هاوڕاز ئەحمەد
دوای ئەوە چەکدارانی داعش، هێرشەکانیان لە ناوخاکی سوریادا چڕکردەوە و دەستیان گرت بەسەر چەند گوندێکی دەوروبەری کۆبانی دا، نزیکەی 66 هەزار هاوڵاتی کە بەشێکی زۆریان کوردی سوریان، لەترسی چەکدارانی داعش ئاوارەی تورکیا بوون.
دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی وڵاتی تورکیا سنوورەکانی بەڕووی کوبانی دا کردەوە، بە دەیان هەزار کوردی ڕۆژئاوا لە ترسی هێرشەکانی چەکدارانی داعش، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتوو ئاوارەی تورکیا بوون.
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش باس لەوە دەکات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکانەوە هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی.
لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی سوریاوە لە دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، نزیکەی 847 هەزار هاوڵاتی ئاوارەی تورکیابوون، بەڵام کردنەوەی سنوورەکانی تورکیا بەڕووی ئاوارەکانی سوریا بووە هۆی ئەوەی تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێردا، زیاد لە 60 هەزار کوردی سوریا بڕۆنە ناو خاکی تورکیاوە.
رۆژی شەممە، نوعمان کورتوڵمش، جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند کە تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێردا زیاد لە 60 هەزار کوردی سوریا هاتوونەتە ناو خاکی تورکیاوە.
سەرچاوەیەکی ڕەسمی لە حکومەتی تورکیاوە بە کەناڵی BBC ڕاگەیاندووە کە ژمارەکە نزیکبۆتەوە لە 66 هەزار ئاوارە.
BBC
21-09-2014