کە باس دێتە سەر (یاشار کەمال)ی تورکینووسی بە ڕەچەڵەک کورد، مرۆ نازانێت بە چ لەونێک پەسنی بکات و، بە شان و باڵی خامەیدا هەڵبڵێ ، ئه و لە هەموو ئه و پەسنانەی بۆی دەکرێت باڵاترە، ئەوێک کە هەموو کۆشش و غەمەکانی لە پێناو گەیاندنی ئه و ئازارە بووە کە بەرۆکی میللەتەکەی گرتووە، بە گەلانی سەرزەمین، تا ئه و جێگایەی دەستی پێ ڕادەگا. ناتوانرێت بە سەدەها نووسینی لەم شکڵە پاداشتی ئەم نووسەرە بدرێتەوه، لێ ئەمە قومێک ئاوی ساردە بۆ ئەوکی خوێنەران و، پێویستە لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە ئاشنایەتی زێتر لەگەڵ ویدا پەیدا بکەن _ مخابن! هەنووکە لە نێوماندا نەماوە و، بەره و جیهانی ئەبەدی بارگەی پێچاوەتەوە _.
ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە بە زمانی بێگانان نووسراوە، وەلێ هەتا بینەقاقای کوردایەتیی لێ دەچۆڕێ . لەبارەی یاشاری نەمرەوە زۆر گوتراوە و، زۆریشی لەبارەوە دەگوترێ ، هەروەک نێوبانگی بەلای زۆرێکەوە شاراوە نینە. کە باسی ئه و ڕۆماننووسە دێتە مەیدانێ خوێنەرانی کوردزمان ڕۆمانگەلی حەمەدۆک و ئەفسانەی چیای ئاگری و تەنەکە و تەیری تەکباڵی وە بیردا دێت.
هەروەتر من دەمهەوێ لەسەر ڕۆمانی (تەیری تەکباڵی) وی هەڵوەستەیەک بکەم، ئەم ڕۆمانە کە خۆی لە قەبارەیەکی تا ڕادەیەک چکۆلەدا دەبینێتەوە، (ئاوارە وڵات) بە زمانێکی تەڕ و پاراو لە تورکیڕا بۆ کوردی وەریگێڕاوە.
ئەوی ڕاستی بێ هەر لەسەرەتای خوێندنەوەیدا هەست بە ترسێکی زۆر دەکەیت، بە جۆرێکی دی دەتوانین ناوی دووهەمی ئەم ڕۆمانە بنێین (ترس)! ئه و ترسەی کە سەروبنێکی دیار نییە، بەڵێ هەر ئه و هەستە واتلێدەکات کە تا کۆتایی ڕۆمانەکە لە خوێندنەوەی نەپسێیت و بەردەوام بیت، مەودایەک لە خوێندنەوەیدا خۆت لەنێو شەمەندەفەرێک دەبینییەوە، ڕێک بەرانبەر (مەلەک خانم)، ئه و ناوەی مودیری پۆستەخانە زۆری بەلاوە خۆش بوو، ڕۆژی سەد جاران دووبارەی دەکردەوە، (یای مەلەک) و (ڕەمزی بەگ) کە دەکاتە مودیری پۆستەخانە، هاوکات ژن و مێردی یەکتریش بوون لە ئەستەنبوڵەوە بەرەوە (یۆقۆشلۆ) ڕاگوێزرابوونەوە، دوای سێ ڕۆژ ڕێگە و بۆدڕنی سەرنشینان، کە (یای مەلەک)یان وڕ و کاس کردبوو، گەیشتنە دوا وێستگە، کە مەودایەکی کەم لە یۆقۆشلۆوە دوور بوو، ئه و جێگایەی کە هیچ کەسان و تەنانەت تەیرەکانیش دەمێک بوو ئەوێندەرێیان چۆڵ کردبوو، هەمووان دەیانگۆت کارەساتێکی گەورەی بەسەردا هاتووە، ژیانی تێدا نەماوە!
ئه و شارەدێیەی کە هەموو ڕاز و حیکایەتەکانی لە خۆدا مەڵاس دابوو، هەر کەست دیتبا و پرسیارت لەبارەی ئه و شارەدێیە لێکردبا، خەنینەی پێدەهات و بە کەمعەقڵ دەهاتییە پێش چاوی، هەمووان دەیانگۆت ئه و شارەدێیە دەمێکە لەبەر شوومی چۆڵکراوە.
خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا گەلێک شتی سەیروسەمەرەی بەر دیدە دەکەوێت و، بە تەواوی ڕۆدەچێتە نێو باس و خواسەکانییەوە. (یەحیا خەلیل)
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram
om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 3,530 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!