بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 3 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و 13 ژن خۆیان کوشتووە، 26 ژنیش خۆیان سووتاندووە، 35 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و 3 هەزار و 769 سکاڵاش لەلایەن ئافرەتانەوە تۆمار کراون.
لەکاتێکدا بەپێی هەمان ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2019دا 22 ژن کوژرابوون، 32 ئافرەت خۆیان کوشتبوو، 58 ژن خۆیان سووتاندبوو، 47 ئافرەت دەستدرێژی سێکسیان کرابووە سەر و 4 هەزار و 972 ئافرەتیش سکاڵایان تۆمار کردبوو.
لە ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزاندا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە شەش مانگی یەکەم ئەمساڵدا زۆرترین ئافرەت لە #هەولێر# سکاڵایان تۆمارکردووە کە هەزار و 287 سکاڵا بووە، دواتر #دهۆک# 981 سکاڵا، #سلێمانی# 925 سکاڵا، #گەرمیان# 323، ڕاپەڕین 162 و #سۆران#یش 91 سکاڵا تۆمار کراون.
لەبارەی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتانیشەوە لەماوەی ئەم شەش مانگەدا، تەنیا یەک ئافرەت لە هەولێر و دوو ئافرەتئش لە دهۆک کوژراون.
لە هەولێر 3 ئافرەت خۆیان کوشتووە و 9 ئافرەتیش خۆیان سووتاندووە، لە دهۆک 7 ژن خۆیان کوشتووە و 11 ژنیش خۆیان سووتاندووە. لە سلێمانی دوو ژن خۆیان سووتاندووە، لە ڕاپەڕین ژنێک خۆی کوشتووە و یەکێکیش خۆی سووتاندووە، لە سۆران 2 ئافرەت خۆیان کوشتووە و 3 ژنیش خۆیان سووتاندووە، بەڵام لە گەرمیان هیچ حاڵەتێکی خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان تۆمار نەکراوە.
سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی، هەولێر لە پلەی یەکەمدایە و 14 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون، لە دهۆک 11 حاڵەت، لە سلێمانی 7 حاڵەت و لە سۆرانیش 3 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پێیوایە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر کارکردنی کارمەند و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، هەروەها هێڵی گەرمی (119) تایبەت بە ڕاوێژی یاسایی و دەروونی بەرێوەبەرایەتییەکە، لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی تووندوتیژیەکانن دژی ئافرەتان.[1]