لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک زۆر شیرینی دەخۆن، لە #هەورامان#یش خەڵک شیرینی تایبەت بە خۆیان درووستدەکەن. ئەو شیرینییەی لە هەورامان درووستدەکرێت تەندرووستترە لە شیرینییەکانی دیکە، چونکە لەجێگەی شەکر، شیلەی توو و لە جێگەی ڕۆنیش گوێز لە درووستکردنی بەکاردەهێنن.
شێنە ئادەم، مامۆستایە و لەبارەی درووستکردنی #شیرینی هەورامی# دەڵێت بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەکوو گوێز، هەنجیر و توو لە خواردنەکان بەکاردێنین. ئێستا وەرزی تووە بۆیە لەدرووستکردنی زۆر شیرینی بەکاریدەهێنین، لەگەڵ گوێز و قەزوان تێکەڵی دەکەین و شیرینییەک درووست دەکەین پێی دەڵێین لەپاره، کە جۆرە شیرینییەکی زۆر خۆشە.
توو، جگە لەوەی بە تەڕی و وشکی دەخورێت، دۆشاوی تووشی لێ درووستدەکرێت، کە درووستکردنی ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و کاتێکی زۆریشی پێدەچێت. لە چوار کیلۆ توو دوای کوڵاندن و خەستکردنەوەی، تەنیا یەک کیلۆ دۆشاوی تووی لێ دەردەچێت.
مەدینە عەبدولرەحمان، هاونیشتمانی لەبارەی دۆشاوی توو دەڵێت دوای درووستکردنی، سێ ساڵی دیکە بمێنێتەوە خراپ نابێت. هەروەها دەڵێت چونکە شیرینی دیکە هاتوون، منداڵەکان حەزیان لەوانە، بەڵام ئێمە حەزمان لەمجۆرە شیرینیانە و دەمانەوێت ئەمە مێنێتەوە.
درووستکردنی کونجی ئاسایی لای هەورامییەکان جیاوازە شێنە ئادەم جیاوازییەکەی ڕووندەکاتەوە دەڵێت بەراورد بە کونجیی بازاڕ ئێمە لە شیرینەکاندا کەم شەکر بەکاردەهێنین، لەجیاتی شەکر دۆشاوی توو بەکاردەهێنین، کە هەم کەمتر شیرینە، هەم تەندرووستیشە، هەروەها لەجیاتی چەوری گوێز بەکاردەهێنین.
هەورامییەکان نزیکەی 10 جۆر شیرینی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەپێی وەرز و کاتی جیاواز درووستیان دەکەن، بەڵام دەگمەنن ئەو کەسانەی ئێستا لە ژیاندا ماون و دەزانن هەموو جۆرە شیرینییەکانی هەورامان درووستبکەن.