یاساناس و ڕوناکبیری بەهەڵوێست
عومەر مەعروف بەرزنجی
لە دوا نیوەڕۆی ڕۆژی 13-08-1997، ڕۆڵەیەکی دڵاواو فریشتە ئاسا، مرۆڤێکی دڵسۆز و سەنگین، خوێندەوارێکی بە توانستی هەمە لایەن، نمونەیەکی دیارو بێخەوشی ویژدانی نەتەوە، شارەزاو قاڵبویەکی بواری یاسا، خاوەن قەڵەمێکی بەسەلیقەی زمان و نووسین و مەوداکانی ڕوناکبیری، ئەندامێکی کارای دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدا، فەرمانبەرێکی دەستو دەم پاک و ڕاستگۆ، کوردێکی یەکڕەنگ و خەمخۆرێکی مەسەلە ئاڵۆزەکانی ژیانی میللەت، دوای تەمەنێکی کورت و ئازارێکی درێژ، ڕووی لە جیهانی جاویدانی کردو گردی –سەیوان-ی شاری سلێمانی کردە دوا هەواری خۆی.
خوالێخۆشبوو (عوسمان مەعروف بەرزنجی) ساڵی 1942 لە ئاوایی –بەرزنجە- لە دایکبووە، نەوەی بنەماڵەیەکی ناسراوی ئه و ناوچەپیرۆزەیە، خوالێخۆشبوو (مەعروف بەرزنجی) باوکی یەکێک بووە لە ڕووە ناسراوەکانی ناوچەکه و دۆستی نزیکی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحمودی بەرزنجی) بووە.
کاکە عوسمان خوێندنی سەرەتایی لە بەرزنجە تەواو کردووە، ساڵی خوێندنی 1959-1960 بەشی ئەدەبی قۆناغی ئامادەیی لە قوتابخانەی سانەوی سلێمانی کۆتایی پێ هێناوە، لەسەرجەم ساڵەکانی خوێندنیدا بەردەوام لە ڕیزی پێشەوە بووە و پلەی باڵای بە دەست هێناوە، ڕۆژی 17-12-1961 بووە بە فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرێتی چاککردنی کشتوکاڵ لە سلێمانی، ساڵی خوێندنی 1963-1964 بۆ تەواوکردنی خوێندن ڕووی لە بەغدا کردووە و لە کۆلێژی یاسا وەرگیراوە، دوای چوار ساڵ بە پلەی زۆر باشە تەواویکردووە، لە سلێمانی و بەغدا چەندین کاری ئیداری و یاسایی بینیوە، دوای بەیاننامەی یانزەی ئازاری 1970 یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی مەڵبەندی گشتی بەغداو ناوی لەیەکەم پڕۆگرام و پەیڕەوی کۆمەڵەدا تۆمارکراوە، پێش دەستپێکردنەوەی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1974 دا پاڵێوراوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانستگای سۆربۆن لە فەرەنسا، بەڵام پەیوەندیکردنی بە شۆڕشی کوردستانەوە ئەم هەلەی لەکیسداوە و تەواوکردنی خوێندی باڵای لەدەستداوە، ساڵی 1974 بۆ ماوەی ساڵێک پەیوەندی بەشۆڕشەوە کردووە و گەلێ کارو ئەرکی یاسایی و ئیداری پێ سپێردراوە، ساڵی 1977 بووە بە جێگری بەڕێوەبەری گشتی پرۆژەی شارەزووری کشتوکاڵی، ساڵی 1997 گوێزراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی گومرکی سلێمانی و بووە بە لێپرسراوی بەشی یاسایی.
خوالێخۆشبوو هەرچەندە نووسینی نەکردبوو بە پیشەی سەرەکی، بەڵام هەندێ بابەتی ڕوناکبیری و سیاسی و یاسایی لە ڕۆژنامەی (النور) و (التاخی) دا بەزمانی عەرەبی بڵاو کردۆتەوە.
کۆچی دوایی کاکە عوسمان بە ڕاگوزاری و بێدەنگی تێنەپەڕی، بەڵکو چەندین قەڵەمی دڵسۆزی هەژاند و نووسەران و دۆست و برادەرانی هەریەکەیان بە جۆرێکی تایبەت بابەتی ماتەمینییان بۆ نووسی، مامۆستایان (رەوف بێگەرد و محەمەد نوری تۆفیق و عومەر عەلی ئەمین و ئەحمەد حسێن و نەجمەدین مستەفا بەرزنجی) و هەردوو پارێزەری هاوڕێی مامۆستایان(تەها بابان و وریا محێدین چنارەیی) سەبارەت بەم کۆستە بابەتی ڕەنگینیان بڵاوکردەوە، دواتر بابەتەکانیش خرانە دووتوێی نامیلکەیەکی تایبەتییەوە و وەک دیارییەکی بنەماڵە پێشکەش بە دۆست و برادەران کرا، بۆ نمونە مامۆستای چیرۆکنوس (رەوف بێگەرد) بەناونیشانی (ئه و باڵندانەی بە ئەسپایی تێئەپەڕن) نووسیوێتی:
مەرگی مرۆڤە بێدەنگەکان هەر لە کپی و هێوری شەوانی ئه و ڕووبارە سەرهەڵگرتووانە دەچێت کە هەوارو هۆبە بە هۆبە ماڵئاوایی لە کەنارو تاوێری سەر ڕۆخەکانیان دەکەن، دەستی تاسە هەڵدەبڕن و فرمێسکی غەریبی دەڕێژن، دەڕۆن وەک ئه و باڵندانەی سەری ماندوبوونیان لە ژێر باڵی غوربەتی گەرمیاندا مەڵاس دەکەن و دەستی تەسلیم بوونی ئاوارەییان لە ئاستانەی کوێستانێکی غەریبیدا بەرز ئەکەنەوە، نەهاوار دەکەن و نەبەر شەوارە کەوتوون، نەخۆراکێکی بەلەزەتی نێو قەفەزێکی ئاڵتونی چاوچنۆکی کردون و نەخەرمانی سووری جوتیارێکی هەژار بڕستی لە جوامێری بڕیون، هاتوون وەک شەماڵێک، ڕۆیشتوون وەک هەناسەیەک، ئاغر ئاغر سڵاوێکیان لە درەختەکان کردووه و باڵێکیان بەسەر لوتکەیەکدا خشاندووە، من (عوسمان بەرزنجی)م وەکو ئه و مەل و ڕووبارانە دەهاتە بەرچاو، لەناو چاویا سکاڵایەک هەبوو نەیدەدرکاند، خەمێک هەبوو دەی شاردەوە، لە باڵایەکی باریک و هەنگاوێکی شلو خاوو ڕوانینێکی پشت عەینەکی سپیدا ئازارەکانی دەدرەوشانەوە، هەستت بە مرۆڤێکی ماندوو بەڵام نەک هی ڕێگای دوور، بەزامێکی تازە بەڵام نەک هی دوژمن دەکرد، خەمەکانی زادەی بیرکردنەوەیەکی تاسەر ئێسقان بێهودەیی و تاسەر سەریش باڵا بەرز بوون، من هەردوور بە دوور (عوسمان)م دەناسی، سڵاوێک، وەستانێک، هەواڵی (عومەر)ێک و هیچی تر، بەڵام دەمزانی شەماڵێکە لە گەرمادا هەڵدەکات و وەنەوزێکە کەمتر خەونی خۆش دەبینێت.
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 6,895 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!