ئەوانەی بە پێوە دەمرن
نوسينی : شێرزاد شێخانی
حەمه شێت مرد، هەموو شار بۆی گريا.. کسۆک مرد، شار ماتەمی گێڕا.. مەمەد مرد، بەقەدەر ليکاوەکەی دەميەوە هەولێر فرمێسکی ڕشت.. عەمۆ جەليل مرد، ئەخباری دونيا لەشار بڕا.. خانەقين مرد، هەولێر کۆستی کەوت.. چونکە :
ئەو انە پەپولەکانی شار بوون..
سەيد سەليم، مام نادر، ئەمين قاوەچی، تاقی بابا، سەليم قاقا، کاکۆ قەساب، مەمۆ خەليل، ئەبو صەباح، ئەوانە مردن هەولێر ئۆجاغی کوێر بوو، چونکە :
ئەوانە ڕەمزە جوانەکانی شار بوون..
رەشاد موفتی عزەدبن مەلا ئەفەندی وشێخ فەتاح و شەمسەدين موفتی، عزەدين فەيزی، عومەر ساقی، عەزيز خاکی، صديق يونس، ميدحەت محمد سەفوەت، ئەحمەد ئاکۆ، جەلال خەليل، عادل سەليم، حەوێز کۆيی، جەمال شەشخان، تەلعەت موشير، نازم سەعيد، حاکم ڕەشيد، کانەبی دزەيی، ابراهيم شەريف، خالص شيخ جەواد، شيخ ڕەئوف بەرزەنجی، سەيد کەمال، موسا عبدالصمد، عەزيز مەولود، حەننا عبدالاحد، جابر پيرداود، ئەوانە کە مردن شار وێران بوو، چونکه :
ئەو انە ڕابەڕانی ناو کۆمەڵگەی هەولێر بوون.
تەها بەزاز و حاجی ناميق وحەيدەرە کەچەل و حاجی حيکمەت و حاجی ياسين و مام ساڵ وئيبۆ بەربەر و عەبدولەتيف تەسجيلات وعەبدۆک فيتەر و کاکەی جامچی(خودا تەمەنی درێژ بکات) و نەصرەت حەلاق وغولام خەيات و جەليل خەيات و سەيد سەعيد دامرچی وقادر حەمبال و خەتاب بەناو صەلاح قەساب و عزەت قەساب، کە ئەوانە مردن شار بێکەس مايەوە چونکە :
ئەوانە مرۆڤە دەستپاک و خاوەن ويژدانەکانی شار بوون.
قەدەری خوای گەورەيە هەموومان دەمرين. بەڵام هەندێ کەس کە دەمرن خەڵک نەفرەت و نەعلەت لەگۆڕەکانيان دەکەن، هەندێکيش کە دەمرن شار خامۆش و ڕەشپۆش دەکەن، ئەويش ئەوانەن کە بە پێوە دەمرن، هەر بەپێوەش دەمێننەوە.
کێ دەيزانی ئه و سەردەمەی شەڕمان بە کسۆکی دەفرۆشت وتووڕەمان دەکرد دەستی خۆی بگەزی، ڕۆژەک دادێ، هۆن هۆن فرمێسکی لۆ دەڕێژين !
کێ دەيزانی ئه و کەرپوچانەی حەسەن پەنجاوپێنج لێمانی دەگرت، ڕۆژەک دادێ، حەز دەکەين بە تەپڵی سەرمان بکەوی !
کێ دەيزانی ئه و عارەبانە درێژەی مەمەد کە باراشی پێدەبردە ئاشی، ڕۆژەک دادێ، حەز دەکەين لەژێر سێبەری ئه و عارەبانەيەدا هەناسەيەکی ئارامی هەڵکێشين !
ئەگەر هەولێر مۆزەخانەيەکی وەکو لۆڤەری هەبوايە دەبوو:
- هەموو پارچە ئاسنەکانی خارە حەمەی تێدا هەڵگرين بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
- ديشداشە موقەلەمه ڕەساسييەکەی کسۆکمان هەڵبگرتبايە وبمانکردبا بە ئاڵايەک و لەسەر قەڵادا هەڵمانواسيبايە.
- ڕاديۆ دوو مەوجەکەی عەمۆ جەليل و، جلکە عەسکەرييەکەی چورچە و، ڕەسمەکەی ستالينی سەر سينگی مام صالح گێسکفرۆش و، شيشەکەی دەستی هەياسە شێت و، تەڕبوشەکەی صەباغ الموئەدەب و، خاکەناسەکەی دەستی خانەقين و، کاسکێتەکەی پيرباڵ مەحمود و، کراسە سپييە نيو قۆڵەکەی مەحمود زامدار و، کلێتە نارنجييەکەی مام فاروقی مەکتەبەی عەسکەری و، ملپێچەکەی فەريد زامدار و، مێزەرەکەی سەری سەليم قاقاو، کڵاوەکەی سەری کەمال عەيشی و، پەستەگەکەی حاجی کانەبی و، جێبەکەی مام سابيری خەتی کوران، عەينەکی مام پۆڵصی صەيدليە شيمال و، بۆينباخەکەی دکتور عبدالرزاق دەباغ و، عەگاڵەکەی سەيد ئيسماعيل نعيمی و، شمشێرەکەی دەستی سەيد محيەدين.. ئەوانە حەمووی سامانی ميللەتی هەولێر بوون دەبايە لە مۆزەخانەيەکی نەتەوەييدا وەکی بيلبيلەی چاومان بمانپارێزبايە. چونکە ئەوانە لەلای هەولێريە ڕەسەنەکان لە ئاسەواری ميسر و تابلۆی مۆناليزاش بەنرختر بوون، بەتايبەت لەلای ئه و کەسانەی کە هەولێريان خۆش دەوێ[1]