خوشک و برایانی خوشەویست،
بە داخ و پەژارەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە، هەواڵی کۆچی دوایی گەورە ڕێبەر و پێشەوا و مامۆستای زیاتر لەچوار دەیەیەی خەباتی خۆم و زۆرتر لە نیوسەدەی کاروانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، و مامی بەقەدر و میهرەبان و پڕ ئومێدی گەلێکی ژێر دەستەی ڕوو لەخۆری ئازادیمان وەرگرت.
ژیانی #مام جەلال# تۆماری میژووی هاوچەرخی کورد و ڕۆژهەلاتە، لە خوێندکاریەوە بۆ گەنجترین سەرکردایەتی، لەپیشمەرگایەتیەوە بۆ یەکەمین سەرۆککۆماری کورد، لە شۆڕشی گەمارۆدراوی کوردستان و لەچیاکانەوە بۆ ئاستی سەرکردەکانی جیهان. ئازا لە ڕووبەڕووبونەوەی تەحەداکاندا هەمیشە پڕ لە هیوا و ئومید،کێوێک بوو لە وورە و بڕوابوون بوو بە سەرکەوتن.
سەرۆک مامجەلال، هەر مامۆستا و ڕێبەر نەبوو، باوکێکی جێگیری فکری سیاسی و ڕێبازی چەپکە گوڵەکەی تێکۆشانمان بوو. بۆ خۆم، مامۆستا و مامی میهرەبان بوو، هاوکار و ڕێنوێنم بوو، پشتیوانم بووە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
بەداخەوە ئەمڕۆ مامی مەزنمان، ڕابەری گەورەی ناو مێژوومان، دڵە گەورەکەی کەپڕ بوو لەخۆشەویستی بۆ گەلەکەی، دوای ململانێیەکی سەخت لەلێدان کەوت.
کۆچی دووایی مامجەلالی مامۆستا و ڕێبەر و مامی سەرەوەرمان، زیانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ قەرەبوکراوەی گەلی کوردستانە. خەسارەتێکی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە، کەهەرگیز کەلێنەکەی وا بەئاسانی پڕ ناکرێتەوە. لێرەوە سەرخۆشی خۆم لەتەواوی گەلی کوردستان و خاونەوادەی مامی گەورەمان و یەکێتیە تێکۆشەرەکان و ڕێبوارانی خەباتی دیمکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازانی عێراق و ناوچەکە و دنیا دەکەم. بەمامی گەورە و سەروەمان، بەڵێن دەدەین، کە هەتاسەر گیانی پیرۆزی ئاسودە دەکەین بە کارکردن بۆ چەسپاندی دیموکراتی وهێنانەدی دادپەروەری و هەر بەمامۆستا و ڕێبەری ئامانجە بەرزەکان دەیهێڵینەوە. ئارام بنوو ڕێبەری مەزن و داهێنەر، ئارام بنوو مامە گیان، مامی میهرەبانی گەلێکی ڕوو خۆر.
#بەرهەم ساڵح#
03-10-2017
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 4,729 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!