دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە دروستکردنی #کڵاش# بە یەکێک لە پیشە هەرە کۆنەکانی هەورامییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی هاوردەکردنی کڵاشی ئامادەکراو لە ئێرانەوە، وەستاکانی دروستکردنی کڵاشی لە پیشەکەیان دورخستوەتەوە و بە دەیان خێزان بێکار بوون، بە وتەی هەورامییەکانیش ئەمە وایکردووە کە پیشەی دروستکردنی کڵاش مەترسی لەناوچوونی لەسەربێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری هەورامییەکانی نیشتەجێی شارۆچکەی تەوێڵە و ناحیەی بیارە و گوندەکنی دەوروبەری، شانبەشانی باخداری سەرقاڵی دروستکردنی کڵاشی هەورامیش بوون کە ناوبانگێکی باشیان پەیدا کردبوو لەڕووی بەرزی کوالیتی کەرەستەکانی دروستکردنی کڵاش و جوانی و تۆکمەیی دروستکردنی کڵاشەکەش، بەڵام ئێستا چەند کەسێک کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن درێژەیان بە پیشەی دروستکردنی کڵاش داوە لەهەورامان.
ئاوێسەر هەورامی، یەکێک لە وەستاکانی دروستکردنی کڵاش لە شارۆچکەی تەوێڵە لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی ئه و کەسانەی کە خەریکی دروستکردنی کڵاشی هەورامین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، تەنیا یەک هۆکار نییە کە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لە دوورکەوتنەوەی هەورامییەکان لە پیشەکەیان بەڵکو چەند هۆکارێک هەن، لەوانە، لەساڵانی ڕابردوودا کاتێک کە دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم باش بوو ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە فەرمانگە حکومییەکان دامەزران له و چوارچێوەیەشدا بەشێکی زۆری ئەوانەی کڵاشیان دروستدەکرد بونە فەرمانبەر و دوورکەوتنەوە لە پیشەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی تر، پەیوەندی بە کۆچکردنی هەورامییەکانەوە هەیە لە تەوێڵە و بیارەوە بۆ شارەکانی تری وەک سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە و شارەکانی تر، بەجۆرێک له و شارانەدا خۆیان بە پیشەیەکی ترەوە سەرقاڵکردووە بڕە پارەیەکی زیاتریان دەستدەکەوێت، هەروەها هۆکارێک کە ئێستا زۆر کاریگەری هەبێت ئەوەیە لە ئێرانەوە کڵاشی ئامادەکراو هاوردەدەکرێن بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێن، ئەمەش وایکردووە کە هاووڵاتیان کەمتر ڕوو لەکڕینی کڵاشی هەورامی بکەن.
نرخی کڵاشی هەورامی لەڕووی جۆر و کوالیتییەوە بەسەر سێ جۆردا دابەشکراون، جۆری یەکەمیان نرخەکەی دەچێتە 85 بۆ 90 هەزار دینار کە ئەمانە باشترین جۆری کڵاشن، جۆری دووم نرخەکەی لە 65 بۆ 70 هەزار دینارە و جۆرێکی مام ناوەندن، هەرچی جۆری سێیەمی کڵاشی هەورامی نرخەکەی لە نێوان 40 بۆ 45 هەزار دینارە لەڕووی کوالیتی و شێوازی دروستکردنەوە وەک دوو جۆرەکەی دیکە باش نییە.
ئاراس محەمەد کە پێشتر بە پیشەی دروستکردنی کڵاشی هەورامییەوە سەرقاڵ بووە و ئێستا کاری ئازاد دەکات بۆ دواڕۆژ ئەوەی وت بەهۆی ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا هاوردەکردنی کڵاش لە وڵاتی ئێرانەوە بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە و هیچ چاودێری و گومرگێکیان ناخرێتە سەر و هەروەها بە نرخێکی هەران دەفرۆشرێن، جوتێک کڵاشی ئێرانی بە نزیکەی 30 هەزار دینارە، ئەمە وایکردووە وەستاکانی دروستکردنی کڵاش لە هەورامان کاڵاکانیان بۆ ساغ نەبێتەوە و بیر لە پیشەیەکی تر بکەنەوە، هەر ئەمەش وایکردوە کە پیشەی دروتکردنی کڵاش لە هەورامان مەترسی لەناوچوونی لەسەربێت.
ئاراس محەمەد، بە پێویستیشی زانی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت لە خاڵە سنورەکان و مەرزە لاوەکییەکاندا ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ هاوردەکردنی کڵاش لە ئێرانەوە، چونکە بە دەیان خێزانی هەورامان بێکار ماونەتەوە و وازیان لە پیشەکەیان هێناوە لەکاتێکدا لە ڕابردوودا بە سەدان کەس هەبوون لە تەویڵە و بیارە سەرقاڵی ئه و کارە بوون بەڵام ئێستا هەمووین ناگەنە 10 کەس.
فەتاح ڕەسوڵ، یەکێک لە هاووڵاتیانی ناحیەی بیارە بە دواڕۆژی وت لەگەڵ ئەوەی هاوردەکردنی کڵاش لە ئێرانەوە زیانێکی ئابووری زۆری بەدانیشتوانی ئەم ناوچەیەی ئێمە گەیاندووە و بوەتە هۆی بێکاربوونی دەیان خێزان، لەهەمان کاتیشدا ناوبانگی کڵاشی هەورامیشی لەکەدار کردووە، چونکە ئه و کڵاشانەی لە ئێرانەوە دەهێنرێن ناتوانن وەک کڵاشی هەورامی بن نە لە چنیندا نە لە کەرەستەکاندا، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوە بە نرخێکی هەرزان بە ناوی کڵاشی هەورامییەوە دەیانفرۆشن.
هەرچەندە تائێستا ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە کە ئاخۆ ساڵانە چەند کڵاش دروستدەکرێت و چەند لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی دواڕۆژ، دەرکەوتووە کە ساڵانە دەیان هەزار جووت کڵاش لە سەرجەم بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن و بەشێکی زۆری ئەم کڵاشانەش ئەوانەن کە لەئێرانەوە هاوردەکراون.[1]
#09-03-2018#