ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
زەڕەنگەرەکانی بازاڕی #هەڵەبجە# ئاماژە بەوە دەکەن کە ماوەی چەند مانگێکە ڕێژەی فرۆشتنی زێڕ لەلایەن هاوڵاتیانەوە زۆر بەرز بووەتەوە و کەم خەڵک هەیە زێڕ بکڕێت، ژنێکیش ئاماژە بەوە دەکات دواکەوتنی مووچە و خراپی باری دارایی خەڵک وایکردووە زێڕەکانیان بفرۆشن.
بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم و دواکەوتنی مووچە، بوەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان دەست بە فرۆشتنی پێداویستییە کەسییەکانیان بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان.
شەیماحەسەن، یەکێک لەو ژنانەی کە هاتبووە دوکانی زێڕینگرێک بۆ ئەوەی زێڕەکانی بفرۆشێت بە ڕۆژنیوزی وت: ئێستا ژنان زێڕەکانیان دەفرۆشن، لە جیاتی ئەوەی زێڕ بکڕن، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە هاوڵاتیان باری ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپە و مووچە لەکاتی خۆیدا نادرێت، ئەوەشی کە دەدرێت بەشی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک ناکات، لەهەمان کاتیشدا هاوڵاتیان متمانەیان بەم دۆخە نییە و نازانن سبەینێ چی ڕوودەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، من خۆم ئەمڕۆ هاتومەتە ئەم دوکانە بۆ ئەوەی هەرچی زێڕمان هەیە بیفرۆشم، چونکە پارە لەماڵماندا نییە، بۆیە ناچارم بۆ ئەوەی تووشی قەرز نەبین بیر لە فرۆشتنەوەی ئەو پارچە زێڕەم بکەمەوە، ماڵی وەهاش هەیە کە پێداویستییەکانی ناوماڵی دەفرۆشێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکانی ژیان.
حەسەن عومەر، زەڕەنگەرێکی بازاڕی هەڵەبجەیە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە وەتەی قەیرانی دارایی سەریهەڵداوە، گۆڕانکارییەکی زۆریش بەسەر بازاڕو کاری ئێمەدا هاتووە، بەجۆرێک ڕۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر ڕوومان تێدەکات بۆ فرۆشتنی زێڕو زیوەکانیان، ڕۆژی واهەیە خەڵک ئەوەندە دێنە لامان بۆ فرۆشتنی زێڕەکانیان، پارە لە قاسەکانماندا نامێنێت.
ئەو زەڕەنگەرە وتیشی: بەهۆی دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە، ئەم چەند ڕۆژە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دێنە بازاڕی زەڕەنگرەکان، بۆ فرۆشتنی زێڕ دێن، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمیان زێڕ دەکڕن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێش قەیرانی دارایی، کە کوڕ و کچێک هاوسەرگیریان دەکرد، 25 بۆ40 مسقاڵ زێڕ دەکڕا بۆ بووکەخان، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیەش دابەزیوە بۆ 10 بۆ 15 مسقاڵ زێر.
ئەو زەڕەنگەرەی بازاڕی هەڵەبجە ڕای خۆیشی لەبارەی هۆکاری ئەو دۆخەی بازاڕ دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: ئێستا هاوڵاتیان جۆرە ترسێکیان لەلا دروستبووە، پێیان باشە زێڕ و زیو بفرۆشن و بیکەنەوە بە پارە، چونکە ئەم حزبە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان دۆخێکیان هێناوەتە کایەوە کەس لەژیانی خۆی دڵنیا نییە.
01-08-2017