#تافان حەمەخان# تەمەنی 28 ساڵە و زانکۆی #سلێمانی# بەشی زانستی کۆمپیوتەری تەواو کردووە، لەئێستادا خاوەنی کۆمپانیای (دیکۆروم)ە بۆ ڕاوێژکاری بازرگانی و دانانی پلانی مارکێتینگ و جێبەجێکردنی بۆ کۆمپانیاکان، ماوەی ساڵێک و چەند مانگێکە کۆمپانیاکەی دامەزراندووە.
$دامەزراندنی کۆمپانیای دیکۆروم بۆچی دەگەڕێتەوە؟$
دەمێک بوو ئارەزووی ئەوەی دەکرد کارێکی بزنس بکات، حەزی لەوە نەبوو لە دەزگایەکی حکومی ئیش بکات و خۆی ببەستێ بەحکومەتەوە، ئارەزووی ئەوەی دەکرد ئیشی خۆی هەبێت، هەر بۆیە چەند ساڵێک کاری لە کۆمپانیای ئەهلی دەکرد، پاشان زانی لەئیشی مارکێتینگدا باشە و خۆی لەکارەکەدا دۆزیوەتەوە و بۆ ماوەیەک ئیشی لەو بوارەدا کرد، ئیتر متمانەی بەخۆی پەیداکرد کە ئەگەر ئیشەکە هی خۆشی بێت، دەتوانێت بەڕێوەی بەرێت.
بڕیاریدا کۆمپانیایەک دابمەزرێنێت و هەموو چالاکییەکانی مارکێتینگ و خزمەتگوزارییەکانی مارکێتینگی تیادا بێت و سەرەتاش لە شاری سلێمانییەوە دەستیان پێکرد.
$سەبارەت بەو کارانەی کۆمپانیاکەی دەیکات؟$
خزمەتگوزارییەکانی مارکێتینگ پێشکەش بە کۆمپانیاکانی تر دەکات، ئیشی ڕاستەوخۆی ئەوان لەگەڵ کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکانە، واتە پلانی مارکێتینگ و ستراتیژی مارکێتینگ دادەنێن بۆ کۆمانیاکانی تر، هەروەها ئیشی ڕیکلامیان بۆ دەکەن وەک ڕیکلامی ڤیدیۆیی و بەڕێوەبردنی پەیجی کۆمپانیاکان لە سەر سۆشیاڵ میدیا کە پێیدەوترێت دیجیتاڵ مارکێتینگ.
لەئێستادا خوولی ڕاهێنان و بەرەوپێشچوونیان لەکۆمپانیاکە هەیە کە کارمەندەکانی کۆمپانیاکانی تر ڕاهێنان پێدەکەن لە بواری مارکێتینگ و فرۆشتن و ئەتەکیەتی ئیشکردن و زمانی جەستەدا.
کۆمپانیاکەی تافان لە ئێستادا ئۆفیسێکی تری لەشاری #هەولێر# کردووەتەوە، توانیویانە لە هەموو شارەکانی تری کوردستان و عێراق ئیش بکەن.
تافان دەڵێت: لەبەرئەوەی لەکوردستان کۆمپانیایەک نەبوو هەموو خزمەتگوزارییەکانی مارکێتینگ لە خۆیدا کۆبکاتەوە، ئێمە هاتین ئەو کارەمان کرد کە هەم کاتیان بۆ دەگەڕێتەوە، هەم سەرئێشەش لەکۆڵ کۆمپانیاکان دەکاتەوە کە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک ئیش بکەن لەگەڵ یەک کۆمپانیا ئیش دەکەن.
$کێ پشتگیری لە تافان کرد؟$
پێش هەموو کەسێک دەبێت خۆت متمانەت بەخۆت بێت و خۆت ئەو ئیرادەیەت تیادا بێت کە بڵێیت دەبێت ئەم ئیشە بکەم، پاشان پشتگیری خێزان زۆر گرنگە، چونکە تۆ لەناو ئەو خێزانەدا دەژیت ناکرێت سترێسی ئەوەت لەسەر بێت کە خێزانەکەت پشتگیریت نەبێت، خێزانەکەم پشتگیری زۆریان کردووم لەکارەکانمدا بەتایبەت دایکم کە زۆر هاوکارێکی باش بووە بۆم.
$هیچ کارێک بەبێ ئاستەنگی نابێت:$
لەهەموو ئیشێکی گەورەدا دەبێت بەربەستت بێتە بەردەم ئەگەر نا سەرکەتوو نابیت، بۆیە دەبێت زۆر نەفەس درێژ بیت لەگەڵیدا.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/373010/0001.JPG=KTML_ImageCaption_Title=تافان=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=تافان=KTML_ImageCaption_End=
$چی لە پشت سەرکەوتنەکانی تافانەوە هەبوو؟$
تافان لەبارەی سەرکەوتن لە کارەکەیدا دەڵێت: هۆکاری سەرکەوتنم لە کارەکەمدا پێداگری و بەردەوامیی و ئارامگرتن بووە هەروەها فێربوونی بەردەوامی خۆشم، واتە بەردەوامبیت لەوەی بزانیت هەڵەی تۆ لەکوێدایە و چۆن هەوڵبدەیت باشتری بکەیت.
$تافان چۆن هانی خانمان دەدات لەهاتنە پێشەوەیان بۆ کارکردان؟$
پێش هەموو شتێک کچان دەبێت قاڵ ببنەوە لەو کارەی کەدەیانەوێت ئیشی تیادا بکەن، زانیاری وەربگرن و باش خۆیان فێر بکەن، چواردەوری خۆیان پاک بکەنەوە لەو کەسانەی نێگەتیڤن، هەمیشە باخەڵکی پۆزەتیڤیان لەدەور بێت، پێداگربن لەسەر هەر ئامانجێک کە هەیانە و کۆڵ نەدەن، ئەگەر بەربەستێک هاتە بەردەمیان بەسەریا سەربکەون ئەگەر جارێک شکستیان هێنا کۆڵنەدەن، چەندەها دەرفەتی تر هەیە کە دەتوانیت بەسەریدا سەرکەویت و ئامانجەکەی خۆتی پێ بپێکیت. [1]