دۆخی ژنە گیراوی سیاسی کورد #زەینەب جەلالیان# لە زیندانی قەرچەل لە ئێران خرابە وژیانی لە مەترسیدایه.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، حکومەتی ئەم وڵاتە ڕووبەروی ڕەخنەی تووند بوتەوە بە هۆی کەمتەرخەمیەکانی بەرامبەر پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا.
بە پێ ئامارە فەرمیەکان ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێران 171 هەزاری تێپەراندووە، و ژمارەی گیانلەدەستدان بەو ڤایرۆسەش هەشت هەزاری تێپەراندووە، وتەنیا لە 24 کاتژمێردا 72 تووشبووی ئەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە زندانەکانی ئێران تا دەچێت ڤیرۆسی کۆرۆنا بڵاوتر دەبێتەوە و تەشەنە دەکات و بووەتە مەترسییەکی جدی بۆ لە ناو بردنی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا.
سەرباری ئەوەی کە بە پێ ڕاگەیندراوەکانی ئێران بە هۆی کۆرۆنا دەیان هەزار زیندانیی لێبوردنیان بۆ دەرکرابوو، یان مۆڵەتی چوونە دەرەوە لە زیندانیان پێدرابوون، بەڵام ئەم لێبوردنە سەدان زیندانیی سیاسیی لێ بێبەشکراوە و ئەوەش نیگەرانیی لێکەوتوەتەوە.
ژنە گیراوی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان کە ماوەی 13 ساڵە لە زندانەکانی ئێران ڕاگیراوە له و کەسانیە کە توشی ئەم پەتایە بووە. بە پێ زانیاریەکانی باوکی ئەلی جەلالیان ڕایگەیاندووە، کە کچەکەی لە زیندانی قەرچەک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، و کاربەدەستانی ئیتڵاعاتیش ڕێگەیان نەداوە ببرێتە نەخۆشخانەی دەرەوەی زندان.
ئاشکرایە کە ڕژێمی ئێران بە مەبەستی شکاندنی ئێرادەی ئازادیخوازی ژنان زەخت وگوشارەکانی بۆ سەر ژنان فراوانتر دەکات و تایبەت لە زندانەکان و بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ژن.، لە ئێستادا بە هۆی فیرۆسی کۆرۆنا مەترسیەکان بۆ سەر ژیانی زنیاندانی سیاسی ژن زیاتر بووه و تایبەت ژنە گیراوی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان کە تووشی فیروسی کۆرۆنا کراوە.
لە بەر ئەوە پێویستە ئێمەی ژنان بەهەموو جورێک خاوەندارێ لە زندانیانی سیاسی ژن بکەین. هەر وەها، داوا لە هەموو، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران دژی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا بەتایبەتیش لە بەرامبەر دۆخی ژنە گیراوی سیاسی کورد زینەب جەلالیان، چونکە بێدەنگی دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی زەینەب جەلالیان و دەیان زندانی سیاسی دیکە کە لە زندانەکانی ئێران ڕاگیراون. هەروەها لە پێناوی پاراستنی ژیانیانیان داوای ئازادکردنی سەرجەم زندانیانی سیاسی و تایبەت زندانیان ژن دەکەین.[1]
#08-06-2020#