک ناو ئەبرێن.
ماین (جوانو)ی ئەبێ و، کە بو بە دوساڵ پێی ئەڵێن (نۆما). تا 3 ساڵ هەر بەخێو ئەکرێ، لەبەر ئەوەی ئیسقانی بربرەی پشتی بەرگەی هەڵگرتنی قورسایی ناگرێ، نە باری لێ ئەنێن و نە سواری ئەبن. لەساڵی چوارەم دا ئەڵێن (پشتی گرتوە)، ئیتر خەریکی ڕاهینانی ئەبن بۆ سواری، ڕاهینانی زانین و شارەزایی و حەوسەڵەی دریژی ئەوێ.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2011/23100/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=ئەسپ=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2011/23100/0002.JPG=KTML_Photo_End=
ئەسپ (ڕەوت) و (نەرمەغار) و (غار) و (لۆقە) ئەکا.
ئەسپ وڵاخێکی (یەک سم)ه، ئەبێ سمی (ناڵ) بکرێ، ئەگینا ژێر سمی بریندار ئەبێ.
ئەسپ (زین) ی لێ ئەکرێ، زین لە چەرم و تەختە و لباد دروست ئەکرێ، کاتی خۆی بە خشڵی زێر و زیو ڕازاندویانەتەوە. بۆ زەوتکردنی لەکاتی سوار بون دا (لغاو) ئەکرێتە دەمی.
ئەسپ لە (تەویلە) دا ئەبەسترێتەوە و، لە (ئاخوڕ) دا (ئالیک) ئەدرێ. پێشینان وتویانە (لە ئەسپی نەبو، ئاخوڕ هەڵئەبەستێ)، لە بەهاران دا کە بە کۆمەڵ لە لەوەڕگادا بەرەڵا ئەکرێن، پێێ ئەڵێن (ڕەوە) و، ئەوی خزمەتیان ئەکا (مەیتەر).
لە ئەفسانەی کوردی دا، ئەسپەکەی ڕۆستەم ناوی (ڕەخش) و، هی خەسرەوی پەروێز (شەودێر) و، هی ئیمامی عەلی (دوڵدوڵ) بوە. لە چاو ئەسپی ئاسایی دا هەر یەکەیان هونەرێکی هەبوە.
پێشینان وتویانە (سواری ئەسپی خەلک بی هەر پیادەی).
سالم لە باسی خۆی و ئەسپەکەی دا ئەڵێ:
خانە خوێم میوان نەوازە، وەرنە سەیری پیاوەتی
دۆشەکی خۆم خاک و خۆڵ و، سەر ڕاخەری ئەسپم سەما
شیشی سور بێنن وەرن خاڵیگەمان داخ کەن بە جوت
چونکە ژانمانکرد: من و ئەسپم، لە بەر سەردی هەوا
ئەمن و بارگیری کوێت هەردو بنوین بەشکم بە خەو
من ببینم ڕوی خۆراک و، ئەو ببینێ ڕوی کا
نەوشیروان مستەفا
کتبیبی پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن ل 148 [1]