داستانی دابان هەلاج
35 سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا (2020) لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ #14-02-1985#، داستانی دابان -هەلاج...
ئەم بابەتە بە سوپاسەوە لە ئەکاونتی کاک مەحمودی حاجی عومەر (بیکەیسی) وەرگیراوە،
ئەگەر تۆزێک بگەڕێمە دواوە بۆ ئەو سەردەمەی کە بارەگای مەڵبەندی یەکی هێزی پێشمەرگە نزیکەی دوو مانگێک بوو لە گوندی #سیتەک#ەوە گوێزرابووەوە بۆ گوندی (شوکێ) ی شارباژێڕ، نزیک لە دامێنی شاخی کوڕەکاژاو، بەری حاجی مامەند...
زستانێکی تا بڵێی سەخت و بەفرانبار بوو. سەرەتای مانگی شوباتی ئەو ساڵە (1985) تەنیا سێ حەفتەیەک لە دوای شەهید بوونی مامە ڕیشەو هاوڕێکانی بوو بە بڕیاری سەرکردایەتی شۆڕش هێزەکانی مەڵبەندی یەکی پێشمەرگە کە خوالێخۆشبوو کاک #جەبار فەرمان# لێپرسراوی بوو، کاک #سامان #گەرمیان#ی#ش جێگری بوو بەرەو دۆڵی جافایەتی جوڵێنران. هێزەکە بە دووسێ بەش گەیشتینە شوێنی مەبەست. بیرمە ئێمە لە گوندی (گورگەیەر) ی شارباژێڕ لە ڕۆژی 06-02-1985 بە چەمی #تەگەران# دا پەڕینەوە بۆ مارە ڕەش و سیرەمێرگ و لەوێشەوە بۆ گاپیڵۆن و مالومە. بەدەم جەولەو بە دووسێ ڕۆژێک گەیشتینە بەرگەڵو. تازە بارەگاکانی ناوەندی کۆمەڵە جەنابی کاک نەوشیروان و ناوەندی شۆڕشگێران و بارەگای ئێزگەی ڕادیۆی گەلی کوردستان لەبەری مەرگەوە گواسترابوونەوە ئەو دەڤەرە (سەرکەڵو، بەرگەڵو) ..
دوای یەک دوو ڕۆژێک لەوێشەوە حەرەکەتمان کرد بۆ گوندەکانی هەڵەدن و یاخسەمەر. تاکو هەموو هێزەکان بەتەواوی گەیشتن بە شوێنی دیاری کراو، وە ئامادەکاری تەواو بۆ ئەنجام دانی چالاکیەکی گەورە پێش سەر چلەی مامە ڕیشە و هاوڕێکانی. دەبوو چالاکیەک بێت کە بارتەقای غروریەتەکانی ڕژێمی بەعس و یەکەم گەورەترین چالاکی و داستان بێت وەکوو سەرەتای کۆتایی هێنان بە مفاوەزاتی بێ بەرهەم لەگەڵ حکومەتی بەعس..
پێویستە ئەوە بوترێت ئەو چەند ڕۆژە قوورساییەکەی زۆر کەوتە سەر دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی جافەتی. کە دەبوو شێرە ژنانی ئەو گوندانە خانەنشینی پلە داری شاخ بوونایە، نەک هەندێک ژنی تر کە یەک کڵاو وجامانەیان بۆ پێشمەرگەیەک نەشۆردووە کەچی هەر لە بەر ئەوەی لەبەر چاوانە ئێستا ئەوانەن ژنی شاخ و خانەنشینی پلە!.!.... بەداخەوە.
بەهەر حاڵ ئەوەبوو ڕۆژی 14-02-1985 هەموو هێزەکان لە گوندی هەڵەدن کۆبووینەوەو کاتژێر هەشت و نۆی شەو بە دەلیلی و چاوساغی کۆمەڵێ لە شارەزایانی ناوچەکە لە پێش هەموویانەوە شەهید غەریب هەڵەدنی و خوالێخۆشبوو کاک عوسمان گێچینەیی و مام عومەر باوکی مامۆستا ئەبوبکر هەڵەدنی کادێری ئێستای یەکگرتوو. وە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز کاک ملازم عومەر کە ئەو دەمە لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری بوو، وە خوا لێخۆشبوو کاک جەبار فرمان لە گوندی هەڵەدنەوە قەدبڕ بۆ سەر شاخی دابان سەرکەوتین. لەولاشەوە بەشێک لە هێزەکانی مەڵبەندی دوو بە سەرپەرشتی کاک قادری حاجی عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵوو بۆ زنجیرە شاخی هەلاج سەرکەوتن. ئەڵبەتە بۆ ڕێگری کردن لە هەر هێزێکی دوژمن کە لە #سلێمانی# یاخود لە شارۆچکەی دوکان و سەربازگەکانی سوسێ وە بێن، هێزێکی تۆکمەی باش لە بەشێک لە تیپەکانی مەڵبەندی دوو بەتایبەت لەتیپەکانی23ی سوورداش و 25ی خاڵخاڵان لە حاجی تان و سەر جادەی گشتی سلێمانی- دوکان وەکوو کەمین و ڕێگری لە دوژمن دامەزرابوون.
ئێمە بە هەورازی شەختە و پڕ بەستەڵەکی بەفراویدا لە هەڵەدنەوە سەرکەوتین، کاتژمێر 3 سێ ونیوی شەو گەیشتینە سەر شاخی دابان و نزیک لە ئامانجەکانی خۆمان. کاتژمێری سفری دەست پێکردنی شەڕەکە کاژێر 4 و پێنج خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی 15-02-1985 بوو. وە یەکەم تەقەو دەست پێکردن بە تیپی 53ی شێروانە سپێردرا بوو کە ئەو دەمە بەڕێز کاک عادیل شکور سەرتیپ ی بوو. وە سەختترین خاڵ وڕەبیەشیان بۆ دانرابوو کە سەر لوتکەی چیای دابان بوو. یەکەم شەهید و کلیلی کردنەوەی ڕێگای سەرکەوتن فەرماندەی مەفرەزە و پیاوی دلێر:کاکە ئیسماعیل عەترە برای کاک ئەیوب مامی عەبدوڵڵای ملا نوری بوو. ئەوەبوو لە کات و ساتی دیاری کراوی خۆیداو لەگەڵ نرکەی یەکەم R، B، G ئار بی جیەکەی سەر شانی ئەو، تەقە لە هەموو قۆڵەکانەوە دەستی پێکرد و کەمتر لەوەی تەوەقع دەکرا هەموو سەر شاخ و بەرزاییەکان بە سەرجەم ڕەبیەکانیەوە گیران...
پێش کاژێر 10 دەی بەیانی ڕۆژی 2/15 گەیشتینە ناو دێ ی شەدەڵە. بە بێ هیچ پێخۆرییەکی ئەوتۆ پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە واتا 2/15 پێشمەرگە هێرشێکی تری فراوانی دەست پێکرد بۆ گرتنی مقەڕی سریەو مقەڕی فەوجی نێوان شەدەڵە و سوورداش و ڕەبیەکانی دەوروبەری. ڕاستە ئەو هێزەی سەر جادەی گشتی سلێمانی، دوکان دوای مقاوەمەت و شەڕێکی سەختی دەستەو یەخە و شەهید بوونی چەند پێشمەرگەیەک. ئەوەبوو سوپای ئێراق بە پشتیوانی هیلیکۆپتەر و تۆپی دوور هاوێژ بە هانای مقەڕی فەوجی و لیوای جەیشی شعبی بەوە هاتن. تاکو نیوە شەوی ئەو ڕۆژەش شەڕ لە خوار گوندی شەدەڵەوە بەردەوام بوو. کە بەداخەوە ئێوارەی ئەو ڕۆژە یەک لەو شەهیدە زۆر قارەمانانە کە پێکەوە بووین والی باریکەیی بوو کە جێگری کەرتی دووی تانجەرۆ، تیپی 55ی قەرەداغ بوو لە کاتی هێرش بردن لە بن یەک لە ڕەبیەکانی مقەڕ فەوجەکەی خوار شەدەڵە شەهید بوو. دوای گرتنی ئەو چەند ڕەبیە ئەوەبوو شەوەکەی بە دەستکەوت و دیلێکی زۆرە وە گەڕاینەوە گوندی سەرگەڵو. ئەو شەوە بە بێ پشوو دان زۆرێک لە پێشمەرگەکان سەرقاڵی شۆردنی تەرمی هاوسەنگەرەکانمان بووین لە مزگەوتەکەی سەرگەڵوو..
ئەڵبەت چالاکیەکی کەموێنەی وەک ئەو داستانی دابان هەلاجە بە بێ باج و بە بێ خوێن تۆمار ناکرێت. بەداخەوە کە لە ئێستادا دوای ئەوەندە ساڵ ناوی تەواوی شەهیدەکانم لە بیر نییە جگە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆمان لەوانە: شەهید ئیسماعیل عەترە فەرماندەی مەفرەزە لە تیپی 53ی شێروانە کە یەکەم شەهیدی ئەو داستانەو لە کاژێر چوارونیوی بەیانی لەسەر لوتکەی دابان بوو بە یەکەم شەهید. وە مام والی باریکەییش لەگەڵ خۆراوا بوون وابزانم بوو بە دوا شەهیدی ئەو داستانە. لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانی تر لە تیپە جیاجیاکانی هەردوو مەڵبەندی یەک و دوو...
ماوەتەوە بڵێم لە یادی 35 سی وپێنج ساڵەی شەهید بوونیان دا ئەم پەیڤە لەگەڵ هەزاران درووود بۆ ڕۆحی پاکتان ئەی شەهیدە ڕاستەقینەکانی کورد کوردستان. [1]