دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەری ئاسایشی #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس 150، تۆمەتباری جۆراوجۆریان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر 200 ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و پارچە چەک-دا گرتووە.
دکتۆر تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دوای ئەوەی لە جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی کوشتن لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕوویاندا، #وەزارەتی ناوخۆ# بڕیاریدا هەرکەسێک چەکی نایاسایی هەڵگرتووە دەبێت چەکەکەی لێ وەرگیرێتەوە، چونکە ئه و ماوەیە دیاردەی هەڵگرتنی چەک زۆر زیادی کردبوو.
وتیشی لە 19ی حوزەیران ژوورێکی عەمەلیات بەهاوبەشی لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس پێکهێندرا بۆ دەستگیرکردنی ئه و کەسانەی کە بە نایاسایی چەک هەڵدەگرن و شەوانە خەڵک نیگەران دەکەن و لە قورمارخانەی نایاسایی کێشە دروست دەکەن. بەشێک لەوجۆرە کەسانە خۆیان بە بێ منەت لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان دەزان، بۆیە لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە تاوەکو ئێستا 150 تۆمەتباری جۆراوجۆر و ئه و کەسانەشی چەکی بێ مۆڵەتیان هەڵگرتبوو دەستگیرکراون، لەگەڵ 200 ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و پەرچە چەکی تر کە سەرجەمیان نایاسایی بوون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕوونیشیکردەوە، سەرجەم ئەو کەسانەی بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و تۆمەتی جیاواز دەستگیر کراون دراونەتە دادگا و بە نوسراوی فەرمیش بە دادگایان وتووە نابێت ئەو تۆمەتبارانە لە کاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکانیان ئازاد بکرێن، چونکە زۆربەی دەستگیراوان پێشتر چەند جارێکی تر دەستگیر کراون، بەڵام بە کەفالەت ئازاد کراون.
لەبارەی ئه و دەنگۆیانەی کە دەوترێت هەندێک خەڵک بە زۆر پارەیان لە خەڵک وەردەگرت دکتۆر تاریق نوری ئەوەشی خستەڕوو ڕاستە پێشتر خەڵکێک هەبوون وەک عەسابە باجیان لە خاوەن کافتریاکان وەردەگرت لەشێوەی چەند گرووپێکدا، هەموویشیان دەستگیرکراون و ئێستا لە زیندان دان.
سەبارەت به و کەسانەی کە پێشتر خەڵکیان کشتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراون تاریق نووری ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەکانی ڕابردوو چەند تاوانێکی کوشتن لە هەولێر ڕوویانداوە، بکوژەکان لە شەقامەکان دەسوڕانەوە، بەڵام له و هەڵمەتەی بۆ دەستگیر کردنی تاوانباران دەستی پێکردووە زۆربەی ئه و بکوژانە دەستگیر کراون. پێنجشەممەش 9ی ئاب، دوو بکوژ دەستگیر کران، لەهەمانکاتدا ئاسایش بە دوای ئه و کەسنەوەیە کە پێشتر تەقەیان کردووە، چونکە هەرکەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان تەقەی کردبێت دەستگیری دەکرێت.
بە وتەی بەرپرسی ئاسایشی هەولێر، هەر لەوماوەیەدا شەش قومارخانە لە هەولێر داخراون، ڕێگەش بە کەس نادرێت قومارخانە بکاتەوە و خاوەنی هەر شەش قومارخانەکەش دەستگیر کراون.[1]
#10-08-2018#