- سێکس تاوانبار نیە، درۆ تاوانبارە، درۆش تەنیا نەتیجەیە، تاوانباری سەرەکی کولتورە.
ئەوە خۆشەویستی نیە کە تاوانی سێکسمان پێ ئەکات، ئەوە چەپاندنە کە تاوانی درۆمان پێئەکات، درۆی شاردنەوەی سێکس لە پشتی خۆشەویستی یان لە پشتی زەواجەوەو ماڵەکردن لەگەڵیدا وەکو نەبوویەک، لەکاتێکا سێکس هەیەو شوێنی ئەو تەنیشت شتەکانی ترە نەک شاردنەوەی لەناویاندا.
- خۆشەوسیتی ڕاستەقینە، بە سێکس و بێ سێکسیش هەر ڕاستەقینەیە. خۆشەویستی درۆینە، بە سێکس و بێ سێکسیش هەر درۆینەیە. ئەوەی خۆشەویستی لەکەدار ئەکات درۆیە نەک سێکس، چونکە خۆشەویستی ڕاستگۆییەو سێکسیش هیچ لە ڕاستگۆیی ناکا، بەڵام درۆ بەتاڵی ئەکاتەوە.
- سێکس ڕاستگۆیە چونکە سروشتی تۆیە، خۆشەویستی ڕاستگۆیە چونکە سروشتی تۆیە، وەڵامدانەوەی سروشتی خۆشت تاوان نیە، ڕاستگۆیی و سروشتی و ئاساییە.
لەولاوە دژایەتیکردنی سروشتی خۆت، جگە لەوەی تاوانە، وەهم و درۆشە، چونکە تۆ دوای دژایەتییەکەش، هێشتا هەر لەسەر سروشتی خۆتی، بەڵام ئیتر بە ناهاوسەنگیی!
تاوانە، چونکە سروشتی ئێمە بوونی ئێمەیە، لێدان لێ ی ئینتیحارو ئینقیرازە.
- لە خۆشەویستی ڕاستەقینەدا دوو ئیرادەی ڕاستەقینە هەیە، عاشقان ئیرادەی یەکتریان خۆشئەوێ و یەکتری ناچارناکەن، ناچارکردن بەزاندنی سنوری عیشقە!
لە عیشقا تەنیا ئەو شتە هەڵەیە کە یەکێکیان نایەوێ، هەر شتێک هەردوکیان بیانەوێ ڕاستە.
- سێکس تاوان نیە، ئازادی فەردە، ئازادیش ڕەها نیەو سنوردارە، تۆ لەوەدا ئازادنیت کە سنورت نەبێ، لەوەدا ئازادیت کە ئیتر سنورەکە خۆت دیاریی بکەیت نەک جەبری کۆمەڵگا.
پابەندی ناچاریی درۆو نیفاق دروست ئەکات، خوداش ڕاستەو عیشقیش ڕاستەو مرۆڤیش بۆئەوەی ڕاست بێت، ئەبێ ئازادبێ و ئیرادەو ئیختیاری هەبێت، بۆئەوەی ناچار نەبێ درۆ بکات!
عیشق و ئازادی یەکێکن، درۆو ناچارییش یەکێکن.
- ئازادی فەرد بەرەڵایی نیە، چەپاندن بەرەڵاییە.
ئاخر لە چەپاندندا تۆ سێکس کۆنترۆڵ ناکەیت، ئەو عەقڵت داگیرئەکات ئەکات، لە غیابی عەقڵیشدا، ئیتر تۆ ناتوانی سنوری ئەخلاقیی بۆ خۆت دانێیت، یەعنی شتەکە بێ عەقڵییە بۆیە بێ ئەخلاقییە!
جا ئەو ئاڕاستانەی کە بە چەپاندن ڕووبەڕووی بێئەخلاقی ئەبنەوە، بێ ئەوەی بزانن بێئەخلاقی بەرهەمئەهێنن، چونکە چەپاندن عەقڵ ئەوەستێنێ و بێئەخلاقییەکیش هەبێ لەو بێ عەقڵییەدایە.
- سێکس لادان نیە، ناسێکس لادانە، ناسێکس ڕێک بەقەت نانانخواردن لادان و نائاساییە!
سێکس بابەتی جوانی و ناشرینی نیە، وەکچۆن نانخواردن بابەتی جوانی و ناشرینی نیە. ناشرینکردنی سێکسیش، ناچێتەوە سەر ناسێکس، چونکە دۆخی ناسێکس ئەسڵەن بوونی نیە.
شەیتاندنی سێکس تەنیا ئەچێتەوە سەر دۆخێکی نائاسایی و ناهاوسەنگ و نائینسانیی سێکس، ئەوەشی کە خراپە ئەم دۆخەی سێکسە نەک سێکس خۆی!
شەیتاندنی سێکس (سێکسی موقەنەع) دروست ئەکات، ئەوەی کە لادانە ئەم سێکسەیە، نەک سێکسێک کە لە چوارچێوەی ئازادی تاکدا ڕێکخراوە.
- شوێنی سێکس خۆشەویستییە نەک زەواج، چونکە خۆشەویستی فراوانترەو زەواجیش ئەگرێتەوە، بەڵام زەواج شەرت نیە خۆشەویستی بێت!
بۆ ئەوەی زەواج ببێتە شوێنێکی شیاو بۆ سێکس، ئەبێ سەرەتا ببێتەوە بە شوێنی خۆشەویستی. تەنیا ئازادییش ئەتوانێ ماڵ بکاتەوە بە شوێنی خۆشەویستی، چونکە لە ئازادیدا ئیرادە هەیەو لە خۆشەویستیشدا ئەبێ ئیرادە هەبێت.
لە ئازادیدا دوو مرۆڤ خۆیان بڕیارئەدەن پێکەوەبژین یان کۆتایی پێبێنن، بێ ئەوەی پێویست بکا درۆو خیانەت بکەن، درۆو خیانەت لە ئازادیدا ناکرێن لە ناچاریدا ئەکرێن!
- تا خێزان لە جەبری کۆمەڵگا وەرنەگرینەوەو نەیدەین بە ئازادی تاک، ماڵ هەر شوێنی نائاسودەیی و ناخۆشەوسیتییەو هەر مەکینەی بەرهەمهێنانی لادانیشە، لادانەکەش پێش ئەوەی سێکسی دەرەوەی خێزانبێت، درۆی ناو خێزانە[1].